دوای تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ موسڵ و دەوروبەری لە 10/6/2014، بارودۆخی ئێستای سنوورەكە زۆر باشترە.
محەمەد جاسم كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر هاتنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ئێستا دانیشتووانی موسڵ و قەزا و ناحیەكانی سنوورەكە لە بارودۆخێكی ئارامدا دەژین و پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و پرۆژە ستراتیژییەكانیش دەستیپێكردووە و بەشێكی زۆریان لەتەواوبووندان، وتیشی: 10/6 بۆ خەڵكی نەینەوا رۆژێكی تایبەتە و هەرگیز لەبیریان ناچێتەوە، كە تیرۆریستان چیان بەسەر ئەواندا هێنا، هەربۆیە لەوكاتەوە پشتگیری و پشتیوانی زیاتری خۆیان بۆ هێزە ئەمنییەكانی ناوخۆ و ئیدارە و ئەنجومەنی ئێستای پارێزگاكە دووپاتدەكەنەوە و بە موڵكی خۆیانی دەزانن، پێشیانوایە هاتنی تیرۆریستانی داعش لە ساڵی 2014 و مانەوەیان بۆ سێ ساڵ لەو سنوورەدا، زیانێكی زۆری لێداون و بۆ دەیان ساڵی داهاتوو كاریگەرییەكانی دەمێنێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا، دەڵێت: ئارامی و ئاوەدانیی موسڵ و دەوروبەری كاریگەریی تایبەتی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بەوپێیەی زۆربەی ناوچەكانی نەینەوا هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك و كەركوك، بەجۆرێك هەندێك ناوچە لەنێوان هەردوولا تێكەڵن بەتایبەتی سنوورەكانی ماددەی 140.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، تەئكیددەكاتەوە كە هەر گۆڕانكارییەك لە پارێزگای نەینەوا رووبدات، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت، وەك نموونەی كاتی هاتنی داعش بۆ سنووری نەینەوا كە بارودۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستانیش تێكچوو.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا