ریاڵ مه‌درید بەهاکەی 6.3 ملیار یۆرۆیە

11:42 - 2025-06-03
وەرزش
39 جار خوێندراوەتەوە

ئاماده‌كردنی هه‌وراز كاوه‌

بەپێی راپۆرتی (بەهادان بە یانەکانی تۆپی پێی ئەوروپا) كه ساڵانە پەیمانگای تۆپی پێ بڵاویدەکاتەوە، یانەی ڕیاڵ مەدرید شوێنی خۆی وەک بە بەهاترین یانەی تۆپی پێی جیهان بە بڕی 6.3 ملیار یۆرۆ قایم کردووە.
لەدوای بڵاوبوونەوەی یەکەم راپۆرتی ساڵی 2016 -ی پەیمانگاکە، ریاڵ مەدرید بووە بە یەکەم یانە سنوری 6 ملیار پاوەند تێبپەڕێنێت، مانچستەر سیتی و مانچستەر یونایتدیش، هەریەکەیان بۆ یەکەمجارە بەهاکەیان سنوری 5 ملیار پاوەندیان تێپەڕاندووە و پلەی دووەم و سێیەمیان گرتووە، هه‌رچی یانه‌ی بارسیلۆنایە‌ کەوه‌رزی پێشوو لەڕووی داراییەوە کێشەی زۆری هەبوو، بە بڕی 4.459 ملیار پاوەند گەیشتۆتە پلەی چوارەم.
لە راپۆرتەکەدا 32 یانەی ئەوروپا لەڕووی کۆی داهاتیانەوە، لەنێو 50 باشترین یانەكانی جیهاندان، هەروەها لەڕووی سۆشیال میدیاوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ریزبەندیی 30 یانە گەورەکانی جیهانیان گرتووه‌.
ئەندریا سارتۆری دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (فۆتبۆڵ بنچمارک) روونیکردەوە، راپۆرتەکە تیشکی خستۆتە سەر چۆنییەتی پەرەسەندن و گەشەکردن و خۆڕاگری تیپه‌كان تۆپی پێی ئەوروپا لە ماوەی10 ساڵدا.
هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوەشکردووه‌، ئەو گەشەسەندنە گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەخۆیەوە بینیوە، کاریگەری چاکسازییەکانی رێکخراوەیی و به‌ دیجیتاڵکردن و سەرهەڵدانی کێبڕکێی نوێ و فراوانبوونی بازرگانی بێ وێنەی لەسەر بووە. ئەندریا سارتۆر ئاماژەی بەوەشکردووه،‌ یانە نوخبەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لە جاران بەناوبانگتر بوون و بەهاشیان زیاتر بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ساڵی 2016 ەوە لە چامپیۆنس لیگدا کۆی بەهای 32 یانە سەرەکییەکە بە ڕێژەی%146 زیادیکردووە، لە کاتێکدا تێکڕای ڕێژەی تێچووی یانەکان بەرامبەر بە داهاتی یانەکان لەم ساڵانەی دواییدا کەمیکردووە بۆ%82 .
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە کە قازانج وەک تەحەدایەک دەمێنێتەوە، لەگەڵ گەشەی تێچوونەکان بۆ له‌ %78 لە داهاتی کارپێکردنیان زیاترە، بەڵام لەگەڵ نیشانەکانی باشتربوون  و ڕێژەی داهات ساڵی 2023 لە سەدا 95 بۆ لەسەدا 82 دابەزیوە.
بەپێی راپۆرتەکە، یانه‌ی ئارسناڵ بەهێزترین گەشەی ساڵانەی کردووە، بە ڕێژەی %29 و گەیشتووەتە پلەی حەوتەم، یانەی ئەستۆن ڤێللاش، گەورەترین گەشەی گشتی لە ریزبەندییەکەدا کردووە، کە لە چاو ساڵی رابردوودا بە رێژەی%42 زیادیکردووە و گەیشتووەتە 899 ملیۆن یۆرۆ. پێشبینی دەکرێت بەهای دارایی کۆی گشتی 32 یانە سەرەکییەکه‌ی ئه‌وروپا، تا کۆتایی ساڵی 2025 بگاتە 6407 ملیار یۆرۆ.
هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە کە یانە نوخبەکان نەک تەنیا لە گۆرەپانی وەرزشیدا، بەڵکو وەک براندی جیهانیش خۆیان ناساندووە، 10 یانە گەورەكه‌ش، نزیکەی نیوەی داهاتیان لە چالاکییە بازرگانییەکانەوە بەدەستهێناوە.
بۆ یانە بچوکەکانیش، بۆ بەردەوامیی گەشەی داراییان هێشتا پشت بە ستراتیژی بازرگانیکردن بە یاریزانانەوە دەبەستن، ئەمەش مۆدێلێکە کە لەلایەن چەندین یانەوە کاری پێدەکرێت، بۆ نموونە؛ یانەکانی بەنفیکا و پۆرتۆ لە پورتوگال و ئەتڵانتا لە ئیتاڵیا و چەندین یانەی ترەوە بە سەرکەوتوویی جێبەجێکراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان