ئامادەکردنی / ئەیاز هەرکی
فێستیڤاڵی (نۆژیان) بۆ سینهماكارانی كورد بۆماوەی چەند رۆژێک بهردهوام بوو بە نمایشکردنی 40 فیلم و کورتە فیلم و فیلمی دۆکیۆمێنتەری سەبارەت بە چیرۆکی ژنانی کورد له رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەچوو، بەتایبەتی ئەو ژنانهی له قۆناغهكانی مێژوودا لەلایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە چهوسێنراونهتهوه و زوڵمیان لێکراوە.
لهوبارهیهوه چیدهم رۆژ سینهماكار و ئهندامی كۆمیتهی بهڕێوهبردنی فێستیڤاڵی نۆژیان له قامیشلۆ به كوردستانی نوێی راگهیاند: بۆ یەکەمینجارە فێستیڤاڵی نۆژیان لە ناوەندی هونەرمەند محەمەد شێخۆ و پارکی ئازادی لە قامیشلۆ بۆ ژنانی سینەماکاری کورد بەڕێوەچوو و ماوەی 5 رۆژی خایاند. فێستیڤاڵەکە بە بەشداریی چەندین ژنە سینەماکاری کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و ئەوروپا و به ئامادهبوونی چهندین چالاكوان و گەنجانی قامیشلۆ بەڕێوەچوو کە تێیدا 40 فیلم و کورتە فیلم و فیلمی دۆکیۆمێنتەری نمایشکرا و هەموو فیلمەکان لەلایەن سینەماکارانی کوردەوە بەرهەم هێنرابوون، بەڵام هەندێک لە سینەماکارانی کورد بەهۆی بەربەستی سنوورەوە نەیانتوانی بەشداریی بکەن.
وتیشی: فێستیڤاڵەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و چەندین سیمینار و چالاکیی جۆراوجۆر لەسەر مێژووی سینهمای کوردی و جیهانیی تێدا خرایەڕوو. روونیشیکردەوە کە ئامانجیان لە فێستیڤاڵەکە، نیشاندانی مێژووی سینەمای کورد و رۆڵی ژنانی کورد بووە لە بواری هونەر و خەباتدا بۆ پاراستنی کوردستان بە درێژایی مێژوو، تا لەڕێگەی هونەری سینەماوه به ههموو جیهانی بناسێنێن، ههروهها به مەبەستی ئهوهی ژنانی کورد بتوانن پێشڕەوایەتیی مێژووی سینەمای کوردی بکەن.
لە کورتە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریدا، چیرۆکی ژنه رزگاربوویەکی ئەرمەنی بەناوی ئۆرۆرا ماردیگیان دەگێڕێتەوە، کە لە ساڵانی (1915-1917) لە کاتی جینۆسایدکردنی ئەرمەنییەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە كهسوكاری له دهست دهدات
چیدهم وتیشی: فێستیڤاڵەکە بۆ ژنانی سینەماکار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو و سینهماكارانی هەموو بەشەکانی کوردستان و ئەوروپاش بهرههمهكانیان تێیدا نمایشکرد، هاوكات لە کورتە فیلمێکی دۆکیۆمێنتەریدا، چیرۆکی ژنه رزگاربوویەکی ئەرمەنی بەناوی ئۆرۆرا ماردیگیان دەیگێڕێتەوە، کە لە ساڵانی (1915-1917) لەلایەن عوسمانییەکانەوە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان کراوە، ئەو ژنە كهسوكاری لهدهستدهدات و بە تەنیا دەمێنێتەوە و لە بازاڕدا وەک کۆیلە کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت، لەرێگەی فیلمێکەوە باس لە ژیانی خۆی دەکات و دەبێتە دەرهێنەرێکی ناسراو لە ئەمریکا.
روونیشیكردهوه: ئەو فیلم و کورتە فیلمانەی لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشکران، هەموویان هەست و بیرۆکەی ژنانی سینەماکاری کورد بوون. هەروەها فێستیڤاڵەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگەی كوردهواری و پەیوەندییەکانی نێوان سینەماکارانی کورد ههبووه و ئەمجۆرە فێستیڤاڵانە زۆر گرنگن، بۆیە پێیوابوو پێویسته ساڵانە لە هەموو پارچەکانی دیكهی کوردستاندا بەڕێوەبچێت، ژنانی کوردیش پێویستە گرنگی زیاتر بە بەهێزبوونی خۆیان بدەن، هاوکات سەروەری و سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و لەپێناوی یەکێتیی نهتهوهییدا خەبات بکەن.
بۆچی نۆژیان؟
نۆژیان ئهرهان ژنه رۆژنامەنووس و دەرهێنەر و سینەماکارێكی کوردی خەڵکی باکووری کوردستان بوو، رۆڵی گەورەی لە هونەری سینەمادا هەبووە و لە کاتی رووماڵکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دژی چەکدارانی داعشدا لە سنووری شنگال شەهید بوو.