شکست لە دەریادا روسیا چۆن بۆتە هاوبەشێکی بچووکی چین؟

11:45 - 2025-05-21
جیهان
72 جار خوێندراوەتەوە

کۆڵین فلینت، پرۆفیسۆری ناسراوی جوگرافیا لە زانکۆی ویلایەتی یوتای ئەمریکی، لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی "دیفێنس وەن"ی تایبەت بە کاروباری سەربازی بڵاویکردووەتەوە، شرۆڤەی دۆخی هێزی دەریایی روسیا دەکات و پێیوایە شکستەکانی لە جەنگی ئۆکرانیادا وایکردووە ببێتە هاوبەشێکی بچووکتری چین لەم بوارەدا.
فلینت جەختدەکاتەوە رەهەندی دەریایی جەنگی ئۆکرانیا، کە زۆرجار پشتگوێ خراوە، دەرخەری لاوازییەکانی روسیایە. سەرەڕای گەمارۆ سەرەتاییەکانی سەر ئۆکرانیا، هێزی دەریایی روسیا لە دەریای رەشدا تووشی شکستی گەورە بووە؛ روسیا لە کۆی 36 کەشتی جەنگی، 15 کەشتی لەدەستداوە و ناچاربووە بە کشانەوەی بەشێکی زۆری کەشتییەکانی لە بەندەری سیڤاستۆپۆڵ. ئەمەش توانای دەریایی روسیای بەتەواوەتی لاواز کردووە.
بەپێی شیکردنەوەکەی فلینت، ئەم پاشەکشە دەریاییە وای لە مۆسکۆ کردووە کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە دەریاکاندا، زیاتر پشت بە بەیجینگ ببەستێت.
هەرچەندە هەردوو وڵات مانۆری سەربازیی دەریایی هاوبەش ئەنجام دەدەن، وەک ئەوەی لە مانگی تەمموزی 2024 لە دەریای باشووری چیندا رووی دا، فلینت ئاماژەدەکات کە روسیا لەم هاوبەشییەدا رۆڵێکی لاوەکی و پاشکۆیانە دەبینێت، چین سوودمەندی سەرەکییە و ئەم هاوبەشییە بۆ فراوانکردنی هەژموونی ئابووری و سەربازیی خۆی بەکاردەهێنێت.
نووسەری وتارەکە (فلینت) پێیوایە، بەرژەوەندییەکانی روسیا تەنها کاتێک دابین دەکرێن کە لەگەڵ ویستی چیندا یەکبگرنەوە. تەنانەت رێککەوتنە نوێیەکانیش کە پەیوەستن بە جەنگی ئۆکرانیاوە، ئەو پاشەکشە ستراتیژییە قەرەبوو ناکەنەوە کە روسیا وەک هێزێکی دەریایی سەربەخۆ لە ئاستی جیهاندا تووشی بووە و ناچارە وەک هاوبەشێکی بچووکتری چین رۆڵ ببینێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان