گێچەڵکردن بە ژنانی کرێکار لە شوێنی کاردا

09:41 - 2025-05-01
ڕاپۆرت
25 جار خوێندراوەتەوە
هێڵی گەرمی كرێكاران بە ژمارە 5500 بەردەوام کراوەیە بۆ بەهاناوەچوونی کرێکاران

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


شەنگە دوای تەواوکردنی خوێندن، ماوەی ساڵێک بە دوای کاردا گەڕا، بۆئەوەی لەو بوارەی چوار ساڵ لە زانکۆ خوێندویەتی کاری دەستبکەوێت، بەڵام گێچەڵی بەڕێوەبەری کارەکەی وایکرد، پاش دوو مانگ بە بێدەنگی وازبهێنێت.
شەنگە کچێکی تەمەن 26 ساڵە، لە رێگەی پێشکەشکردنی (سی ڤی)یەوە لە کۆمپانیایەک کاری دەستکەوتووە و بۆ کوردستانی نوێ وتی: بەڕێوەبەرەکەم رۆژی چەند جارێک بانگی دەکردم بۆ ژوورەکەی خۆی، هەندێکجار بانگکردنەکە هیچ پەیوەندیی بە کارەکەمەوە نەبوو، دەیوت وەرە پشوویەک بدە و قاوەیەک بخۆرەوە، وایکردبوو سەرنجی هەموو کارمەندەکانم لەسەربێت، لە مەبەستی خراپی تێگەیشتم و لەپێناو پاراستنی کەسایەتیم وازم لە کارەکەم هێنا.
كاركردنی ژنان و كچان لە كۆمپانیا، مۆڵ و ماركێتەكان، لەم ساڵانەی دواییدا زۆر بووە، کارکردن بۆ هەندێکیان وەك سەرکێشیکردنە بە ژیان و كەسایەتییانەوە، ئەوان بۆ دەستكەوتنی بژێویی ژیانیان كار دەكەن، بەڵام هەندێكجار لەلایەن کەسانی سەروو خۆیان، یاخود خاوەن کارەکەیانەوە دەكرێنە ئامانج و دوور لە كار و پیشەكەیان گێچەڵیان پێ دەكرێت.
شەنگە دەڵێت: نامەی دەستلەکارکێشانەوەشم پێشکەش نەکرد، زۆر بێزار ببووم رۆژێک هاتمەوە ماڵەوە و بڕیارمدا ئیتر نەچمەوە، بەڕێوەبەرەکەم چەند تێلی بۆ کردم وەڵامم نەدایەوە.

 

لە كاتی هەر پێشێلكارییەكدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەتوانێت تەنیا بەرگری لەو كرێكارانە بكات، كە دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە

ناچارکردن لە دەرەوەی رێکارەکانی کار
سادەترین پێناسە بۆ كرێكار، هەر كەسێكە كە لە بەرامبەر كارێكدا بڕێک پارە وەردەگرێت بەبێ جیاوازی رەگەزیی.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە ماوەی رابردوودا دەیان حاڵەتی گێچەڵی سێکسی و دەستدرێژیش هەبووە بۆ سەر کرێکارانی ژن، بە تایبەت ئەو کرێکارە ژنانەی لەناو ماڵاندا کار دەکەن.
ناچارکردنی ژنان و کچان بە لەبەرکردنی جۆرێکی تایبەت لە جلوبەرگ، یاخود رێکخستنی قژ و ماکیاژ کردن بۆ سەرنجڕاکێشانی کڕیار، وەک ئەوەی بەشێک لە خاوەن کارەکان وەک پێدانی مەرجی کار دایدەنێن، دەچێتە چوارچێوەی ناچارکردن و گێچەڵ پێکردنەوە و بەپێی یاسا رێگەپێنەدراوە.
هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆكی سەندیكای كرێكاران بۆ کوردستانی نوێ وتی: بەپێی یاسا ناچاركردنی كرێكار بە لەبەركردنی جۆرە جلوبەرگێكی تایبەت دەبێت تەنها بۆ خۆپارێزی بێت لە كاتی كاركردن، جگە لەوە بۆ هەر مەبەستێكی دیکەبێت سەرپێچی یاسایە و كرێكارەكە دەتوانێت لە دادگای كار سكاڵا تۆمار بكات و سەندیكاش بەرگریی لێدەكات.

سزای گێچەڵی سێکسی
زۆرجار ئەو ژن و كچانەی لە شوێنی كار گێچەڵیان پێ دەكرێت یان ناچار دەكرێن بە شتێك كە پەیوەندیی بە كارەكەیانەوە نییە، لەبەر دۆخی كۆمەڵایەتییان، یاخود نەتوانینی سەلماندن لە دادگا لەبەرئەوەی هاوکارەکانیان لە ترسی دەرکردن یاخود هەر هۆکارێكی دیکە ناتوانن شایەتی بدەن لە کاتی سکاڵاکردن، بە بێدەنگی واز لە کارەکە دەهێنن.
شەنگە، کە نموونەیەکە لەو دەیان  کچ و ژنەی لە کاتی کارکردن گێچەڵیان پێدەکرێت، وازهێنان لە کاری هەڵبژارد بە بێدەنگی و وتی: بڕیاری وازهێنانم بۆ ماڵەوەمان وەک شۆکێک بوو، لەبەرئەوەی ئەوان دەیانزانی چەند پەرۆش بووم بۆ دەستکەوتنی کار، بۆئەوەی بتوانم کەمێک پاداشتیان بدەمەوە لەبەرئەوەی من لە زانکۆی ئەهلی خوێندم، بەڵام بۆ ئەوەی کێشە بۆ خێزانەکەم دروست نەکەم، جگە لە دایکم، هۆکاری وازهێنانم بە باوکم و براکانم نەوت.
بەپێی ماددەی 10 لە یاسای كاری عیراقی، هەراسانكردنی سێكسی لە دامەزراندن و شوێنی كاركردندا قەدەغەیە، لە كاتی گەڕان بۆ كار، راهێنان بۆ پیشەیەك، دامەزراندن یاخود وەک مەرجی پێدانی كار.
پارێزەر شۆخان ئەحمەد بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەپێی مادەی 402ـی یاسای سزادانی عیراقی، گێچەڵی سێكسی لە شوێنی كار بە وتن بێت یان ئاماژە یان دەستلێدان سزای هەیە، كە بەند كردنە بە شێوەیەک، ماوەكەی لە سێ مانگ زیاتر نەبێت یان پێ بژاردن كە بڕەكەی زیاتر نەبێت لە 300 هەزار دینار یاخود هەردووكیان.

بەپێی مادەی 402ـی یاسای سزادانی عیراقی، گێچەڵی سێكسی لە شوێنی كار بە وتن بێت یان ئاماژە یان دەستلێدان سزای هەیە


یاسا بەرکارەکانی پاراستنی مافەکانی کرێکار
لە هەرێمی كوردستان، یاسای كار ژمارە 71ـی ساڵی 1987 كە لە ماددە 80 تا 90ـی تایبەتە بە پاراستنی كرێكاری ژن و تازەپێگەیشتووان. هەروەها یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی ژمارە 39ـی ساڵی 1971 كە ساڵی 2012 لە پەرلەمانی كوردستان هەمواركراوەتەوە، دوو یاسای بەركارن تایبەت بە دیاریكردنی ئەرك و پاراستنی مافەكانی كرێكاران بە گشتی.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی وتی: لە كاتی هەر پێشێلكارییەكدا بەرامبەر کرێکاران، وەزارەت دەتوانێت تەنیا بەرگری لەو كرێكارانە بكات كە دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ كراوە، لەبەرئەوەی ژمارەیەکی کەم لە کرێکاران دەستەبەرییان هەیە لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر گرفتێکدا ئێمە ناتوانین وەک پێویست هاوکاریان بین.
پێویستە لە هەرێمی کوردستان، ئەرك و مافەكانی كرێكاران لە چوارچێوەی ئەو دوو یاسایەدا کاری لەسەر بکرێت، هەموو كرێكارێكیش دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ بكرێت، لەبەرئەوەی لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراودا بەرامبەریان، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بتوانێت بەرگرییان لێبكات، بەڵام بەشێك لە خاوەنكاران پابەندی جێبەجێكردنی یاساكانی كار نابن.

هێڵی گەرمی کرێکاران
وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی وتیشی: کەیسەکانی تایبەت بە گێچەڵ و دەستدرێژیکردنە سەر کرێکاری ژن، بۆ لێکۆڵینەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان دەکرێت و ئەوان بەدواداچوون بۆ هەر کەیسێکی لەو شێوەیە دەکەن.
هاوکات لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، هێڵی گەرمی كرێكاران بە ژمارە 5500، بە مەبەستی تۆمارکردن و بە دەمەوەچوونی کێشەکانی کرێکاران 24 سەعات كراوەیە، هەر كرێكارێك پەیوەندییان پێوە بكات كێشەكەی تۆمار دەكرێت و لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە بەدواداچوونی بۆ دەكرێت، کرێکاران دەتوانن لەکاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا کە لە شوێنی کار رووبەڕوویان دەبێتەوە، داوای هاوکاری بکەن.
بەپێی ئامارەكانی سەندیكای كرێكاران لە هەرێمی كوردستان، سێ هەزار و 740 كرێكاری ژن و كچی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق و بیانی لە شوێنە گشتییەكانی هەرێمدا كار دەكەن، بەڵام ژمارەی راستیی کرێکاران زۆر لەوە زیاترن و تۆمار نەکراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان