مستەفا محەمەد
راپەڕین وەک ئیدارەیەکی سەربەخۆ، پێگەی سەرەکیی ململانێی دیموکراسی بوو کە تەنها لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانی متمانەی زۆرینەی جەماوەری دەنگدەری ئەم دەڤەرە بەدەستبهێنێت و بە ژمارەیەکی ئاسودەبەخشی زیاتر لە 70 هەزار دەنگەوە وەک لایەنێکی سەرکەوتوو ئەنجامەکان بچنێتەوە.
ئەم دەنگدانە بەواتای ئاوێتەبوونەوەی جەماوەری ئەو ناوچانە بوو لەگەڵ کار و بەرنامەی یەکێتی، بەتایبەت کە ئەم جارە هەم بەڵێنەکان بۆ دەڤەرەکە زەمینەی جێبەجێکردنیان واقیعی و هەمیش حزوری هەڤاڵ «قوباد تاڵەبانی» وەک سەرپەرشیاری زۆن و تەواوی بازنەکان، کاراکتەرێکی خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوەی متمانەی جەماوەری دەڤەرەکەی بۆ ئاستێکی باڵا هەڵکشاند.
یەکێک لە داواکانی هاووڵاتیان کە لە بازنەکانەوە بەرزدەکرانەوە و بە دەنگێکی زوڵاڵ ئاراستەی هەڤاڵ «قوباد تاڵەبانی» وەک سەرپەرشتیاری راپەڕین دەکران بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، ئاوەدانکردنەوەی زیاتری دەڤەرەکە و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بوو لە رێگەی حکومەتی خۆجێییەوە، بۆ ئەمەش لە زۆرینەی کۆبوونەوەکاندا جەنابی کاک قوباد جەختی لە گەیاندنی دەستی ئاوەدانی زیاتر دەکردەوە کە لەڕووی لۆژیکییەوە جگە لە پاڵپشتیی بەڕێزیان و تیمەکەی لە حکومەتدا، هەروا گۆڕانکاریی لە پێکهاتە و بونیادی دامەزراوە حکومییەکانیشی بە پێویستییەکی حەتمی دەبینی.
ئێستا کە چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمین، هاوکات هاووڵاتیانی راپەڕینیش بە متمانەیەکی زۆرەوە لە یەکێتی دەخوازن کە زۆرێک لە پرۆژە ستراتیژییەکانی دەڤەرەکە کە بەنیوەناچڵ ماون بە پایان بگەیەنێ ، وە گۆڕانکاریی گەورە و ریشەییش بە چەند ئاراستەیەکدا بکات؛
ئاراستەیەک لەنێو هەناوی حزبدا بە ئامانجی وەگەڕخستنی توانای دڵسۆزانە لە نێو ئۆرگانەکاندا بخاتەڕێ.
ئاراستەیەکیش لە حکومەتدا کە هەم ماف و بەرکەوتەی ئەو دەڤەرە بپارێزێت لە پێدانی بەرپرسیارێتی شایان لەنێو کابینەکە و هەمیش بە کردەوە گۆڕانکاریی ریشەیی لە فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتییەکانی دەڤەرەکە بکات و چەند دامەزراوەیەکی تری چاودێریی و خزمەتهێن لە ئاستی راپەڕیندا بهێنێتە کایەوە، تا بتوانرێت ئەجێندای یەکێتی لەپێناوی خزمەتی گشتی وەک چۆن مەبەستە جێبەجێ بکرێت.
پێموایە ئێستا بەهەموو ئاراستەکان یەکێتی هەنگاوەکانی دەستپێکردووە و نەریتی دەستاودەستکردنی بەرپرسیارێتی خێراتر دەکات، کە بێگومان گۆڕانکارییەکانیش لە قازانجی جەماوەری راپەڕیندا لە نزیکترین دەرفەتدا بەجێ دەهێنێت.