وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەهۆکاری تەکنیکی دانوستانەکەی شەممە لەگەڵ ئەمریکا دواخراوە بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە ئیرادەی گەیشتن بە چارەسەر لە رێگای دیپلۆماسی و دانوستانەوە رووینەداوە.
عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، درەنگانێکی شەوی پێنجشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، تاران لە هەموو کات زیاتر پابەندە بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ، کە کۆتاییهاتنی گەمارۆکانی سەریان مسۆگەر بکات، جگە لە دروستکردنی متمانە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە.
راگەیاندراوەکەی عیراقچی دوای چەند سەعاتێک لە پۆستەکەی بەدر سەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان هات، کە دواخستنی خولی چوارەمی دانوستانە ئەتۆمییەکەی رۆژی شەممەی راگەیاند و وتی، لەبەر چەند هۆکارێکی لۆجستی و تەکنیکی، دانوستانەکە بەڕێوەناچێت و دواتر کاتێکی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکە دیاریدەکەن.