دەركەوت كە ئینتەر شایانی یاریی كۆتایی نەبوو

11:40 - 2025-06-03
وەرزش
47 جار خوێندراوەتەوە

کاروان جەلال


شەوی شەمەی رابردوو، یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگی یانەكانی ئەوروپا كرا و یانەی پاریس سان جێرمان بردنەوەیەكی گەورەی تۆمار كردو 5-0 لە ئینتەر میلانی بردەوە.
ئەم یارییە بە رای زۆربەی رەخنەگران و شیكەرەوەكانی یارییەكە، نەگەیشتبووە ئاستی یاریی كۆتایی پاڵەوانێتییەكی گەورەی وەك چامپیۆنس لیگ، ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك، كە ئەمانەی خوارەوە دیارترین ئەو هۆكارانەن.
یەكەم: كۆتایی هاتنی یارییەكە بەو ئەنجامە قورسە بۆ ئینتەر و ئەو بردنەوە گەورەیەی پاریس سان جێرمان 5-0، بووبە یەكەم ئەنجامی خراپی یاریی كۆتایی لە مێژووی چامپیۆنس لیگدا.
دووەم: ركابەرەكەی پاریس سانجێرمان كە ئینتەر میلان بوو، لە یارییەكەدا چ لە رووی ئاستی هونەریی و چ لەڕوی ركابەریی تیپی بەرامبەرەوە، لە خراپترین ئاستدا بوو، بە درێژایی یارییەكە نەیتوانی بەهیچ شێوەیەك ركابەریی پاریسییەكان بكات.
سێیەم: كۆتاییهاتنی یارییەكە 5-0 بە سودی پاریس سانجێرمان، مانای ئەوە بوو كە ئینتەر نە تیپێكی بەرگریكاری باش بوو، نە خاوەنی هێڵی هێرشبەرێكی باشیش بوو، بەڵگەش بۆ ئەمە لە یارییەكەدا نە لاوتارۆ مارتینێز و نەتورام نەیانتوانی هیچ مەترسییەك لەسەر دۆنارۆمای گۆڵپارێزی پاریس دروستبكەن.
لە رووی بەرگریشەوە، ئینزاكی راهێنەری ئینتەر، نەیتوانی دیوارێكی بەرگریی باش لەبەردەم دوێ و دیمبلی و حەكیمی و كفارا تسخیلیادا دروسبكات، ئەوە سۆمێری گۆڵپارێزیش لەولاوە بوەستێت كە پێنج جار تۆڕی گۆڵەكەی هەژێنرا و پاریسییەكان چەند گۆڵیكیشیان لەدەستدا، ئەگەر نا ئەوا ئەنجامەكە خراپتر دەبوو بۆ ئینتەر. 
چوارەم: دەركەوت كە یانەی ئینتەرمیلان بە هیچ شێوەیەك شایانی ئەوە نەبوو بگاتە یاریی كۆتایی ئەمساڵی ئەم پاڵەوانێتییە گرنگەی ئەوروپا، بە تایبەتیش كە لە یاریی پێشكۆتاییدا لە یارییەكی گوماناویی سینارێو بۆ داڕێژراودا، زۆر بەزەحمەت و بە چەندین هەڵەی دیاریی مارچینیاكی ناوبژیوانی یارییەكەی 4-3 لە بارسیلۆنا بردەوە و گەیشتە ئەم یارییە و دەركەوت كە تیپی یاریی كۆتایی نەبوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان