راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری تورکیا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کوردستانی نوێ

د.یاسین ئەکتای: ئەوکاتەی ئاشتی بە تەواوی بەرقەرار دەبێت، تورکیا لە کوردستانی عیراقدا نامێنێتەوە

10:30 - 2025-05-15
دیدار
92 جار خوێندراوەتەوە

گفتوگۆی - هاوکار قادر

راگەیەندراوە مێژووییەکەی کۆنگرەی 12ی پارتی کرێکارانی کوردستان و گۆڕانی جەوهەریی کاری ئەو پارتە لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ خەباتی سیاسی و بەرقەرارکردنی ئاشتی، کاردانەوەی ئەرێنیی دەوڵەت و هێز و لایەنەکانی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە، هەنگاوەکانی داهاتووی دەوڵەت و بەدەنگەوەچوونی بانگەوازی ئاشتی، کاریگەری لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی لەناو تورکیا و دەرەوەی، دەکەینە تەوەرەکانی ئەم دیدارە تایبەتە لەگەڵ د.یاسین ئەکتای راوێژکاری پێشووی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری تورکیا و ئەندامی پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا.
بۆ زمانی گفتوگۆکەمان، خاڵێکی هاوبەشمان دۆزییەوە، کە ئەویش زمانی عەرەبی بوو. تەکنەلۆژیاش جوگرافیای نێوانمانی کورت کردەوە، من لە سلێمانی-یەوە پرسیارەکانم ئاراستە کرد، بەڕێزیشیان لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاوە وەڵامەکانی بۆ ناردمەوە، ئەمەش دەرئەنجامی پرسیار و وەڵامەکانە.

* ئێستا لە تورکیادا زۆر شت گۆڕاوە و پێویست بە بوونی بزووتنەوەی چەکداری ناکات

*کوردستانی نوێ: پارتی کرێکارانی کوردستان بڕیاری دا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەك دابنێت، حکومەتی تورکیا چی هەنگاوێکی کرداری دەنێت لەپێناو پرۆسەی ئاشتیدا؟
-د.یاسین ئەکتای: سەرەتا با لەوەوە دەستپێبکەم، ئەو هەنگاوانەی پێویستە حکومەتی تورکیا بیاننێت، پێشتر هەنگاوی بۆ ناون، کێشەی کوردی چارەسەر کردووە. کێشەی دیموکراسی لە تورکیادا چارەسەر کردووە. زۆر رێوشوێن و چاکسازی لە سیستمی تورکیادا کردووە، کە پێشتر بە توندی ناسنامەی کوردی رەتدەکردەوە، تەنانەت زمانی کوردی رەتدەکردەوە، قسەکردن بە زمانی کوردی قەدەغەبوو لە تورکیادا. بوون و ناسنامەی کورد رەتدەکرایەوە.
فیکری نەتەوەگەرایی تورك بەشێوەیەك بوو دانی بە بوونی کورددا نەدەنا لە تورکیادا. بەڵام پارتی داد و گەشەپێدان ئەو جۆرە بیرکردنەوە و تێڕوانینەی گۆڕی لەپێناو ئاشتیدا، تەنها لەپێناو ئاشتیشدا نەبوو، بەڵکو لەڕاستیدا پارتی داد و گەشەپێدان لەسەر بنەمای فەلسەفەیەك دروستبووە، کە باکگراوندی فەلسەفەکەی، ئیسلامی و کلاسیکیی دەوڵەتی عوسمانییە، کە ئازادییەکانی بۆ هەموو خاوەن ناسنامەکان فەراهەم کردبوو. ئەو ئازادییەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردووی ماوەی حوکمڕانیی داد و گەشەپێدان هەیە، ئەردۆغان وەك سەرکردە لەو بزوتنەوەیەدا، ئەو پارادیگمایەی گۆڕی، کە باڵی بەسەر ناوخۆی تورکیادا کێشابوو، ئەو کارە ئەو کردی و ئازادییەکەی فەراهەم کرد. ئەوەش عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاماژەی پێکردووە، کە وتی: «ئەو هۆکارانەی هانی کوردی دا بۆ نافەرمانی و یاخیبوون و دروستبوونی بزووتنەوەیەکی وەك پارتی کرێکارانی کوردستان، ئێستا نەماون». مانای وایە رەوشەکە زۆر گۆڕاوە، کەشوهەواکە گۆڕاوە، هەموو پرس و چوارچێوە و بوارەکان لە سەرتاسەری تورکیادا گۆڕاون، واتە ئێستا پێویست بە بزووتنەوەی چەکداری ناکات.
رێوشوێنەکانی پەیوەست بە بوونی دیموکراسی و ئازادییەکان و بوونی کورد، کە لە داواکارییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بوون، ئێستا لە تورکیادا فەراهەم بوون. بەڵام بزووتنەوەی جوداخوازی لە تورکیادا رەتکراوەیە و هیچ داواکارییەکی پارتی کرێکارانی کوردستانیش نییە لەم چوارچێوەیەدا. هەروەها بڕیاری پەکەکە و بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش هیچ مەرجێکی تێدا نییە بۆ پرۆسەی ئاشتی.
 *کوردستانی نوێ: لە دوای بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان، پرۆسەی ئاشتی تا چی قۆناغێك دەڕوات؟ ئایا بڕیارەکە گرنگترین خاڵی پرۆسەی ئاشتییە؟
-د.یاسین ئەکتای: وەك ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی پێکرد و وتی: گەیشتوینەتە قۆناغێك لە گرنگترین قۆناغەکانی پرۆسەکە و کاروانی ئاشتی. بەدڵنیایی ئەمە کۆتایی نییە، بەڵکو لە کۆتاییدا هەموو دانیشتووانی تورکیا، کە 85 ملیۆن کەسن، هاووڵاتی یەکسان دەبن لە دەوڵەتی تورکیادا و مافەکانیان وەك یەك دەبێت.
ئێستا لە تورکیادا هیچ جیاکارییەك نییە، پێچەوانەی هەندێك وڵاتی دراوسێ، کە لەوێ کورد هاووڵاتی یەکسان نین و رەگەزنامەیان نییە.
ئێستا کورد بەشدار و هاوبەشە لە دەوڵەتی تورکیادا. تورکیا چۆن دەوڵەتی توركە، بەهەمانشێوە دەوڵەتی کوردە. هەروەها دەوڵەتی عەرەبە، کە لە تورکیادا هەن. تورکیا دەوڵەتی هاونیشتمانییە، لە دەوڵەتی هاونیشتمانیدا هیچ جیاکارییەك و هیچ داواکارییەك بۆ جیاکاری نییە. تورکیا رەتیدەکاتەوە هیچ ئیمتیازێك بدات بە هیچ نەژاد و رەگەز و ئایینێك.
بۆیە ئەو قۆناغەی ئێستا پێیگەیشتووین، قۆناغی تێکەڵبوونە. تێکەڵبوون لەدوای ماوەیەکی زۆر لە جەنگ و کردەوەی توندڕەوی و تاوانکاری، کە هەندێك لە تاوانەکان پێویستییان بە دادگایە، بەڵام زۆرێك لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەیوەندییان بە هەندێك کردەوەی تاوانکاری و شەڕ و تاوانەوە نییە. بۆیە تێکەڵبوونیان ئاسانترە و وەك هاووڵاتیانی ئاسایی دەبن لە تورکیادا. هیچ زەحمەتییەك نییە لەم بابەتەدا، لەدوای کەوتنەڕێی کاروانی ئاشتی، چونکە گەلی تورکیا رەوشەکە زیاتر لەوەی ئێستا قبوڵ دەکەن و ژینگەی دژە کورد و پەکەکە نامێنێت، کە سوپاس بۆ خودا ئێستا هیچ جۆرە هاندانێك دژی کورد نییە، کە بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی تورکیا.
*کوردستانی نوێ: زۆر پرسیار دەکرێت لەبارەی چارەنووسی ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەرجەم زیندانییە سیاسییەکانی کورد لە گرتووخانەکانی تورکیادا، ئایا ئازاد دەکرێن؟
-د.یاسین ئەکتای: لەم قۆناغەدا هیچ سنورێك یاخود مەرجێك یان رێککەوتنێك نییە بۆ ئەم جۆرە بابەتانە، بەڵام نازانم دوای ئەم قۆناغە چی روودەدات، ئەو بابەتە دەبێت یاخود نا.
*کوردستانی نوێ: بەدەر لە دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، ئایا هیچ دەوڵەتێك یاخود لایەنێکی دەرەوەی تورکیا هەیە رۆڵی لەم پرۆسەیەدا هەبێت؟
-د.یاسین ئەکتای: لەم پرۆسەیەدا نێوەندگیر یاخود جۆرێك لە نێوەندگیریی نییە، دەستپێشخەریی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیاوە هاتووە و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بانگەوازی کرد بۆ ئۆجەلان بۆئەوەی لە پەرلەماندا وتارێك پێشکەش بکات و داوا لە حزب بکات رێکخستنەکانی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە ئیتر پێویست بە حزبەکە ناکات و تورکیا بۆتە وڵاتێکی پێشکەوتووی دیموکراسی و پێویست بە چەك و توندوتیژی و توندڕەوی نییە. 
هەربۆیە تورکیا پێویستی بە لایەنی سێیەم یاخود لایەنی تر نییە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی کاروانی ئاشتی، بەدڵنیایی هەندێك وڵات هەن بەتایبەتی عیراق هەروەها سوریا کە هاریکاری هەیە لەنێوان تورکیا و ئەو دوو وڵاتە، بەس بەو مانایە نا کە نێوەندگیرن یان لایەنێکن لە پرۆسەکەدا، بەڵکو ئەو کاروانە کاریگەری دەبێت لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی.
*کوردستانی نوێ: بەلەبەرچاوگرتنی نەبوونی ئەزموونی پێشتری ئاشتی و هەروەها نەبوونی متمانە، ترسێك هەیە لەوەی دەوڵەتی تورکیا بەشێوەیەکی باش وەڵامی نەبێت بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئایا ئەو ترسە راستەقینەیە یاخود زیادەڕۆیی تێدایە؟
-د.یاسین ئەکتای: نا هەرگیز، بەپێچەوانەوە توێژینەوە کراوە لەبارەی ئەزموونەکانی رابردوو، لەو ئەزموونانەدا هەندێك کەس و هۆکار هەبوون، کە کاریگەرییان هەبووە لەسەر شکستهێنانی کاروانی ئاشتی لە 2013 و 2014 و 2015 بە تایبەتی ئەوەی لە باکووری سوریا روویدا لە عەین ئەلعەرەب «کۆبانی»، کە پارتی کرێکارانی کوردستانی لەخۆبایی کرد بەوپێیەی مامەڵەی لەگەڵ ئەمریکییەکان دەکرد و شتێکی نوێ بوو بۆیان. کاروانی ئاشتی هەبوو، دەوڵەتی تورکیا کاروانی ئاشتی پێشێل نەکرد یاخود دەستبەرداری نەبوو، ئەوە پارتی کرێکارانی کوردستان بوو کردەوەی توندڕەوی دەستپێکرد و تونێلی لە باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا لێدەدا و شەڕی هەڵگیرساند بەبیانووی ئەوەی لە کۆبانی روودەدا، بۆیە ئەوەی روویدا لە پەکەکەوە بوو نەك تورکیا.
هەروەها لەناوخۆی تورکیاش لەلایەن هەندێک کەس و هەندێك حزبی ئۆپۆزسیۆنەوە بەرەنگاری هەبوو، بەڵام ئێستا وا دیارە جۆرێك لە رێککەوتنی بە کۆمەڵ هەیە لەسەر ئەم پرسە، هەرچەندە هەندێکی کەم هەن تائێستا بەرەنگاری کاروانەکە دەکەن، بەڵام ئێمە وای دەبینین، کە زۆر نزیکترین لە کاروانەکە وەك لەوەی لە رابردوودا تێیدا بووین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی.
*کوردستانی نوێ: ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا سەرکەوتووبێت، ئایا کاریگەری دەبێت لەسەر وڵاتانی دەوروبەر؟
-د.یاسین ئەکتای: بەڵێ بەدڵنیایی کاریگەری دەبێت. ئەو کێشەیەی بەنزیکەیی لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا هەبووە، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا هەبووە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. تورکیا هەمیشە لە بارگرژیدا بووە بەو هۆیەوە، چونکە ئەو کردەوە پێویستانەی دەبوایە ئەنجامیان بدات وایکردووە کێشەی بۆ دروست ببێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی، ئەوەش شتێکی باش نییە. هەروەها پارتی کرێکارانی کوردستان مەترسییە بۆسەر سەقامگیری وڵاتانی دیکە، بەڵام وەك دەزانن رژێمی ئەسەد ئەمەی وەك کارتێکی گوشار بەشێوەی رکابەریی و دوژمنکارانە لە دژی تورکیا بەکاردەهێنا و پارتی کرێکارانی کوردستانی لەخۆگرتبوو، هانی دەدا و پاڵپشتی و پشتیوانی دەکرد، ئەوەش وایکردبوو کێشە لە نێوان تورکیا و سوریادا هەبێت، بەڵام ئیتر ئەو کێشەیە، کە بەمشێوەیە چارەسەر بووە، نابێتە کارتی گوشاری نێوانمان، دەبێتە بابەتێکی پۆزەتیڤ و وڵاتانی دراوسێ لە یەکتر نزیکدەکاتەوە و سەقامگیری بەدیدەهێنێت، پەیوەندییەکان زیاتر دەکات، بازرگانی گەشە دەکات و پەرەپێدانی وڵاتەکان زیاتر دەکات. پشت بەخوا پرۆسەی ئاشتی خزمەت بە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی دراوسێ دەکات، تورکیا لەگەڵ عیراق، تورکیا لەگەڵ سوریا، خزمەت بە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و هەرێمێکی ئارام و سەقامگیر دەکات. من پێشبینی ئەمە دەکەم و نزیکترین ئەگەرە لەبەردەمماندا.
*کوردستانی نوێ: لەدوای پرۆسەی ئاشتی، تورکیا هیچ بیانوویەکی دەمێنێت بۆئەوەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا بهێڵێتەوە؟
-د.یاسین ئەکتای: دوای ئەوەی ئاشتی بە تەواوی بەرقەرار دەبێت، بەدڵنیایی هێزەکە نامێنێت و تورکیاش خواستی ئەوەی نییە لە هیچ وڵاتێکدا بێت، بوونی تورکیاش لە هەر وڵاتێکدا پێویستی بە بڕیاری پەرلەمان هەیە، ئەوەش کارێکی ئاسان نییە و باجی خۆی هەیە، تورکیا بۆچی باجی وا بدات بەبێ ئەوەی پێویستی پێی بێت.
ئەوەی کە هەبوو بە بیانووی دانانێین، بەڵکو هۆکار هەبوو، هۆکاری راستەقینەی بوونی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بەداخەوە هیچ رێوشوێنێكی تەواوەتی نەبوو بۆ رێگرتن لە چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دژبە تورکیا. تورکیاش بەدەست کێشەکەوە دەیناڵاند، بۆیە بە ناچاری رێوشوێنی گرتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی و جۆرێك لە بەرگری بوو لە خۆی.
بۆیە دوای ئەوەی کێشەکە چارەسەر دەبێت، بەدڵنیایی تورکیا دەگەڕێتەوە ناو خاکی خۆی، کە ئەوەش خزمەتی زیاتری سەقامگیرییەکەی دەکات، لەو روانگەیەوە ئەگەر هەڕەشەیەك هەبێت لەسەری، تورکیا مافی خۆیەتی رێوشوێنێکی وا بگرێتەبەر وەك ئەوەی تا ئێستا کردوویەتی. بۆیە ئەوە بیانوو نەبوو، بەڵکو بەدەست پارتی کرێکارانی کوردستانەوە ناڵاندویەتی، کە بنکە و بارەگای هەیە بۆ چالاکییەکانی لە باکووری عیراق و ئەوەش نهێنی نییە. ئیتر چۆن تورکیا رێوشوێنی خۆی ناگرێتەبەر؟. بەڵام کاتێك دڵنیایی دروست دەبێت بەوەی تەواوی هەڕەشەکە کۆتاییهاتووە و پرۆسەی ئاشتی لەسەر رێڕەوی خۆیەتی، ئیتر پێویستیمان بەوە نییە تورکیا هیچ بوونێکی هەبێت لە کوردستانی عیراق و لە هیچ شوێنێکی دیکەدا.
*کوردستانی نوێ: هەمیشە گەلانی ناوچەکە بەشێوەیەك تەماشای تورکیا دەکەن، کە دەوڵەتێکی سەربازییە و دەستوەردان دەکات لە کاروباری وڵاتانی دراوسێیدا، ئایا پرۆسەی ئاشتی ئەم تێڕوانینە بەرامبەر تورکیا دەگۆڕێت؟ ئایا خودی ئەنقەرە دەتوانێت ئەم دیمەنە بگۆڕێت؟
-د.یاسین ئەکتای: یەکەم شت با پێتبڵێم، ئەوە تێڕوانینێکی دادپەروەرانە نییە، هاوڕانیم لەگەڵ ئەوە، چونکە گەلانی ناوچەکە وا تەماشای تورکیا ناکەن، من سەردانی هەموو ناوچەکە دەکەم و نەمبینیوە خەڵك بەو شێوەیە تەماشای تورکیا بکات، کە دەستوەردان دەکات لە ناوچەکەدا، بەپێچەوانەوە خواستی ئەوە هەیە تورکیا زیاتر کاریگەری هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا.
خودی تورکیا هەرگیز خواستی ئەوەی نییە دەستوەردان بکات، بەڵام ئەوەی لە سوریا روویدا، دەستوەردانی تورکیا بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ بوو، رۆڵی تورکیا بووەهۆی رزگارکردنی گەلی سوریا، کە گەلی سوریا خواستی ئەوەی هەبوو تورکیا زیاتر دەستوەردان بکات، چونکە سوریا رژێمێکی سەرکوتکار و ستەمکار و تاوانبار و بکوژی هەبوو، گەلەکەی خۆی دەکوشت، گەلەکەی جینۆساید دەکات، هەربۆیە تورکیا پاڵپشتیی گەلی سوریای کرد و ئەو پشتیوانییەش وەڵامدانەوەی داواکاری گەلی سوریا بوو.
هەروەها لە عیراق، تورکیا دەستوەردان ناکات، بەڵکو بوونی تورکیا بۆ بەرگرییە لە خۆی، لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان و توندڕەوییە. عیراق بۆ عیراقییەکانە، کوردستان بۆ کوردە، سوریاش بۆ سورییەکانە. لەکۆتاییدا ئەوە تێڕوانینی تورکیایە.
تورکیا وەك هەندێك وڵات نییە، کە بەشێوەی داگیرکەرانە دەستوەردان دەکەن، بەڵکو دەستوەردانی تورکیا یان ئەوەتا بۆ بەرگرییە لە خۆی، یاخود بەدەنگەوەچوونی هەندێك گەلە، بۆیە ئەوەی دەیڵێیت دیدگای گەلان نییە، بەڵکو تێڕوانینی هەندێك لایەنە، تێڕوانینی رژێمی بەشار ئەسەد بوو، بەڵام تێڕوانینی گەلی سوریا وا نییە، رژێمی پێشووی سوریاش نوێنەرایەتی گەلی سوریای نەدەکرد، کە زۆرینەی گەلی سوریا داوای دەستوەردانی تورکیای دەکرد.

 

* تورکیا چۆن دەوڵەتی توركە، بەهەمان شێوە دەوڵەتی کوردە

سەرەڕای ئەوەش، نزیکەی پێنج ملیۆن هاووڵاتی سوری هاتنە تورکیا، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە، کە تورکیا مافی خۆی بوو دەستوەردان بکات.
ئەم پرسیارە پێویستی بە شیکاری هەیە لەپێناو راستکردنەوەی هەندێك تێگەیشتن و تێڕوانین، چونکە تورکیا دەوڵەتێکە رێز لە سەروەریی وڵاتان دەگرێت، هەر دەستوەردانێکیشی بۆ خزمەتی بەرقەرابوونی ئاشتی و سەقامگیرییە لەناوچەکەدا نەك دەستوەردان لە کاروباردا، بۆ نمونە؛ بوونی لە لیبیا، ببینە لیبییەکان خۆیان کاروباری خۆیان دەبەن بەڕێوە و تورکیا دەستوەردانی نەکردوە تەنها بۆ خزمەتی سەقامگیری نەبێت لە لیبیادا. لە سۆماڵیش، ئێستا تەماشای ئەو وڵاتە بکە، تورکیا چوو دەستوەردانی کرد و دەوڵەتێك لەوێ دامەزرێنرا، کە پێشتر دەوڵەتێکی شکستخواردوو بوو. کاتێك دەوڵەتەکە دامەزرا، سۆماڵی بۆ سۆماڵییەکان بەجێهێشت، ئێستا خۆیان وڵاتەکەیان بەڕێوەدەبەن، بەدڵنیایی بەبوونی دۆستایەتی لەگەڵ تورکیا و پاڵپشتیی تورکیا، بەڵام ئەمە بەهیچ شێوەیەك مانای دەستوەردان ناگەیەنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان