محەمەد عەباس بەهرام: ئاگرێكی بێ خۆڵەمێش!

09:56 - 2025-05-16
کەلتور
135 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

پرچی زەردت وەك زنجیرێك
لە دەست ‌و قاچم ئاڵاوە
نیگای چاوت وەكو تیرێك
ئاوێنەی ڕووتی پێكاوە
ئاگرێكی بێ‌ خۆڵەمێش
دڵی منە كڵپەی یاوە
ئاگرێكی بێ‌ خۆڵەمێش
دڵی منە وا سووتاوە
(بارزان عوسمان)

محەمەد عەباس بەهرام، هونەرمەندێكی ناوداری كوردستانە، لەڕێی گۆرانییەكانییەوە خزمەتێكی زۆری بەهونەری ڕەسەنی كوردی كردووە‌ و شوێن پەنجەی ڕەنگینی هونەری دیارە.
ڕۆژی 14ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1952 لەگەڕەكی تەپەی مەلا عەبدوڵڵای شاری كەركووك لە دایك بووە، بەڵام هەر وەك خۆی باسی دەكات لە بنەچەدا دایك‌ و باوكی خەڵكی گەڕەكی سابونكەرانی شاری سلێمانین‌ و بۆ كار‌و كاسپی ڕوویان لەشاری كەركوك كردووە‌و لەو شارە میهرەبانە نیشتەجێبوون‌و گیرساونەتەوە.
قۆناغەكانی خوێندنی لە شارەكانی كەركوك‌و بەغدا تەواو كردووە، ساڵی 1972 بڕوانامەی لە بەشی موزیكی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا وەرگرتووە. هەر هەمان ساڵ لە ڕادیۆی كوردیی بەغدا دامەزراوە، مامۆستا عەلی مەردان كە ئەو كات ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی هونەری بووە، ڕۆڵی دیاری لە وەرگرتنیدا هەبووە.
بەهرام، هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەرەكانی فۆتۆگرافی‌و گۆرانی بوو، دواتر هونەری گۆرانی بەسەر هونەری فۆتۆگرافیدا زاڵ بوو ‌و ڕێچكەی هونەری گۆرانی گرتەبەر، فەزڵی ئەوەش بۆ مامۆستای وانەی هونەری قۆناغی سەرەتایی دەگەڕێتەوە، كە ئەویش مامۆستا ئەنوەر تاهیر بوو، كە بە مەلا ئەنوەر كۆیی ناسرابوو، مامۆستا ئەنوەر هەستی بە بەهرەی هونەریی محەمەد عەباس كرد‌ و هانیدا بایەخ بە هونەری گۆرانی بدات‌و بۆ ئەو مەبەستە پشتیوانی تەواوی ئەو خوێندكارە بەهرەمەندەی كرد.
لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردووەوە، دەستی بەگۆرانی وتن كرد، ئەو بە هونەرمەندانی وەك (عەلی مەردان، سەید عەلی ئەسغەر‌و حەسەن زیرەك) سەرسام بوو،  سەرەتای ساڵانی حەفتاكان، بە گۆرانی (كیژۆڵەی سوورە گوڵ) دەستی پێكرد، دواتر ساڵانی هەشتاكان، گۆرانی ( ئاگرێكی بێ‌ خۆڵەمێش) كە شیعری شاعیری شەهید (بارزان عوسمان) بوو، لە تەلەفزیۆنی كەركووك تۆماری كرد، گۆرانییەكە هێندە بەسۆز بوو، ئەم هونەرمەندەی بەهەموو خەڵكی كوردستان ناساند، ئەگەر بە تەنها هەر ئەو گۆرانییەشی هەبوایە، بەس بوو بۆ ئەوەی هونەرمەند بێت.
ساڵی 1985، محەمەد عەباس بەهرام، ڕووی لە هەندەران كرد‌ و چووە بەریتانیا‌و لە سكۆتلەندا گیرسایەوە.
لەوێش بەردەوام بوو لە خوێندن‌ و كاری هونەری، خولیا كۆنەكەی هونەری فۆتۆگرافی زیندوو كردەوە‌ و لە بواری هونەری فۆتۆگرافی‌و كامێرەی سینەمایی خوێندی‌ و بڕوانامەی بەدەستهێنا، هونەری موزیكیشی لە بیر نەكرد‌ و ساڵی 2011 بڕوانامەی ماستەری لە بواری موزیك وەرگرت.
بایەخی زیاتری بە ئامێری پیانۆ دا‌و زۆرتر تێیدا قاڵبۆوە.
مامۆستا محەمەد عەباس بەهرام، گۆرانییەكانی لە ڕووی ژمارەوە زۆر نین، هەر نزیكەی 30 گۆرانی دەبن، بەڵام لە ڕووی چۆنایەتی‌و ڕەسەنایەتیی هونەری كوردەوارییەوە زۆر بەرز‌و بڵندن.
ئەو هونەرمەندەی لە كەركووكەوە  كاروانی هونەری بەڕێخست‌و تا سكۆتلەندا بەردەوام بوو، ئاستی بەرزی هونەرە جوانەكەی پاراست.

سەرچاوە: سوودم لە وتارێكی بەپێز‌و پڕ زانیاریی هاوڕێی خۆشەویستم كاك (جەمالی دەلاك) لە سەر هونەرمەند محەمەد عەباس بەهرام وەرگرتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان