نەرمین قادر، ئەستێرەی دیاری شانۆ و شاشە

08:36 - 2025-08-05
کوردستان
48 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ، ٥ی ئابی ٢٠٢٥، هونەرمەندی ناسراوی کورد، نەرمین قادر، کە بە نازناوی "رەحە چل دەم" ناسرابوو، دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا، لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا لە سلێمانی کۆچی دواییکرد. 

کۆچی دوایی ئەو خانمە ئەکتەرە کە زیاتر لە چوار دەیە لە بوارەکانی تراژیدیا و کۆمیدیادا خزمەتی کرد، خەمێکی قووڵی لەنێو هاووڵاتیان و هونەرمەنداندا دروستکرد.

نەرمین قادر لە ساڵی ١٩٦٢ لە سلێمانی لەدایکبووە. ژیانی سەرەتای پڕ بوو لە ئاستەنگ، کاتێک باوکی رێگر بوو لە خوێندنی، بەڵام ئەو بە نهێنی درێژەی بە خوێندن دا.
لە ساڵی ١٩٧٥ دەستی بە کاری هونەری کرد و لە سەرەتادا بە رۆڵە تراژیدییەکانی لەسەر شانۆ ناوبانگی دەرکرد، کە بە هۆیەوە فرمێسکی دەخستە چاوی بینەرانەوە.

وەرچەرخانی گەورە لە ژیانی هونەرییدا، بەشداریکردنی بوو لە "بەرنامەی بەرنامە". لەڕێگەی ئەم بەرنامە کۆمیدییە ڕەخنەگرەوە، ناوبانگی لە سەرتاسەری کوردستاندا بڵاوبووەوە و بووە یەکێک لە خۆشەویستترین ئەکتەرەکان. 
هەر لەوێش نازناوی "رەحە چل دەم"ی لێنرا، کە وەک خۆی ئاماژەی پێدابوو، یادگاریی مام جەلال بووە و هەمیشە شانازی پێوە دەکرد.

لە ژیانی تایبەتیشیدا، ژنێکی خاوەن هەڵوێست و بەهێز بوو؛ دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی لە ساڵی ١٩٩٤، بە تەنیا ئەرکی بەخێوکردنی کچ و کوڕەکەیی گرتە ئەستۆ.
 لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا، گرێیەکی شێرپەنجەیی لە مێشکیدا تووشی ئازارێکی زۆری کردبوو، تا دواجار ئەمڕۆ دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی کرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان