مینا عەلی تەمەن 27 ساڵان، خولیایەكی تایبەتی بۆ هونەری شێوەكاری هەیە، كارەكانی جێگەی سەرنجن و توانیویەتی چەندین بەرهەمی جوان پێشكەش بكات و پێشانگەی شێوەكاری بكاتەوە.
مینا عەلی تایبەت بۆ كوردستانی نوێ وتی: هونەر بۆ من رووناكی ژیانە، گۆڕەپانی رەنگەكانە بۆ دەربڕینی هەست و ماناكان، هاوكات گوزارشت كردنە لە جوانییەكان.
وتیشی: هونەر منی بردە ناو دنیایەكی پڕ لە سۆز و گوڵ و رەنگ، واتە قوتاربوونە لە گێژەڵۆكەیەكی تاریك بەرەو دنیای جوانی و رەنگەكان.
مینا پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی خانەقی تەواو كردووە، ئێستا مامۆستایە لەیەكێك لەخوێندنگەكانی خانەقی و توانیویەتی چەندین چالاكی گەورە ئەنجام بدات، ستایشی سەنتەری گەنجانی شارەكەی كرد، كە رۆڵی گەورە دەدەن بە ژن و كچانی خاوەن بەهرەی خانەقی و وەك خۆی دەڵێت: لەوێدا زیاتر خۆی دۆزیوەتەوە.
ئەوشی وت: مامۆستای هونەرم، بەردەوام هەوڵیشدەدەم خەڵك و بە تایبەت خوێندكارەكانم لە هونەر تێبگەیەنم، وە نەوەكانی داهاتوو رابكێشمە ناو دنیای هونەرەوە.
سوپاسی باوكی دەكات كە پشت و پەنای بووە و هانیداوە بچێتە ناو دنیای هونەر و هەمیشە لەگەڵیدا بووە.
مینا باسی رووداوێكی گرنگی ژیانی دەكات، ئەو كاتەی لە ساڵی 2020 بەنوێنەرایەتی سەنتەری گەنجان بەشداری پێشانگەیەك دەكات لە شاری سلێمانی و لەوێدا خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، داوای یەكێك لە تابلۆكانی دەكات كە گوزارشتی لەژیانی ئاوارەكان كردبوو.
تەها نەجم