حەمەڕەئوف كەركوكی (ناڵەی دڵ) بڵاودەكاتەوە

10:23 - 2025-05-01
هەمەرەنگ
7 جار خوێندراوەتەوە

 هــونەرمەندی ناسراوی كوردستان حەمەڕەئوف كەركوكی، نوێترین گۆرانی خۆی بە ناوی (ناڵەی دڵ) بڵاودەكاتەوە.
حەمەڕەئوف كەركوكی بە دوالاپەڕی وت: ناڵەی دڵ نوێترین گۆرانی منە، ئێستا گۆرانییەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە، هەموو ئامێرەكان چوونەتە سەر گۆرانییەكە، تەنها ئامێری قانوون ماوە كە بخرێتە سەر گۆرانییەكە،  شیعرەكە هی شاعیری بۆكانی، كاوە داشبەندییە، ئاوازی گۆرانییەكە هی خۆمە، ئامادەكردنی میوزیك كاری هونەرمەند توانا خورشید-ە، كاری ریكۆرد و ماسترینگ لە (ستودیۆ لاوە) بە سەرپەرشتی هــونەرمەند عومەر عەبدوڵڵا كراوە و گۆرانییەكە بە بەشداری كۆمەڵێك ژەنیاری بەتوانا تۆمار كراوە.
وتیشی: لە جیهانی ئەمڕۆدا زۆربەی كارەكان بە سپۆنسەر دەكرێت، ئەگەر سپۆنسەرێك هەبێت ڤیدیۆ كلیپی بۆ دەكەین، چونكە گۆرانییەكە لە رووی ئاواز و تەكنیك و مۆسیقاوە لە ئاستێكی باڵادایە و كاری باشی لەسەر كراوە.
هونەرمەند حەمەڕەئوف كەركوكی ساڵی 1956 لە گەڕەكی بەرتەكێیەی تاڵەبانی لە كەركوك لەدایكبووە و ساڵی 1970 لە ئامادەیی (ئیمام قاسم) یەكەمین گۆرانی خۆی پێشكەشكردووە كە گۆرانی (وەك قومری سەرباڵم شینە)ی مامۆستا حەسەن زیرەك بووە.
بە وتەی خۆی زیاتر لە 80 گۆرانی هەیە، گۆرانییەكانی(ئەی خەجێ خەجان، سڵاو ئەی خەمی ئاشنا، پەری، ست خەرامان، سەفەری ئیشق، ئاسەوار و سیاپۆش) لە بەناوبانگترین گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندەن.
جەواد حەیدەری

بابەتە پەیوەندیدارەکان