پرۆفایلی، دیجله مو‌سا عەنتەر
ساڵی 1950 لە شاری ئەستەنبوڵ لە دایکبووە، لە ساڵی 1970 لەسەر داوای باوکی چووەتە ئەوروپا و ساڵی 1996 گەڕایەوە تورکیا و ئێستا نووسەری رۆژنامەی (یونی یاشام)ە. بە کوردی واتای (ژیانی نوێ) دێت، هاوكات لە چوارچێوه‌ی کوردایەتیدا دەنووسێت، هەروەها دیجلە عەنتەر ئێستا لە دێرسیم و گوندی (ئه‌ستلیلێ) لە نسێبین دەژیت.
دایکی مو‌سا عەنتەر یەکەم ژنە موختار بووه لە مێژووی كۆماری تورکیادا لە سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابڕدوودا، بنه‌ماڵه‌كه‌یان له كۆنه‌وه گه‌وره و خانه‌دانی عه‌شیره‌ته‌كه‌یان بوون.
هه‌رچه‌نده ئێستا پێشکەوتنێک لە چاپه‌مه‌نی کوردی لە تورکیادا هەیە و چاپکردنی کتێبی کوردی – لاتینی و رۆژانە چەندین گۆڤار و رۆژنامەی جیاوازی کوردی دەردەچن، بەڵام کاریگەریی پێویستی لەسەر گه‌نجان و منداڵانی کورد و خێزانه‌كانیان نەكردووه، هه‌روه‌ها ته‌له‌فزیون و تۆڕە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك، فه‌یسبوك و ئێكس و یوتیوب و تیكتۆك و ئینستگرام، كه زۆربه‌یان به زمان ناوه‌ڕۆكیان توركییه، ئەمەش وایکردووە گه‌نجان و منداڵانی كورد كاتێكی زۆر به‌م زمانه‌وه به‌سه‌ر ببه‌ن.
دیجلە مو‌سا عەنته‌ر، نووسەری دیاری کورد لە ده‌رسیم، بە کوردستان نوێی راگەیاند: خوێندن بە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان لە ئاستێکی زۆر خراپدایە، کاتێک خوێندکارێک زمانی کوردی هەڵدەبژێرێت، بەڵام پێی ده‌ڵێن، مامۆستای زمانی کوردی کەمه، بۆیە ئەمە بووەتە بەربەستێکی دیکە لە بەردەم گه‌شه‌پێدانی زمان و خوێندنی کوردی و هۆکارێکی دیکەی پاشه‌كشه‌ی زمانی کوردییە له باكووری كوردستان، هەرچەندە زمانی کوردی ئازادە، بەڵام دەمانەوێت زمان و خوێندنی کوردی لە ڕووی په‌روه‌رده‌وه بەرەوپێش بچێت.
دیجلە وتیشی: تەلەفزیۆن و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زمانی کوردی لە باکووری کوردستان لاواز کردووە، بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک، فەیسبووک و ئێکس و یوتیوب، تیک‌تۆک و ئینستگرام، كه زۆربه‌یان به زمان ناوه‌ڕۆكیان توركییه، ئەمەش وایکردووە گەنجان و منداڵانی کورد کاتێکی زۆر بەم زمانە بەسەر بەرن، جگە لەوەش هاووڵاتیانی کورد وەک پێویست کتێب و رۆژنامەی کوردی كاغه‌زی ناخوێننەوە، هەروەها بەشێک لە خێزانە کوردەکان لە ماڵەکانیاندا بە زمانی تورکی قسە دەکەن، ئەمەش خۆ به‌كه‌م زانینه و خێزانی کورد نابێت ئەمە لەسەر خۆیان قه‌بوڵ بکەن.
روونیشیكرده‌وه، پێویستە هەموو خێزانێکی کورد قوتابخانەیەک بێت بۆ منداڵه‌كانیان و نەوەکانی داهاتووی میلله‌ته‌كه‌یان. هه‌رچه‌نده هەندێک لە گۆڤار و رۆژنامەکان بەشێکیان بۆ کوردی- زازاکی تەرخانکردووە. بەڵام زاراوەی کوردی- زازاکییش رۆژ لە دوای رۆژ به‌ره‌و ونبوون ده‌چێت، چونکە خه‌ڵكه‌کەمان زمانەکەی بەکارناهێنێت، بێگومان ئەمه بووەتە کێشەیەکی جددی و مەترسی لەسەر ئایندەی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان بەگشتی.
دیجله مو‌سا عه‌نته‌ر له درێژە‌ی قسه‌كانیدا وتی: پێشتر له زانکۆیه‌كی ماردین مامۆستای زمانی کوردی كورمانجی و زازاكی هه‌بوون زۆر خه‌مخۆری په‌روه‌رده‌کردنی خوێندکارانی کورد بوون و که‌سانی چالاک و ئه‌کادیمی بوون، زۆرێک لە خوێندکارانی کورد له و زانكۆیه بڕوانامەی زمانی کوردی‌یان بەدەستهێناوە و ئێستا بوونەتە مامۆستای زمانی کوردی. هه‌روه‌ها پێویستە سیاسەتمەداران و ئەکادیمیستەکانی کورد زیاتر گرنگی بە پڕسی زمان بدەن.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئێستا له تورکیادا پێشکەوتنێک لە چاپه‌مه‌نی کوردی‌دا هەیە، رۆژانە کتێبی کوردی- لاتینی چاپ دەكرێت و چەندین گۆڤار و رۆژنامەی جیاوازی کوردی دەردەچن له توركیا و باكووری كوردستان، بەڵام کاریگەریی پێویستی لەسەر هاووڵاتیانی کورد و منداڵ و خێزانه‌كانیان نەكردووە.
وتیشی: پێویستە دایک و باوکان هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ فێربوونی زمانی کوردی، کتێبی کوردی و مێژووی کورد بخوێننەوە و ئایندەی منداڵەکانیان لەبەرچاوبگرن، بەداخەوە ئەمە لە باکووری کوردستان بە گشتی نابینرێت. پێویستە هەموو خێزانێکی کورد گرنگی بە زمانی دایک بدەن و قوتابخانەیەکی کوردی بن بۆ نەوەکانی داهاتووی نەتەوەکەیان، هەرکەسێک دەتوانێت بڵێت من کوردم، بەڵام کوردبوون واتە پاراستنی ناسنامە و زمانی خۆی، ئەگەر ناسنامە و زمانی خۆیان لەدەست بدەن، هیچ مانایەک بۆ کوردبوون نامێنێته‌وه.
ئەم لاپەڕەیە ئەیاز هەرکی ئامادەی کردووە