ئەوەی لە شەقامدا دەوترێت، دەنگۆیە و کاریگەری نییە

عیراق لەسەر رێگەی هەڵبژاردنە و ناوچەکەش لە گۆڕانکاریدایە

10:51 - 2025-05-28
کوردستان
85 جار خوێندراوەتەوە

عیراق لەسەر رێگەی هەڵبژاردنە و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و حزب و لایەنەکانیش لە هەنگاوەکانیان بەرەو پرۆسەکە بەردەوامن.
بەگوێرەی ئەو وادەیەی بڕیاری لێدراوە، کۆمسیۆن بەردەوامی بە ئامادەکارییەکانی پرۆسەکە دەدات و دەیەوێت هەڵبژاردنی گشتی بەسەرکەوتوویی لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت. پێشتریش محه‌مه‌د شیاع سودانی رایگه‌یاند: هه‌ڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق له‌ 11ی تشرینی دووه‌می 2025دا، به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بۆ قسەکردن لەسەر هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی لە وادەی خۆیدا، کوردستانی نوێ بەدواداچوونێکی كردووە و لەم راپۆرتەدا وردەکارییەکەی دەخاتەڕوو:
هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت
باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەکرێت، بەڵام تائێستا دەنگۆیە و هیچ شتێکی رەسمی نییە، د.عەباس مستەفا مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئەوەی ئێستا لە شەقامی عیراقی دەگوزەرێت، جگە لە دەنگۆیەك هیچی دیکە نییە. لە شەقامی عیراقیدا هەر یەكە و بە جۆرێك قسە دەكەن و بە ویستی خۆیان شتەكان دادەڕێژن، بەڵام چەند لێكدانەوەیەك هەیە كە یەكێكیان ئەوەیە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق تا ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارییە و كاروبارەكان بەڕێ دەكات، رێنمایی و گشتاندنەكانی دەنێرێت بۆ حزبەكان، بەڵام ئەو گۆڕانكارییانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بەتایبەتی كێشەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، بابەتی سوریا و كێشەی فەلەستین، رەنگە كار بكەنەسەر هەڵبژاردنەكانی عیراق، بەڵام تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەك نییە و بڕیارە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت.
ئەگەر كێشەیەك رووبدات كاریگەری دەبێت
وتیشی: ئەگەر كێشەیەك لە ناوچەكەدا رووبدات بە تایبەتی لە ئێران، كە دراوسێیە، بە دڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر عیراق و لەسەر بابەتی هەڵبژاردنەكانیش دەبێت، چی بە دواخستن بێت، یاخود بە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكان، ئەگەر ئەو بابەتەی باس دەكرێت بە تایبەتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بابەتی سوریا، ئەوا هەموویان كاریگەرییان لەسەر عیراق دەبێت.
ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردن بەردەوامە
د.عەباس مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لەئێستادا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئامادەكارییەكانی بەردەوامە و هیچ قسەیەكی لەسەر دواخستن، یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن نییە، كە بڵێت توانای ئەنجامدانی پرۆسەکەمان نییە.
لە هەڵبژاردنەكاندا ئەم دەنگۆیانە هەیە
هەر لەسەر ئەم پرسە، هەڵشۆ عەبدولفەتاح شارەزای بواری هەڵبژاردن بۆ كوردستانی نوێ قسەی کرد و باسی لەوەکرد، پرسی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی عیراق تا رادەیەك نەبووە بە عورف، بەتایبەتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، چونكە ئەمە بابەتێك نییە كە پێشتر وڵاتەکە ئەزموونی تێدا هەبێت، بەڵكو بەردەوام لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنەكاندا ئەم دەنگۆیانە لەنێو هێز و لایەنە سیاسییەكانی بەشداریی پرۆسەکە و ئەوانەشی بڕیاریان داوە بەشداری نەكەن، بڵاودەبێتەوە، جا بە مەبەست بێت، یاخود بێ مەبەست.
دەقێكی یاسایی نییە هەڵبژاردن دوابخات 
وتیشی: لەڕاستیدا بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان، دواخستنی هەڵبژاردن، یان ئەنجامنەدانی تا رادەیەك راستی تێدایە، پێشتر ئەوان هەڵبژاردنیان نەكردووە و ئەنجومەنەكانیش سڕكرابوون، بەڵام ئەمجۆرە دواخستن و ئەنجامنەدانە یاخود سڕكردنە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نابێت، هەرجۆرە دەنگۆیەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەرناگرێت و دوور دەبێت لە راستی، چونكە هیچ دەقێكی یاسایی و دەستووری رێگە بەوە نادات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دوابخرێت، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردن و دەستوور، كات و ماوەی كاركردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریی كراوە بۆ چوار ساڵ. بێگومان ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەمساڵدا، ساڵی چوارەمینە و پێویستە هەڵبژاردن بكرێت و خولێكی نوێ دەستبەكاربێت.
تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەران
ئەگەر هەڵبژاردن دوابكەوێت بێگومان عیراق دەكەوێتە بۆشایی یاسایی و دامەزراوەییەوە، كە لە دوای ساڵی (2005)ەوە تائێستا ئەو حاڵەتە رووینەداوە و دەستوور و یاساكانیش، رێگە بەو كارە نادەن.
هەڵشۆ عەبدولفەتاح ئاماژەی بەوەکرد، لە رابردوودا هەمیشە دەنگۆ هەبووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان بەتایبەتی لە (2018)دا، كە دەنگۆكان زۆر بەهێز بوون، بەڵام هەر زوو لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە وەڵامی ئەو داواكاری و سكاڵایانە درایەوە، کە تایبەت بوون بە دواخستنی هەڵبژاردنەكان. دەشڵێت: بە هیچ جۆرێك رێگە پێدراو نییە تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق درێژبكرێتەوە و هەڵبژاردن دوابخرێت، چونكە تەمەنی ئەنجومەنی نوێنەرانی بە گوێرەی دەستووری عیراق بۆ (4) ساڵ دیاریكراوە، كە لە یەكەم دانیشتنەوە دەستپێدەكات و لە ساڵی چوارەمدا بە كۆتا دانیشتن، كۆتایی دێت.
دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت
راشیگەیاند: لەئێستادا دواخستنی هەڵبژاردنەكان تەنها دەنگۆیەكە و بابەتێك نییە هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی و دەستووریی هەبێت. وتیشی: پێموانییە هێز و لایەنە سیاسییەكان كارێكی لەو جۆرە بكەن، ئەگەر هەنگاوێكی لەو جۆرە هەبێت و ببێتە سكاڵا و بچێتە بەردەم دادگای فیدراڵی، ئەوا قبووڵی ناكات.

كوردستانی نوێ، هیوا كازم

بابەتە پەیوەندیدارەکان