وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد

11:44 - 2025-06-11
کوردستان
54 جار خوێندراوەتەوە

لە دوێنێوە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵێت: هەوڵەكانیان چڕدەكەنەوە تا لەو رێژەیەی دیاریكراوە بۆ جووتیارانی هەرێم، زیاتر وەربگیرێت.
ماوەی دوو مانگە پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی ناوەڕاست و باشووری عیراق دەستپێكراوە، دوێنێش 10/6 وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێم دەستیپێكرد.
غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە لیژنەی كشتوكاڵ بە كوردستانی نوێ-ی وت: وەزارەتی بازرگانیی عیراق، بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی دیاریكردووە بۆ جووتیارانی هەرێمی كوردستان، كە جووتیارانیش ئەو بڕە بە كەم دەزانن و داواكارییان ئەوەیە بۆیان زیادبكرێت بۆ ئەوەی زەرەرمەندنەبن، بۆیە ئێمەش وەك نوێنەرانی كورد لە بەغدا، هەوڵەكانمان چڕدەكەینەوە بۆ ئەوەی لەو رێژەیە زیاتر وەربگیرێت.
ئەوەشی خستەڕوو كە بەهۆی كەمیی رێژەی باران و بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران، حكومەتی عیراق هیچ گرفتێكی نابێت لەوەی ئەگەر سەرجەم بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستانیش وەربگرێت، بۆیە گەشبینین كە حكومەتی فیدراڵ رێژەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ لە جووتیارانی كوردستان زیاتر دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد عیراق پێویستی بە تەواوی گەنمی بەرهەمهێنراوی ئەمساڵی جووتیاران دەبێت، تا لە ناوخۆدا بەكاریبهێنێتەوە و بەدڵنیاییشەوە پارەی پێویست بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران لەبەردەستدایە و لەو چوارچێوەیەشدا حكومەت بڕیاریداوە سەرجەم بەرهەمی جووتیارانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور وەربگرێت، كە هیوادارین بەرهەمی جووتیارانی كوردستانیش بەتەواوی وەربگرێت.
جێی ئاماژەیە ساڵی رابردوو رێژەی بەرهەمی  گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان گەیشتە دوو ملیۆن تۆن، لەو رێژەیە تەنیا 700 هەزار تۆن لە سایلۆكان وەرگیرا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی كەمیی بارانبارین رێژەی بەرهەم بۆ نیوە دابەزیوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت، زۆربەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران تەسلیم بە سایلۆ بكرێت، كە بۆ هەر تۆنێك 800 تا 850 هەزار دینار لەلایەن حكومەتەوە دیاریكراوە.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان