ئیسرائیل نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سوریای بۆردوومانکرد، دواى هێرشەکە بنیامین نەتانیاهوو رایگەیاند، هێرشەکە پەیامێکى روونە بۆ دەسەڵاتى دیمەشق و رێگە بە بڵاوبوونەوەى هێزەکانی سوریا لە باشووری دیمەشق نادەن.
وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیانکردووەتە سەر دەوروبەری کۆشکی ئەحمەد شەرع لە دیمەشق.
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، ئەمە پەیامێکی روونە بۆ رژێمی سوریا، ئێمە رێگە بە بڵاوبوونەوەى هێزەکانی سووریا لە باشووری دیمەشق نادەین و رێگەش نادەین ببنە مەترسى لەسەر دروزەکان.
لەلایەکی دیکەوە لە راگەیەندراوێکدا، ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداریى بە دەسەڵاتدارانى حکومەتى سوریا دا، ئەگەر هێرشەکان بۆسەر دروزەکان دەستپێبکەنەوە و رژێمی سوریا نەتوانێت رێگری لە هێرشەکان بکات، ئەوان بە هێز وەڵامیان دەدەنەوە و هێرشدەکەنە سەریان.