راپۆرتی/ ئیبراهیم قامیشلۆیی
داواكاری بەپەلە لە خەڵکی خێرخواز و نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەین كه بە هانای ئاوارەکانی شه‌هبا و عەفرینه‌وه بێن و ده‌ستی هاوکارییان بۆ درێژ بكه‌ن
به‌هۆی داگیركردنی پارێزگای حه‌له‌به‌وه هەزاران هاووڵاتی هه‌رێمی شه‌هبا و پەنابەرانی عه‌فرین له کەمپەکانی شەهبا، دەستیان کردووە بەکۆچکردن بۆ گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب و زێدی خۆیان له‌عه‌فرین، هاوكات به‌شی گه‌وره‌تریش بەرەو تەبقە و ره‌ققه و ناوچەکانی ژێر ئیدارەی خۆسەر لەرۆژئاوای کوردستان رۆیشتوون.
عومه‌ر شێخمووس، به‌رپرسی نووسینگه‌ی په‌نابه‌ران و كۆچبه‌ران، له قامیشلۆ به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: به‌هۆی هێرشی له‌ناكاوی بەرەی ته‌حریر شام، بۆ سەر پارێزگای حەلەب و هه‌رێمی شەهبا و شاری تەلڕەفعەت، لەئێستادا رۆژئاوای کوردستان به‌هۆی شه‌ڕ و كۆچی كۆچبه‌رانه‌وه له‌بارێكی نائاسایی دایه. هه‌روه‌ها کاروانی کۆچبەران لە کانتۆنی شەهباوە بۆ زێدی خۆیان له ناوچەکانی عه‌فرین و ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئیداره‌ی خۆسه‌ر دەستی پێکردووە.
وتیشی: دوو ناوه‌ندی پێشوازیمان هەیە لە رەققە و تەبقە بۆ ئاوارەکانی شەهبا و تەلڕەفعەت و عه‌فرین. تا ئێستا هەزاران خێزان ده‌ربازی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بوون و ناو‌و ناسنامه‌کانیان تۆماردەکرێت، بەڵام ژمارەی پەنابەران زۆرەو له توانای ئێمه‌دا نییە، هه‌روه‌ها هاوکارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش سنووردارە. هاوکارییه‌كانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش تەنها لەرێگەی شامه‌وە دێت، ئەمەش کاتێکی زیاتری پێدەچێت. بەڕاستی گەلەکەمان لەکارەساتێکی مرۆیی گه‌وره‌دایه.
خەڵکی عەفرین و شەهبا هاوکار و پشتیوانی یەکترن
شێخمووس له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: ئێمە وەک نووسینگه‌ی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان، ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی شەهبا و پارێزگای حەلەب و دابەشکردنیان بەسەر کەمپ و گوند‌و شارەکانی رۆژئاوای کوردستان بەگشتی. بەڕاستی خەڵکی عەفرین و شەهبا به‌درێژایی مێژوو هاوکارو پشتیوانی پارچەکانی دیكه‌ی کوردستانیان کردووەو قوربانییان بۆ داوە. ئەمڕۆ له دۆخێکی سەخت و نائاساییدا تێدەپەڕن و پێویستیان بە هاوکاریی هەموو برا کوردێكه لەباشورو باکورو رۆژهەڵاتی كوردستان و جیهان.
باسیشی له‌وه‌كرد، پێویستە پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی كوردستان بەهانای گەلەکەیانەوە بێن، چونكه یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی جیهانیش بێدەنگن لە بەرامبەر رەوشی کورد و شاڵاوی كۆچبه‌ری كوردان لە رۆژئاوای كوردستان، بۆیە پێویستە نەتەوەی کورد لەم کاتە هەستیارەدا بەرۆحی نەتەوەییه‌وه پشتیوانی یەکتر بکەن و دەستی هاوکاری و یارمه‌تیدان بۆ براکانیان درێژ بکەن لە هەر ناوچەیەکی کوردستان کە ستەمیان لێ دەکرێت.
هه‌روه‌ها وتی: لەڕووی خوێندن و خزمەتگوزاریی و پاراستنی ئاوارەکان، ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر، کە لە ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بۆیان جێبەجێدەکرێت و زیاتر لە هاوڵاتیانی تر خزمەتیان دەکرێن، چونکە زۆربەی ئاوارەکانی شەهبا خەڵکی عەفرینن و سته‌م و چەوساندنەوەیەکی زۆریان بینیوه. ئەوان به‌رده‌وام لەسه‌ر ماڵوحاڵ و زێدی خۆیان ئاوارە بوون، ئێستا بۆ جاری دووەم ئاوارەبوونەتەوە.
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا، كه داواكاری بەپەلە لە خەڵکی خێرخواز و نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەین كه بە هانای ئاوارەکانی شه‌هبا و عەفرینه‌وه بێن و ده‌ستی هاوکارییان بۆ درێژ بكه‌ن، چونکە لە دۆخێکی زۆر سەختدا ده‌ژین و پێویستیان بە یارمەتیدانی ئێوه هەیە. هه‌روه‌ها ئەمه کارەساتێكی مرۆییەو گه‌له‌كه‌مان پێویستیی بەوەیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێنە سەر خەت بۆ كۆمه‌كردن و پاڵپشتیکردنی مافەکانی خەڵکی سڤیل، چونكه ساڵانێكی زۆره هەزاران کەس لە رۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی سەختدا دەژین و بەردەوام لەژێر هەڕەشەو هێرشی گروپە چەکدارەکانی سوریادان.
هاوکات دوای داگیرکردنی پارێزگای حەلەب لەلایەن چه‌كدارانی تەحریر شامه‌وه، هه‌رێمی شەهباو شاری تەلڕەفعه‌ت لەگەڵ شەش گوندی شێراوای ناوچه‌ی عەفرین، بەپێی رێککەوتنێک بە تەواوی کەوتنە دەستی چەکدارانی تەحریر شام.هه‌روه‌ها نزیكه‌ی دووسه‌د هەزار هاووڵاتی لە هه‌رێمی شه‌هبای خۆڕهه‌ڵاتی چه‌می رووباری فورات ئاوارەبوون، بۆ ناوچەكانی تری ئیداره‌ی خۆسه‌ری باكورو خۆڕهه‌ڵاتی سوریا. هاوكات کوردێکی ئێزیدی لەشارۆچكه‌ی تەلڕەفعەت، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان لەگوندی قەتل جند و به‌هۆی ته‌قه‌ی چه‌كداره‌كانی عه‌فرینه‌وه، گیانی لەدەستدا و خێزانه‌کەشی بە سەختی بریندار بوو.
جوگرافیای شەهبا
شایه‌نی باسه، له‌دوای داگیركردنی عه‌فرین له ساڵی 2018، هه‌رێمی شەهبا جوگرافیایه‌كی بچووک و ئاڵۆزی پێکدەهێنا لە نێوان حەلەب و ئەعەزاز و عەفرین، شەهبا له رووی كارگێڕییه‌وه بەشێکە لە پارێزگای حەلەب، دەکەوێتە دووری 15 کیلۆمەتر لە باكووری شارەکەوە، هەرێمەکە له چوار ناحیه‌ی سه‌ره‌كی پێكهاتووه وه‌ك، (ته‌لڕه‌فعه‌ت - فافین - ئه‌حداس - ئه‌حره‌س)، تەلڕه‌فعەت گەورەترین شارۆچکەی هه‌رێمی شه‌هبایه. ژمارەی دانیشتووانی شەهبا به ئاوارەکانی عەفرینەوە، بە شێوەیەکی گشتی زیاتر لە 200 هەزار کەس بووه، لە سەرەتای ساڵی 2018 هەزاران کەس له خەڵکی عەفرین ناچاربوون لە هه‌رێمی شەهبا له پێنج کەمپی سەرەکی نیشتەجێ بن، کە دووانیان لە دیوی گونده‌كانی شێراوای ناوچه‌ی عه‌فرین بووه، لە هەر کەمپێکدا زیاتر لە 10 هەزار کەس دەژیان.
رووبەری گشتیی هه‌رێمی شەهبا نزیکەی 5000 هەزار کیلۆمەتر دووجایه و لەزیاتر 600 گوند وچەندین شارۆچکە و ناوچە پێکهاتووه، چه‌ندین ساڵ بوو، وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ لە دەرەوەی ئیدارەی کوردی‌دا بووه و ناوچەی جێ نفوزی روسیا بووه. هاوكات چه‌ندین ساڵ بوو بەپێی رێكەوتنێكی نێوان حكومەتی سوریا و ئیدارەی خۆسەر هاوكارییەكان لەژێر كۆنترۆڵی رژێمی حكومەتی سوریاوه دەگەیەنرانە ناوچە كوردنشینەكانی هه‌رێمی شەهبا، له دوای داگیرکردنی عەفرین و ده‌وروبه‌ری، كانتۆنی شەهبا بە تەواوی لە کانتۆنەکانی خۆڕهەڵاتی فوڕات دابڕا بوو.