هەردوو تیپی یانەكانی سلێمانی و سیروانی نوێ، سەركەوتووانە یارییەكانی دوا قۆناغی خولی پلە سێی یانەكانی عیراقیان بۆ گەیشتن بە خولی پلە دوو بڕی و بە یەكەمی گروپەكانیان گەیشتوونەتە قۆناغی داهاتوو یارییەكانی ئەم خولە.
تیپی یانەی سلێمانی
تیپی یانەی سلێمانی لە دوا یاریی خۆیدا لە گروپەكەیدا (گروپی چوارەم) توانی بردنەوەیەكی گەورە تۆمار بكات و 7-0 لە تیپی یانەی بەلەدروز بباتەوە، یارییەكە لە بەعقوبە كرا، بە هاتریكی جوامێر حەمە ئەمین و دوو گۆڵی محەمەد جەمال و گۆڵەكانی محەمەد ئیبراهیم و هێمن نازم، ئەم بردنەوە گرنگەیان تۆماركرد و بە یەكەمیی گروپەكەیان گەیشتنە قۆناغی داهاتوو كە تیپی 8 یانە تێیدا بەشداریی دەكەن.
لە سێیەم یاریشیدا و لە یاریگای فەرماندەیی، میوانداریی لە تیپی یانەی ئەلرەد كرد كە یەكەمی گروپەكەیە و توانی 3-1 لە تیپی میوان بباتەوە، هەفتەی پێشووتریش لە جەولەی سێیەمی یارییەكانی ئەم خولەدا ،بردنەوەیەكی تری باشی لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا تۆمار كرد و 5-0 لە تیپی یانەی ئەلحوڕی كەربەلای بردەوە، لە یەكەم هەفتەی یارییەكاندا چاوەڕوان بوو، هەفتەی دووەمیش لە یاریگای خۆیدا 1-1 لەگەڵ یانەی خەلیج ئەلعەرەبی یەكسانبوو.
سیروانی نوێ
تیپی یانەی سیروانی نوێش دووەم یانەی شاری سلێمانییە كەبەشداریی ئەم خولە دەكات، ئەمیش لە دوایین یاریی و لە یاریگای خۆیدا، 1-0 لە تیپی یانەی بەلەدی بردەوەو ئەمیش بە یەكەمی گروپەكەی بۆ قۆناغی 8 یانە سەركەوت.
ئەم یارییە چوارەم یاریی سیروانی نوێ بوو لە قۆناغی گروپەكاندا، لە هەفتەی سێیەمیشدا و لە یاریگای خۆیدا 3-1 لە تیپی یانەی مەیمونەی بردبۆوە و ئێستا بە كۆكردنەوەی 10 خاڵ، لە سێ بردنەوەو یەكسانبونێك یەكەمی گروپی سێیەمی یانە بەشدارەكانە.
شایانی باسە 20 تیپی یانەكانی عیراق بەشداریی ئەم قۆناغەی خولەكە دەكەن، یەكەم و دووەمی سەرجەم گروپەكان راستەوخۆ دەگەنە قۆناغی دواتر و 8 یانە.
سیستمی یارییەكان
*رۆژی 18/5 یارییەكانی ئەم قۆناغەی خولەكە دەستیپێكردووە.
*20 تیپی یانەكانی عیراق بەشداری قۆناغی گروپەكانیان كردووە و بەسەر چوار گروپدا دابەشكراون.
*یارییەكان بە خولێكی یەك قۆناغ بەڕێوە چوون.
*هەرتیپێك دوویاریی لە یاریگای خۆی و دوو یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا كردووە.
*یەكەم و دووەمی هەر چوار گروپەكە كە 8 یانە دەكات، دەگەنە قۆناغی چارەكی كۆتایی.
*لەو قۆناغەشەوە 4 یانە دەگەنە قۆناغی چوار گۆشەی زێڕین و 4 یانەیی.
*پاش ئەوەی یارییەكانی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینیش دەكرێن، یەكەم و دووەم راستەوخۆ دەگەنە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق.