رۆمانی سواڵکەرەکە

10:43 - 2025-06-11
کەلتور
54 جار خوێندراوەتەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

رۆمانی سواڵکەر یەکێکە لە رۆمانە جوانەکانی نووسەری ناسراوی میسری نەجیب مەحفوز، ئەم رۆمانە شوانە عەبدوڵڵا لە عەرەبییەوە کردوویەتی بەکوردی و لەلایەن ناوەندی رۆشنبیری رەهەندەوە چاپکراوە. وەکو ئەوانی تری، هەڵگری کۆمەڵێک پەیامی مرۆڤایەتی گرنگە لەپێش هەموویانەوە (خۆشەویستی، کێشەی خێزانی، قۆناغی حوکمڕانی جەمال عەبدولناسر، پرسی ئازادیی) لە هەمووشی گرنگتر، نووسەر لەم رۆمانەیدا پانتایی گەورەی بۆ پرسیارکردن لە بارەی مانای ژیانەوە تەرخانکردووە، هەروەها باسی ژیانی کەسانێک دەکات، کە هەمووشتێک دەدۆڕێنن و ژیان لایان دەبێتە شتێکی هیچ و بۆش. هەربۆیە زۆرێك لە رەخنەگرانی ئەدەبی پێیانوایە، ئەم رۆمانە زیاتر دەچێتە قاڵبی فەلسەفەی بوونگەراییەوە، کە لەو سەردەمەدا نووسەر پێی سەرسام بووە، بەتایبەتی فەیلەسوفانی فەرەنسی لەپێش هەموویانەوە ژان پۆل سارتەر. جێگەی ئاماژەیە نەجیب مەحفوز ئەم رۆمانەی ساڵی 1965 نووسیوە، لەو سەردەمەشدا فکر و فەلسەفەی بوونگەرایی لە جیهاندا بەتایبەتی لە خۆرئاوادا، زۆر بڵاوبوو. 
لە هەمووشی گرنگتر، لەم رۆمانەدا نووسەر هەوڵیداوە زیاتر گرنگی بدات بەلایەنی ناوخۆی مرۆڤ و باری دەروونی، بەتایبەتی کەسێک رووبەڕووی کێشەی دەروونی دەبێتەوە، لەمەشدا نەک تەنها خۆی، بەڵکو چواردەورەکەشی تووشی کێشە دەکات، بەتایبەتی خێزانەکەی. 

ژیانی هیچگەرایی
(عومەر حەمزاوی) کەسێکی سەرکەوتووە لە ژیاندا، پارێزەرێکی ناسراوەو خاوەن خێزانێکی بەختەوەرە، بەڵام لەپڕێكدا ژیانی ئەم پارێزەرە بەرەو هەڵدێر دەچێت، بەتایبەتی کاتێک هەست دەکات کە ژیانی هیچ مانایەکی نییە. وەکو خۆی دەڵێت:
(هەموو ڕۆژێک بچیتە نووسینگەی کار، شوێنێکی سەیر و بێ مانایە، کەی ئەوەندە بوێریت دەستدەکەوێت تا دایبخەیت؟ ل 95)
تەنانەت لە ژن و منداڵەکەشی بێزار دەبێت (ڕاستییەکەی ئەوەیە کە خۆم و زەینەب و کار، هەر سێکیان یەکێکین و حەزدەکەم ڕزگارم بێت لە دەست هەموویان. ل69) 
ئەم هەستە خراپەی عومەر وای لێدەکات، کە لە پڕێکدا واز لە ژن و منداڵەکانی بهێنێت و بەدوای مانایەکی نوێی ژیاندا بگەڕێت. 
لەسەردەمی لاوییدا، عومەر شیعری نووسیوە، بەڵام دواتر واز لەمیش دەهێنێت، دواتر کاتێک تووشی حاڵەتێکی دەروونی خراپ دەبێت و بەرەو هیچگەرایی دەڕوات، بۆچوونی بۆ شیعر و شاعیریش دەگۆڕێت. (شیعر جوانە، بەڵام لەوە جوانتر ئەوەیە کە شاعیرانە بژیین. ل.120 ) سەرەتا هەوڵ دەدات لەرێگەی پەیوەندیی لەگەڵ ژناندا مانایەکی نوێ بۆ ژیانی بدۆزێتەوە، بەڵام لەمەشدا سەرکەوتوو نابێت و دواجار بەرەو هەڵدێری گەورە دەچێت و ژیانی گۆشەگیری هەڵدەبژێرێت  و تەرکی دونیا دەکات. لەمەشدا نووسەر بە ترۆپکی فکر و فەلسەفەی هیچگەرایی دەگات، دەتوانم بڵێم، ئەم رۆمانە نموونەیەکی تەواو دروستی ئەو کەسانەیە، دەگەنە قەناعەتێکی خراپ، کە ژیان هیچ مانایەکی نییە. 
لەپەنا ئەمانەشدا، شیعر و عیشق  و خۆشەویستی و ژیانی سیاسی میسرییەکان لەسایەی حوکمڕانی جەمال عەبدولناسردا، پانتایی گەورە لە رۆمانەکە داگیر دەکات.
وەکو عاشقێکی کاروبەرهەمەکانی نەجیب مەحفوز، وەرگێڕانی ئەم رۆمانە جوانە بۆسەر زمانی کوردی، دڵخۆشی کردم، دەستخۆشی لە شوانە عەبدوڵڵا دەکەم، بۆ ئەم کارە جوانەی. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان