خێزانێک بە هەڵبژاردن

ئەو درامایەی فێری خۆشەویستی خێزانمان دەکات

10:53 - 2025-04-17
ئەدەب و هونەر
77 جار خوێندراوەتەوە

رۆزا دڵشاد مەریوانی

ساڵی 2024 تەماشای ژمارەیەک لە زنجیرە درامای جوان و بەهێزم کردووە، بەڵام کاریگەرترین زنجیرە دراما کەسەیرم کردبێت و خوازیارم کەناڵەکانی خۆمان بە ژێرنووسی کوردییەوە بڵاویبکەنەوە، زنجیرە درامای کۆریای باشوور (Family by Choice- خێزانێک بە هەڵبژاردن)ە یە. زنجیرەکە لە 16 هەڵقە پێکهاتووە و هەر ساڵی پار لە کۆریا نمایشکرا. ئەم درامایە درامایەکی خێزانیی کاریگەرە و بێگومان وەک زۆربەی دراما کۆرییەکان شتێک لە کۆمیدیا و رۆمانسییەتی تێدایە. ئەوەی ئەم درامایەی جوانتر کردووە ئەوەیە کۆمەڵێک پاڵەوان لەخۆدەگرێت و بە یەکسانی چیرۆکە کاریگەرەکانیان دەگێڕێتەوە.
خێزانێک بە هەڵبژاردن، باس لە کاریگەریی خێزان دەکات لەسەر تاک و تاچەند باشی یان خراپی دایک و باوک منداڵ دەشکێنێت یان بەهێزی دەکات. سێ پاڵەوانی سەرەکیمان هەیە، دوو کوڕ و کچێک لەگەڵ دوو باوکی سەڵت کە یەکێکیان ژنەکەی مردووە و ئەوی دیکەیان رۆژێک ژنەکەی بەجێیان دەهێڵێت، بۆیە ئەم پێنج کەسە خێزانێک دروست دەکەن و پێکەوە دەژین و ئەوەی تەنیا کچێکی هەیە دەبێتە باوکی ئەو سێ منداڵە و وەک باوکی راستەقینەی خۆیان ئاگاداریان دەبێت و چەندین وانەی گرنگیان لەسەر ژیان و خۆشەویستی خێزان فێردەکات.
 جوانترین نواندن
رووداوەکان لەوێوە دەستپێدەکەن کاتێک پیاوێک کە بە رای من جوانترین نواندن پێشکەش دەکات و نموونەی باوکێکی باشە، ئەستێرەی بە ئەزموون (چۆی ون یۆنگ) رۆڵی دەگێڕێت، دوای کۆچی دوایی ژنەکەی بە تەنیا لەگەڵ کچە تاقانەکەیدا دەژی، بەڕێکەوت خێزانێکی دیکە دەبنە دراوسێیان، دواجار جگە لە کچەکەی دەبێتە باوکی دوو کوڕ، یەکێکیان منداڵێکی لاوازی ترساوە کە دایکی تاوانی مردنی خوشکەکەی دەخاتە ئەستۆ، ئەستێرەی کۆریا (هوانگ ئین یۆپ) رۆڵی دەگێڕێت، لەگەڵ ئەو کوڕەی لەپڕ دایکی دیارنامێنێت و هەمیشە هیوای ئەوە دەخوازێت باوکێکی باشی هەبێت، ئەمەیان ئەستێرەی تازە دەرکەوتوو (بای هیۆن سیۆنگ) رۆڵی دەگێڕێت، دوای دیارنەمانی دایکی ژیان دەرگای باشترین باوکی لەبەردەمدا دەکاتەوە، ئەم ئەکتەرە کۆمەڵێک دیمەنی کاریگەر پێشکەش دەکات کە بە راستی شایەنی تەماشاکردنن و چەندینجار بینەر دەهێنێتە گریان. بۆ نموونە لە گرتەیەکدا وادەزانێت ئەوەی 10 ساڵە وەک باوکی بەخێوی کردووە و گەورەی کردووە، رازییە دەستبەرداری بێت و بیداتەوە دەست باوکە راستەقینەکەی، لەوێدا و لە چەندین دیمەنی دیکەدا ئەو دوو ئەکتەرە جوانترین نواندن لەبارەی خۆشەویستی راستەقینەی نێوان باوک و کوڕەوە پێشکەش دەکەن. لە گرتەیەکی دیکەدا باوکەکە دوای ئەوەی چەندینجار خەڵکی پێیدەڵێن دەبێت منداڵەکانی سوپاسگوزاری بن لە وەڵامدا دەڵێت: «من سوپاسگوزاری ئەوانم لەبەرئەوەی باوکیانم، بووم بە پیاوێکی بەڕێز، تەنانەت تف ناکەمە سەر شەقام تەنیا بۆئەوەی خەڵکی لۆمەی منداڵەکانم نەکەن.»
وێنەی دایکێکی خراپ
لە هەمان کاتدا وێنەی دایکێکی خراپمان پیشان دەدات لەبری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی مردنی کچەکەی، بە درێژایی 20 ساڵ لۆمەی کوڕەکەی دەکات. هاوکات ئەوەمان پیشان دەدات قسەکانی دایک چەندە کاریگەرییان لەسەر منداڵ هەیە. لە گرتەیەکدا باوکی دڵنەوایی دەداتەوە و دەزانێت کوڕەکەشی لەسەر مردنی خوشکەکەی لۆمەی خۆی دەکات، پێی دەڵێت: «دەزانم ئەگەر قسەیەکت ئەوەندە پێبڵێنەوە لە کۆتاییدا باوەڕی پێدەکەیت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو کەسە دایکت بێت»، واتا ئەگەر دایک بەردەوام منداڵەکەی بشکێنێت یان تاوانباری بکات، لە کۆتاییدا باوەڕی پێدەکات، چونکە دواجار منداڵ وا دەزانێت دایک هەمیشە راستیی دەڵێت.
نموونەیەکی باش
رەنگە بوترێت هەموو نموونە باشەکان لەم درامایەدا باوکەکانن و دایکەکان خراپن، بێگومان نەخێر، چونکە ئەو دایکەی لەپڕ دیارنامێنێت دوای چەندین ساڵ دەردەکەوێتەوە و بینەر تێدەگات گەورەترین قوربانیی لە پێناو کوڕە تاقانەکەیدا پێشکەشکردووە. هەروەها باشترین بڕیاریداوە کاتێک کوڕەکەی لەلای باشترین باوک جێهێشتووە.
ئەم درامایە فێری خۆشەویستی خێزانمان دەکات، فێرمان دەکات پێزانینمان بۆ خێزانەکانمان هەبێت و بزانین جوانیی ژیان لە پەیوەندییە خێزانییەکاندایە. هەندێکجار کۆمەڵێك کۆدەبنەوە و وەک خێزانێک یەکتریان خۆشدەوێت و خەمخۆری یەکدەبن تەنانەت ئەگەر هیچ پەیوەندییەکی خوێنییان نەبێت.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان