ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
بارودۆخی جیهان بۆنی جەنگی لێدێت، وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی بودجەی سەربازییان زیادكردووە، جەنگی روسیا و ئۆكرانیا لە پەرەسەندندایە و ئەو بەڵێنانەش كە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا دەیدا و دەیووت بە زووترین كات شەڕ رادەگرێت، وا دەرنەچوو، ئاڵۆزییەكانی ئاسیاش بە هەمان شێوە ئەگەری پەرەسەندنییان لێدەكرێت، هندستان و پاكستان كە دوو وڵاتی خاوەن چەكی ئەتۆمین، لە ماوەی رابردوودا پێكدادان لە نێوانیاندا روویداو ئێستاش گەیشتوون بە ئاگربەست، بەڵام ئەو ئاگربەستە كۆتایی بە نیگەرانییەكان نەهێناوە، لە تازەترین هەنگاودا، پاكستان رایگەیاند، لە بودجەی دارایی نوێ بۆ ساڵی (2025 -2026)دا خەرجی گشتی كەمدەكاتەوە و بودجەی سەربازی زیاد دەكات، ئەمەش واتە خۆئامادەكردن بۆ جەنگ.
دوێنی سێشەممە، پاكستان رایگەیاند: بۆ ساڵی دارایی داهاتوو خەرجییە گشتییەكانی بە رێژەی %7 كەمدەكاتەوە، بە واتایەكی دیكە لە ساڵی داهاتوودا خەرجی گشتی كەمدەكاتەوە بۆ 62 ملیۆن دۆلار، لە هەمان كاتدا خەرجی سەربازی بە رێژەی %20 زیاد دەكات و هۆكاری سەرەكی ئەم زیادكردنەش لە بودجەی سەربازیدا ئاڵۆزی و پێكدادانەكانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە بوو لەگەڵ هندستاندا.
چاودێرانی سیاسی و سەربازی پێشبینی ئەم هەنگاوەی پاكستانیان كردبوو، لەبەر ئەوەی پاكستان لە پەنجاكانی سەدەی رابردووەوە لەگەڵ هندستاندا لە ململانێدایە و ئێستاش كە یەكێكە لە وڵاتە تازە هەڵكشاوەكان لە رووی ئابوورییەوە، دەیەوێت پێشوەختە حساباتی خۆی بكات و ئامادە بێت بۆ هەر بارودۆخێك، هەر بۆیەش هەوڵ دەدات ئەو خەرجییەی لە بواری سەربازیدا زیادی دەكات، نەبێتە بارگرانی لەسەر ئابوورییەكەی و بە كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان قەرەبووی دەكاتەوە، بەوەش حكومەتی پاكستان دەتوانێت كورتهێنانی بودجەكەشی كەم بكاتەوە بۆ %3,9، كە پێشتر و لە ساڵی دارایی رابردوودا %5,9 بوو.
حكومەتی پاكستان پێشبینی دەكات بۆ ساڵی دارایی داهاتوو رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەكەیدا %7,5 بێت و گەشەی ئابوورییەكەشی %4,2 كەمتر نەبێت، لە پاڵ ئەم هەنگاوانەدا پاكستان هەوڵ دەدات سەرچاوەكانی داهاتی زیاد بكات و ئامادەیی تەواوی هەبێت بۆ دابینكردنی خەرجیی جەنگ لەگەڵ هندستانی دراوسێیدا، كە هەمیشە ئەگەرێكی كراوەیە.
بەڵام مەترسییەكانی جەنگ تەنیا لەوەدا نییە، داخۆ پاكستان خەرجیی سەربازیی بۆ دابین دەكرێت، یان نا؟ بەڵكو مەترسی روودانی جەنگی ئەتۆمی زۆر لەوە گەورەترە و ئەگەر روو بدات، ئابووریی هەموو جیهان زیانی گەورەی پێدەگات و ماڵوێرانی و زیانە گیانییەكانیشی بۆ ئەو دوو وڵاتە و وڵاتانی دەوروبەریشی ئەوەندە گەورە دەبێت، كە مەزەندەكردنی ئاسان نییە.
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت