كالۆس ئەلكارازی ئیسپانی و یاریزانی دووەمی ریزبەندیی جیهان، ریمۆنتادایەكی مێژوویی تۆمار دەكات، ئەلكاراز لە یاریی كۆتایی گراند سلامی رۆڵان گارۆسدا، بەرامبەر یانیك سینەری ئیتاڵی و یەكەمی ریزبەندیی جیهان 2-0 لە دواوە بوو، ئەلكاراز پاش زیاتر لە 5 سەعات و 30 دەقیقە لە یاریی و ركابەریی و ململانێی بەهێز، ئەنجامەكەی بەسودی خۆی 3-2 گۆڕی و بردنەوەیەكی مێژووی تۆمار كرد و جام و خەڵاتی یەكەمیی ئەم گراند سلامەی بردەوە.
ئەم ریمۆنتادا مێژووییە چووە پاڵ ریمۆنتاداكانی تر كە لەمێژووی ئەم یارییە گرنگەدا کە پیشتر تۆماركرابوون، پێشتر 5 ریمۆنتادای مێژوویی لەم چەشنە تۆمار كرابوون، ریمۆنتاداكانیش ئەم یاریزانانە تۆماریانكردوون:
-1 بیۆرن بۆرگی سویدی، ساڵی 1974 بەرامبەر مانۆیێل ئۆرانتیسی ئیسپانی.
-2 ئیڤان لیندی چیكی، ساڵی 1984 بەرامبەر جۆن ماكینرۆی ئەمریكی.
-3ئەندرییە ئاگاسی ئەمریكی، ساڵی 1999 بەرامبەر ئەندرییە میدڤیدیێڤی ئۆكرانی.
-4 گاستۆن گاودیۆی ئەرجەنتینی، ساڵی 2004 بەرامبەر جییرمۆ كۆرییای هاووڵاتی خۆی.
-5 نۆڤاك جۆكۆڤیچی سربی، ساڵی 2012 بەرامبەر ستیڤانۆس تیستیسباسی یۆنانی.
بەم ئەنجامەش ئەلكاراز پارێزگاری لە نازناوی پاڵەوانی ساڵی رابردووی خۆی كرد و بۆ دووەم ساڵی یەك لەسەر یەك بوو بە پاڵەوانی ئەم گراند سلامە كە دووەمین گراند سلامی ئەمساڵە.
جگە لەوەش ئەمە پێنجەم نازناوی پاڵەوانی گراند سلامەكانە ئەلكاراز بەدەستیان دەهێنێت (2 رۆڵاند گارۆس و 2 ویمبڵدۆن و 1 ئەمریكای كراوە).
خولی كچان
سەبارەت بە خولی كچانیش، كۆكۆ گۆفی ئەمریكی لە یاریی كۆتاییدا 2-1 لە ئارینا سابالینكای بیلۆروسی بردەوە، ئەمە یەكەم نازناوی پاڵەوانی ئەم گراند سلامەیە گۆف دەیباتەوە، بوو بە یەكەمین كچی ئەمریكا پاش سیرینا ویلیامز جامی ئەم گراند سلامە بباتەوە.
لەم یاریی كۆتاییەدا، گۆفی دووەمی ریزبەندیی بە هۆی ئەوەی كەمترین هەڵەی لە یارییەكدا كرد بەرامبەر بە زۆرترین هەڵەی سابلینكا (70 سابلینكا، 30 گۆف) توانی سەركەوتن بەرامبەر یەكەمی ریزبەندیی جیهان بەدەستبهێنێت.
ئەمە دووەم گراند سلامە سابالینكا لە یاریی كۆتاییدا دەدۆڕێت، پێشتریش لە ئوستورالیای كراوەشدا كە یەكەم گراند سلامی ئەمساڵ بوو، بە مادیسۆن كیزی ئەمریكی دۆڕا.