دوو كورتیلە چیرۆك

12:23 - 2025-05-04
دووتوێ
70 جار خوێندراوەتەوە

(1)غروری 
ھەر كە پلەو پۆستەكەی وەرگرت ، بەجۆرێك خۆی لێگۆڕا، بێ حیساب غرورو لوت بەرز بوو، بەشێوەیەك لەبەر لوتی بەردەمی خۆی نەدەبینی، غروری ھەوای پێوەرگرت، ھەوای وەرگرت و ھەڵامسا، بەدبەختە یان دەبێت بتەقێ یان لە كونێكەوە بەتاڵ بێتەوە، ئێستا بەتاڵ كراوەتەوە دەروجیران لەبەر بۆن ھەراسان بوون، ھەندێكیان بەدوای سەودای خانوەوەن ، ھەندێكیشیان بەدوای خانووی كرێدا دەگەڕێن .

(2) بەخشین 
بەرلەوەی شێرپەنجە دەست بخاتە بینەقاقای و بیخنكێنێ ، لە دوانیوەڕۆیەكی مانگی ئاداردا، مەسجێكی بۆ نووسیم (ئەو چاوانەی كەسەدان كەس بە حەسرەتی بینینی نیگایەك بوون، ئێستا شێێرپەنجە دوژمنكارانە دەیەوێ لە رووناكیان بێبەش بكاو كوێریان بكاتەوە. دەخوازم بەرلەوەی بمرم، چاوەكانم ببەخشم بە كوێرێك)، ئەفسوس شێرپەنجە مەودای نەدا ئاواتەكەی بێتەدی، كەسێك دەست لە گۆچان بكاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان