ڤینۆس فایەق
دیاردەی وتی وتی یان قسەوقسەڵۆک
دیاردەی وتی وتی یان قسە و قسەڵۆک لەگەڵ دروستبوونی ئادەمیزاددا سەریهەڵداوە. هەندێک دەڵێن ئاژەڵ وەکو ئادەمیزاد زمان بەد نییە، یان ئاژەڵ وەکوو ئادەمیزاد بیر لە ئازاردانی دەروونیی ئاژەڵەکانی تر ناکەنەوە. لە راستیدا ئەم بەراوردە زۆر هەڵەیە، بەراورد لە نێوان دوو شت دەکرێت کە هەمان خەسلەتیان هەبێت، ئەوەی لێرەدا ئەو بەراوردە بەتاڵ دەکاتەوە فاکتەری «زمان»ە. بەو پێیەی ئاژەڵ زمانی نییە هەرگیز نازانی ئەگەر زمانی هەبوایە چۆن دەبوو بەرانبەر بە ئاژەڵەکانی تر.
دیاردەی وتی وتی «قسەوقسەڵۆک» ئادەمیزادبوونمان پشتڕاست دەکاتەوە. ئەم دیاردەیە بەشێکە لە سروشتی ئادەمیزاد. هەر لە کۆنەوە باب و باپیرە هەرە گەورەکانمان بە هۆنینەوەی چیرۆک لەبارەی ژیانی ئەوانی ترەوە، مامەڵەیان لەلایەک لەگەڵ یەکتر کردووە و لەلایەکی تر لەگەڵ ئەو واقیعەی کە تیایدا ژیاون.
ئەگەرچی بە تێپەڕبوونی کات مێشکی ئادەمیزاد و بە تایبەت ئەقڵی گەشەی کردووە و گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بەتایبەت ئەو ئەقڵە دەستەجەمعییەی کە ئاستی هوشیاریی کۆمەڵگەی پێ دەپێورێ، بەشێوەیەک بیرکردنەوەکان و دنیابینی و جۆری تێڕوانین لە ئەوانی تر و لە واقیعیش گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەشێوەیەکی وا ئادەمیزاد بتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات و قسە لە شتێکدا نەکات کە پەیوەندیی بە خودی خۆیەوە نەبێت، یان وەکوو تووتی قسەوقسەڵۆکی ئەوانی تر نەڵێتەوە و بڵاوی نەکاتەوە. جگە لەمانە هێندە خەیاڵی بە بارە نیگەتیڤەکەیدا نەخاتە کار و چیرۆک لەبارەی ئەوانی ترەوە نەهۆنێتەوە و بڵاوی نەکاتەوە. چونکە یەک لە خەسڵەتەکانی ئادەمیزاد هەست و نەستە کە لە توانایدایە پارێزگارییان لێ بکات و خۆی بە دوور بگرێ لە ئازاردانی هەست و نەستی ئەوانی تر لە رێگەی وتی وتی و قسەوقسەڵۆکەوە.
قسەوقسەڵۆک و رۆژنامەوانیی پاپاڕازی
خەڵک قسە دەکەن، غەیبەت دەکەن، چیرۆک دەهۆننەوە، هەموومان ترسمان لەمە هەیە، کەچی هەمووشمان بەجۆرێک لە جۆرەکان پیادەی دەکەین. هەندێک هەن ئەوە دەکەن بۆ ئەوەی باسی خۆیان نەکرێت، دەست بۆ عەیبەکانی خەڵک دەبەن بۆ ئەوەی لە ناخی خۆیاندا هەستێکی درۆزن بە خۆیان بدەن کە خۆیان بێ عەیبەن. جا ئەم قسەوقسەڵۆکە شیوازی جۆراوجۆری هەیە و لەناو چین و توێژە جیاوازەکاندا بە شێوازی جۆراوجۆر بوونی هەیە. تەنانەت پەرەسەندن و گەشەسەندنی تەکنەلۆژیاش لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا رۆڵی باڵا و بەهێزی گێڕاوە لە تەشەنەسەندنی ئەم دیاردەیە، بۆ نموونە لە بواری راگەیاندندا شتێک هەیە بەناوی رۆژنامەوانیی «پاپاڕازی» کە ئیشی خۆهەڵقورتاندنە لە ژیانی کەسە ناودارەکانی بوارەکانی سیاسەت، هونەر و ئەدەب و...هتد. نموونەمان گیان لەدەستدانی دیانای هاوسەری چارلز «کە ئیستا پاشای شانشینی بەریتانیا»یە، بەهۆی ئەو رۆژنامەنووسانەوە کە سەرسەختانە بەدوای وردەکارییەکانی ژیانی ئەوجۆرە کەسانەوەن و کردوویانەتە پیشە و لەژێر خانەی رۆژنامەوانیدا دایانناوە. جگە لەمانە رۆژانە لە بڵاوکراوەکان و لە رادیۆ و تەلەفزیۆنە جیاوازەکانەوە هەزارەها هەواڵ و چیرۆکی جۆراوجۆر دەبینین و دەخوێنینەوە لەبارەی ژیانی کەسە ناودارەکانەوە. ئەو چیرۆکانەی کە بە خوێندنەوەیان هیچ سوودێکمان پێ ناگات، بگرە کاتێکی بەنرخ ئەگەر چەند خولەکێکیش بێت لەگەڵی بە بێ هیچ سوودێک بە فیڕۆ دەدەین.
بۆچی هەندێ کەس هێندە ئارەزووی وتی وتی یان قسەوقسەڵۆک دەکەن؟
لە رووی دەروونییەوە، سادەترین لێکدانەوە بۆ ئەو دیاردەیە لەناو خەڵکدا «بێکاریی و دەست بەتاڵییە»، جگە لەوەی ئەگەر قووڵتر لە رووی دەروونییەوە لەو کەسانە بڕوانین، هەبوونی گرێیەکی دەروونییە کە خۆیان هەستی پێناکەن، لە ئیرەیی و ویستێکی ئاشکرا بۆ ئازاردانی دەروونی کەسەکاندا خۆی دەبینێتەوە. چونکە هەموو ئەوەی لە باسی کەسێک دەستمان دەکەوێت چەند زانیارییەکە لەبارەی ژیانی تایبەتییەوە، کە بێگومانم دوور و نزیک هیچ سوودێکی مەعریفی و ئەدەبیی بۆمان نییە، و لە رووی ئەخلاقیشەوە ئەمانخاتە ژێر پرسیاریارێکی ئەخلاقیی گەورە، ئەویش: مەبەست و ئامانج لەو وتی وتییە چییە ئەگەر ئەمە گرێیەکی دەروونی نەبێ؟ بەڵام هەندێ کەس هەن چێژ لەو بابەتانە وەردەگرن، چ بە بینینی یان بە خوێندنەوەی ئەوجۆرە چیرۆک و هەواڵانە، هەروەها چێژ لەوەش دەبینن بە شێوازی خۆیان جارێکی تر بیهۆننەوە و ترش وخوێی خۆیانی پێوە بکەن و بڵاوی بکەنەوە.
تەنانەت هەندێ کەس خەیاڵیان هێندە فراوانە و خاوەنی بەهرەیەکی هێندە گەورەی هۆنینەوەن، خۆیان چیرۆکەکە لە هیچەوە دروست دەکەن و بۆ کەسانێکی دەگێڕنەوە کە وەکو خۆیان هەمان بەهرەی هۆنینەوە بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکەیان هەیە، ئەمە بەمەبەستی ئازار گەیاندن بە کەسێک کە بە دڵیان نییە و ئامانجیان شکاندنییەتی.
کەسێک کە قسە و قسەڵۆکێک دەبیستێت و بەشداریی تێدا دەکات بۆ لە خۆی ناپرسێت، چی وام لێدەکات کاتی خۆم بە فیڕۆ بدەم و گوێ لەم چیرۆکە بگرم؟ گوێگرتن لەم چیرۆکە چ سوودێکم پێ دەبەخشێت؟ بۆچی من تێکهەڵکێشی بابەتێكی ئاوا بم کە رەنگە بە زەرەر و زیانێکی ئەخلاقی و دەروونیی گەورە بشکێتەوە؟ بەڵام ئەو جۆرە پەرۆشییەی لە دەروونی ئادەمیزادەکاندا هەیە بۆ بیستنی هەواڵ و چیرۆکەکانی ژیانی تایبەتیی ئەوانی تر زۆر لەوە گەورەتر و بەهێزتر کە بتوانێت کۆنترۆڵی خۆی بکات و لە چرکەیەکدا ئەو پرسیارانە بە مێشکیدا بێت، ئەم خووە هیچی لە ئالوودە بوون بە ماددە بێهۆشکەرەکان کەمتر نییە، بگرە خەتەرناکترە، چونکە ئەوەی ماددەی بێهۆشکەر بەکاردەهێنێت تەنها زیان بە خۆی و تەندروستی و ژیانی خۆی دەگەیەنێت، بەڵام ئەوەی ئارەزووی قسەوقسەڵۆک و بڵاکردنەوەیەتی زەرەر و زیانی بۆ کەسانێکی زۆری دەوروبەری هەیە و زۆربەیجاریش ئەنجام و لێکەوتەی خەتەرناکی هەبووە.
کەسێک کە قسە و قسەڵۆکێک دەبیستێت و بەشداریی تێدا دەکات بۆ لە خۆی ناپرسێت، چی وام لێدەکات کاتی خۆم بە فیڕۆ بدەم و گوێ لەم چیرۆکە بگرم؟ گوێگرتن لەم چیرۆکە چ سوودێکم پێ دەبەخشێت؟
ئەکاونتە ساختەکانی کەناڵەکانی سوشیال میدیا
بەناو کەناڵە جیاوازەکانی سۆشیال میدیادا بگەڕێ زۆر بە ئاسانی چەندین کەناڵی ساختە دبینیتەوە، تەنها بۆ سووکایەتی و ناوزڕاندن دانراون، زانیاری و هەواڵ و چیرۆکی سەرنجڕاکێش لەبارەی ژیانی تایبەتی خەڵکە ناودار و ناسراوەکانی بوارە جیاجیاکان کۆدەکەنەوە و دەهۆننەوە بڵاوی دەکەنەوە، و لە هەمووشی سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە فۆلۆوەرەکانیان لە ژماردن نایەن، ژمارەی لایک و کۆمێنتەکانی سەر پۆستەکانیانیشیان لە ژماردن نایەن. ئەمە ئەوەمان پێدەڵێ ئەم دیاردەی وتی وتی و قسەوقسەڵۆکە خەسڵەتێکی رەسەنی قووڵی ناو مێشک و دەروونی مرۆڤایەتییە، بە ئاستە جیاوازەکان، و لە یەکێکی ترەوە بۆ یەکێکی تر بەپێی ئاستی مەعریفی وهۆشیاریی کەسەکە ئاستەکەی دەگۆڕدرێ، و هەر یەکە و بە جۆرێک پەرەی پێدەدات و پراکتیزەی دەکات، یان کۆنترۆلی دەکات و خۆی لێ بە دوور دەگرێ. جا ئەوەی رەسەن نییە و لە ئەنجامی قووڵبوونەوەی ئاستی مەعریفی و ئەدەبی و ئەخلاقییەوە لە ئادەمیزاددا دروست دەبێت خەسڵەتێکە خۆی بۆ خۆی دروست دەکات ئەویش خۆ بە دوورگرتن لەو دیاردەیە و لەو ناوەندە زیانبەخشە و خۆ بە باڵاتر بینین لەوەی کە دابەزیتە ئەو ئاستەی تەنها ئیش و وەزیفەت لە ژیاندا بەدوای هەواڵ و زانیاریی ژیانی تایبەتی ئەوانی ترەوە بیت و چیرۆکیان لەبارەوە بهۆنیتەوە و بڵاوی بکاتەوە.
هەموومان لەناو بازنەکەداین
یەکێکی تر لە فاکتەرە شاراوەکانی کە خەڵک حەزیانه بە قسەوقسەڵۆک وغەیبەتکردن، حەزکردنیانە بە بیستنی چیرۆک لەبارەی ژیانی کەسانی ترەوە. چونکە هەر لە بوونەوە ئادەمیزادەکان لەناو مێشکیاندا وا پرۆگرام بوون کە حەزیان بە قسەوقسەڵۆک هەبێت، و بایەخێکی گەورەی پێبدەن، لە کاتێکدا کە باسی مەسەلەی «قسەوقسەڵۆک» دێتەوە ئاراوە، هەر هەموومان لەسەر ئەو کۆک دەبین کە رقمان لەو کەسانەیە کە غەیبەتی خەڵک دەکەن و حەزیان بە قسەوقسەڵۆکە، لە کاتێکدا ئەگەر سەیری خۆمان بکەین هەر هەموومان لەناو بازنەکەداین. و هەر هەمووشمان وەکوو یەک دەڵێین ئەوانی تر غەیبەت دەکەن، و ئەوانی تر حەزیان بە وتی وتییە. کەس دان بەوەدا نانێت کە خۆیشی کەم تا زۆر حەزی بە غەیبەت و قسەوقسەڵۆکە. ئەم قسەوقسەڵۆکە وەک هەموو خەسڵەتەکانی تر غەریزەیە لەناو ئادەمیزاددا، ئەوەی حوکمی دەکات ئەقڵە، بەوەی رێگریی دەکات یان پەرەی پێدەدات. دواجار هیچ پێناسەیەک بۆ غەیبەت و قسەوقسەڵۆک مافی تەواوی خۆی ناداتێ، و لە کۆتاییدا ئەو چەمکە بە لێڵی دەمێنێتەوە لەناو دەروونی ئادەمیزادەکاندا.