هەوڵی ئاسانکاریی بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران و خاوەن کارگەکانی سلێمانی دەدرێت لەڕێگەی بانکی رافیدەینەوە و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانیش زانیاریی لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو.
بە هاوڕێیەتیی د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، نەوزاد غەفور سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی و ئارام بابان ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی، لە بەغدا سەردانی ئیدارەی گشتیی بانکی رافیدەینیان کرد. لەبارەی ئامانجی سەردانەکە و دیداری وەفدەکە لەگەڵ د.عەلی كەریم بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکانی رافیدەین لە عیراق، نەوزاد غەفور روونیکردەوە، سەردانەکەیان بۆ گفتوگۆ و بەدواداچوون بووە سەبارەت بە چەند پرسێکی پەیوەست بە کاروباری بانکی و دارایی تایبەت بە بازرگانان و پیشەسازکارانی سلێمانی و وتی: بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەمان تایبەت بووە بە ئاسانكاری بۆ بازرگانانی شاری سلێمانی و وەرگرتنی دڵنیایی سەبارەت بە مامەڵەكردنمان لەگەڵ بانكی رافیدەیندا.
لەوبارەیەشەوە بازرگانان و هاوردەکاران و پیشەسازان و ئەندامانی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی سلێمانیی دڵنیاکردەوە لەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا لە وردەکاریی خزمەتگوزارییەکانی بانکی رافیدەین ئاگاداریان دەکەنەوە.
زریان محەمەد