ئامادەکردنی / ئەیاز هەرکی
به‌راورد به ساڵانی رابردوو، ئه‌مساڵ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم و جۆ كه‌میكردووه و كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ره‌وش و بژێویی جووتیارانی رۆژئاوای كوردستان به‌گشتی هەبووە، هه‌رچه‌نده به‌شی هه‌ره زۆری زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا پشت به ئاوی باران ده‌به‌ستن، چونكه كشتوكاڵ له‌م به‌شه‌ی كوردستاندا به‌نده به بارانێكی زۆرەوە، بۆ گەشەی هەموو به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی دیكه لە رۆژئاوا، بەڵام به‌هۆی به‌رده‌وامیی وشکەساڵییەوە، ئەمساڵ چاندنی زەوییە دێمییه‌کانیش کەمیکردووە.
لەماوەی 5 ساڵی رابردوو تا ئەمساڵیش وشکەساڵی کێشەی گەورەی بۆ کەرتی کشتوکاڵ له‌و پارچەیەی کوردستان دروستکردووە، بەڵام ئەمساڵ زیانەکەی زیاترە، چونکە رێژەی بەرهەمهێنانی گەنم بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر کەمیکردووە، بەشێكی زۆری گەنم و جۆی زه‌وییه دێمییه‌كانی جووتیاران لە رۆژئاوای کوردستان فه‌وتاوه.
دۆخی ئابووریی هاووڵاتیانی رۆژئاوای كوردستان سه‌ختتر بووه و کاریگەریی لەسەر دۆخی بژێوییان دروستکردووە، بەشێوەیەکی گشتی ئەمساڵ بەراورد به ساڵانی رابردوو لێكه‌وته‌كان و دەرەنجامی ئەو زیانانە یەکجار زۆرن.
لەلایەکی دیکەشەوە وشکەساڵی و کەمیی باران و دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکانی فورات و دیجلە بارگرانیی زیاتری لەسەر جووتیاران دروستکردووە و زیانی بە زەوییە بەراوەکانیش گەیاندووە.
کەمیی رێژه‌ی بارانبارین لەمساڵدا بووه‌تە هۆی کەمبوونەوەی ئاویی ژێر زەوی و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاوی رووبارەکانیش له‌لایه‌ن توركیاوه کێشەی زیاتری بۆ جووتیارانی ناوچەکە دروستکردووە.
مو‌سا قامیشلۆیی جووتیارێكی گوندنشینی ده‌ورووبه‌ری شاری قامیشلۆ، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: لە گوندەکەماندا زەوییەکی زۆرمان هەیە بۆ چاندنی گەنم و جۆ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیكه، بەڵام بەهۆی کەمیی بارانەوە گەنمەكانمان وەک ئەوانەی دیکەی سنووره‌كه له‌ناوچوون.
وتیشی: بەهۆی كه‌می بارانه‌وه، وشکبوونەتەوە و ئاژەڵەکانیشمان هەرزان فرۆش دەکەین، چونکە گەنم و جۆی ئه‌مساڵ لەناوچووە و هیچ زەوییەک بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیشمان نه‌ماوه، بۆیە ئەمساڵ ژیانمان زۆر قورس‌تر بووە و کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری به‌ته‌واوی پەکیان کەوتووە. زۆربەی زەویی گوندەکانی دەورووبەریش وێرانبوون، لە کاتێکدا ساڵانێکی زۆرە بژێویی سەرەکیمان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە، بەڵام ئەمساڵ هەموویان لەناوچوون و ماندووبوونی چه‌ندین ساڵه‌مان بەفیڕۆ چووه، هیوادارین به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره‌ی خۆسه‌ر هاوكاریی ئه‌و جووتیار و ئاژه‌ڵدارانه بكات كه ئه‌مساڵ زیانی دارایی زۆریان به‌ركه‌وتووه.
خه‌لیل عه‌بدی جووتیارێكی دیكه‌ی رۆژئاوای كوردستانە، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: ئەمساڵ بەهۆی سەختی قەیرانی وشکەساڵی و نەبوونی بارانبارینی پێویست و نەبوونی ئاوی رووبارەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر جووتیارانی ناوچەکە و لەسەر ئاوی ژێر زەویش کردووە.
وتیشی: زۆربەی زەوییە ئاودێرییه‌كانی سنوورەكه‌مان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، هەرچەندە هەندێک لە جووتیارانی ناوچەکە به ئاوی بیری ئیرتیوازی ئاودێریی گه‌نمه‌كانیان ده‌كرد، بەڵام قەبارەی زیانەکانی ئەمساڵ زۆر گەورەیە و زیانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک، گەنم و جۆ و بەرهەمەکانی دیکە پڕ ناکرێنەوە.
له‌وباره‌یه‌وه پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کانتۆنی جه‌زیرە لە رۆژئاوای کوردستان کرد، بەڵام ناوبراو هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو پرسە نەدا.
شایه‌نی باسه، لە ماوەی 100 ساڵی رابردووەوە تائێستا، کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری پایەی سەرەکیی بژێویی هاووڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان بووە، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی خەڵک پشتی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەبەستێت. ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان رووبەرێکی گەورە و فراوانی هەیە بۆ كه‌رتی کشتوکاڵی و بارانبارین و کەشوهەوای ساڵانی رابردوو باش و گونجاو بووە بۆ چاندنی گەنم و جۆ و سەوزە بەگشتی، بەڵام بەهۆی نەبوون یان کەمیی رێژەی بارانەوە لە پێنج ساڵی رابردوودا، رێژەی چاندنی گەنم و جۆش کەمیکردووە.
لەم ساڵانەی دواییدا، رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گەنم و جۆ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکەی رۆژئاوا زیاتر لە 400 هەزار تۆن بووه، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمه‌کە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە و قەیرانێکی گەورەی کشتوکاڵی لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان ده‌ستیپێكردووه.