سەرۆك كۆمار: كاربكرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمەلایەنە و دادپەروەرانە بۆ مەسەلەی فەلەستین

01:16 - 2025-03-05
عیراق
164 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، بەشداری لە دانیشتنی كردنەوەی لووتكەی بەپەلەی عەرەبی لە قاهیرە كرد بۆ تاوتوێكردنی پەرەسەندنەكانی كەرتی غەززە و خاكی فەلەستین.
لە كاتی گەیشتنی بۆ هۆڵی كۆنفرانس، لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری عەرەبیی میسرەوە پێشوازیی لێكرا.
لە دانیشتنی كردنەوەكەدا، فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی دیكە، یاوەری سەرۆك كۆمار بوون.
لەلایەكی دیكەوە، سەرۆك كۆمار لە لووتكەی نائاسایی عەرەبی لە قاهیرە، وتارێكی پێشكەشكرد.
هەروەها، سەرۆك كۆمار پێشوازیكرد لە مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین و وەفدی هاوڕێی، لەگەڵ جەنەراڵ جۆزێف عەون سەرۆكی لوبنان و وفدی هاوڕێیدا كۆبووەوە. 
سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین، جەختیانكردەوە كە مەسەلەی فەلەستین پێویستی بەوەیە كۆمەڵی نێودەوڵەتی و هێزە نێودەوڵەتییەكان كاربكەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمەلایەنە و دادپەروەرانە بۆ مەسەلەی فەلەستین.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك، نووسیویەتی: خۆشحاڵبووم كە لەگەڵ سەرۆك كۆماری عیراق بەڕێز د.لەتیف رەشید و وەزیری دەرەوەی عیراق بەڕێز فوئاد حسێن، شادبووم بە دیداری یەكێك لە دۆستە دێرینەكانی سەرۆك مام جەلال، بەڕێز مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستین.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان