״پێویستە رووفاتی شەهیدانی کوردانی فەیلی بگەڕێنرێنەوە״

12:21 - 2025-05-01
عیراق
22 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، دوێنێ لەکۆشکی بەغدا، پێشوازیکرد لە خانەوادەی قوربانیانی بێسەروشوێنەکانی کوردانی فەیلی لەسەردەمی رژێمی پێشوو.
لەدیدارێکدا، سەرۆک کۆمار هاوخەمیی سەرۆکایەتیی کۆماری بۆ کەسوکاری قوربانیان دووپاتکردەوە و جەختیشی کردەوە لەگرنگیی دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی رژێمی پێشوو، قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و مسۆگەرکردنی دادپەروەری کە بگونجێت لەگەڵ نەهامەتییەکانیاندا.
سەرۆک کۆمار ستایشی قوربانیدانی کوردانی فەیلی کرد لە روبەڕوبوونەوەی رژێمی دیکتاتۆری و بەرەنگاربوونەوەی کۆیلەکردن و نادادپەروەری و جەختیشیکردەوە، ئەوان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی عیراق کە شایستەی هەوڵی هاوبەشن بۆ پشتیوانیکردنیان لەپێناو بەهێزکردن و پتەوکردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی ئاشتیانە و دووپاتیشی لە گرنگیی بەردەوامیی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی رووفاتی قوربانیان و گەڕاندنەوەیان بۆ خانەوادەکانیان وەک مافێکی مرۆیی و مۆراڵی، کردەوە.
لای خۆیانەوە وەفدەکە، کە لە سامیە عەزیز فەیلی، رەنگین عەبدوڵڵا، رازاو مەحمود فەرەج و سۆزان محەمەد پێکهاتبوون، دۆخی گشتی و ئەو ئاستەنگانەی ژیان کە رۆژانە رووبەڕووی کوردانی فەیلی دەبێتەوە خستەڕوو، هاوکات پێشنیازەکانی سەرۆک کۆماریشیان بەرزنرخاند لە دابینکردنی پێداویستییەکانیان و پاراستنی مافەکانیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان