جەنگی روسیا و ئۆكرانیا

دانوستاندن لە سایەی هێرشی مووشەكیی و درۆندا

09:27 - 2025-06-12
ڕاپۆرت
89 جار خوێندراوەتەوە
فڕۆکە بۆردومانکراوەکانی روسیا لە هێرشە درۆنیەکەی ئۆکرانیا

راپۆرتی: گۆران فەتحی



وادیارە ئاراستەی جەنگ لەنێوان روسیا و ئۆكرانیادا بەرەو توندیی زیاتر و وێرانكەرتر دەچێت، دوای ئەوەی هەردوولا هێرشەكانیان بۆ سەر یەكتریی بە مووشەك و درۆن فراوانتر كرد، لەگەڵ ئەوەی رێككەوتنیان كردووە بۆ ئاڵوگۆڕی دیل و تەرمی سەربازەكانی یەکتری کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی جەنگەکەدا بوونەتە قوربانی، ئەوەش مەترسیی ئەوەی لێدەكرێت دواجار، هەردوو وڵات پەنا ببەنە بەر چەكی بەهێز و قورستر لە نموونەی چەكی ئەتۆم.

ئاڵوگۆڕی دیل و تەرمەکان
هەریەك لە روسیا و ئۆكرانیا، قۆناغی یەكەمی رێككەوتنی نێوانیان بۆ ئاڵوگۆڕی دیل و تەرمی سەربازەکانیان  دەستپێكردووە، ئەمەش دوای دانوستاندندنی تیمی هەردوو وڵات دێت کە لە ئیستانبوڵ لە 2ی حوزەیران لەسەری رێککەوتن، رێككەوتنەكەش واكراوە سەرەتا ئەو سەربازە دیلانە بگرێتەوە كە تەمەنیان لە 25 ساڵ بەرەو خوارتر و ئەوانەی برینیان سەختە.
رێككەوتنەكەی ئیستانبوڵ هەروەها ئاڵوگۆڕی تەرمی هەزاران سەربازی هەردوولا لەخۆدەگرێت، بڕیاریشە بەپێی رێككەوتنەكە هەریەك لە روسیا و ئۆكرانیا هەریەكەیان نزیكەی 1200 دیل رادەستی لایەنەكەی تر بكاتەوە.
ئاڵوگۆڕی دیل و تەرمەکانیش تەنها بابەتە كە تائێستا مۆسكۆ و كیێڤ لەسەری كۆكن و دانوستاندنەكانیان بۆ راگرتنی جەنگ بەتەواوی شكستیهێناوە.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا لەو رووەوە لە ئەكاونتی خۆی لە تیلیگرام رۆژی دووشەممەی رابردوو بڵاویكردەوە، كە وڵاتەكەی یەكەم كۆمەڵە دیلی خۆی لە روسیا وەرگرتووەتەوە، دووپاتیشی كردۆتەوە كە ئاڵۆگۆڕی دیلەكان دەستیپیكردووە و پرۆسەكەش بە چەند قۆناغێك بەڕێوەدەچێت».
زیلینسكی ئاماژەی بەوەشكردووە كە «پرۆسەكە زۆر ئاڵۆزە و وردەكاریی زۆر هەستیاری تێدایە، بەڵام دانوستاندنەكان بەردەوام دەبن». هەروەها دەڵێت: «ئێمەش كاردەكەین بۆ جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنی مرۆیی، هەموو هەوڵی خۆشمان دەدەین بۆ گێڕانەوەی تاك بە تاكی دیلەكانمان».
لەگەڵ ئەوەی هیچ لایەكیان ژمارەی ئەو دیلانەیان ئاشكرانەكردووە كە رۆژی دووشەممە ئاڵوگۆڕیان پێكرا، بەڵام وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند: ژمارەی دیلە ئاڵوگۆڵكراوەكان وەكو یەك بووە. ڤلادیمێر میدینسكی راوێژكاریش لە كریملن، هەفتەی رابردوو ئاشكرای كرد لیستێكیان پێشكەش بە ئۆكرانیا كردووە كە 640 دیلی روسیای لەخۆگرتووە.
وەزارەتی بەرگریی روسیا ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو دیلانەی روسیا كە ئازادكراون لەلایەن ئۆكرانیاوە، گەیشتوونەتە بێلاڕوسیا و خزمەتگوزاریی پزیشكی و دەروونیان پێشكەش دەكرێت، پێش ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ روسیا.
كریملنیش رۆژی دووشەممەی رابردوو، جەختی لەوەكردەوە، بەتەواوی پابەندی رێككەوتنی ئاڵۆگۆڕی دیل و تەرمی سەربازەكان دەبن، كە روسیا لەگەڵ ئۆكرانیا ئیمزای كردووە.
 پێشتر هەردوو وڵات لە 2ی حوزەیراندا، گەڕێكی تری دانوستاندنی راستەوخۆیان لە ئیستانبوڵ دەستپێكرد، تێیدا گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێك بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەكانی نێوانیان و گێڕانەوەی تەرمی نزیكەی شەش هەزار سەرباز كە لەشەڕەكاندا كوژراون.

دانوستاندنەكانی نێوانیان بەردەوام دەبێت
سەبارەت بە دانوستاندنەكانی نێوان هەردوو وڵات، دیمتری بیسكۆفی وتەبێژی كریملن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: «بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبن لەگەڵ ئۆكرانیا بۆ دانوستاندن سەبارەت بە میكانیزمێك بۆ راگرتنی جەنگ»، هەرچەندە ئاماژەی بەوەشكردووە كە رێکنەكەوتوون لەسەر وادەی بەستنی گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکە.
ئەو بەرپرسەی روسیا روونیشیكردەوە، كە مۆسكۆ پابەند بووە بەتەواوی لێكتێگەیشتنەكانی ئیستانبوڵەوە، وتیشی چاوەڕوانن ئۆكرانیاش بەهەمان شێوە پابەندی رێككەوتنی نێوانیان بێت، ئاماژەی بەوەشكرد، لە دانوستاندنەكاندا لە ئیستانبوڵ، یاداشتنامەیەكیان پێشكەش بە ئۆكرانیا كردووە سەبارەت بە چۆنێتی راگرتنی شەڕی نێوانیان كە لە شوباتی ساڵی 2022ەوە بەردەوامە.
هەروەها رایگەیاند كە روسیا راگرتنی جەنگی دژ بە ئۆكرانیای مەرجدار كردووە بە وازهێنانی كیێڤ لە هاوپەیمانی سەربازی لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوادا، ئەمەش ئەو مەرجەیە كە ئۆكرانیا رەتیدەكاتەوە و بە دەستوەردانی راستەوخۆ لە سەروەریی خۆی هەژماری دەكات.

هێرشی مووشەكی و درۆن
لەگەڵ ئەوەی مۆسكۆ و كیێڤ رێككەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل و تەرمەکانیان كردووە و ئێستا قۆناغەكانی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ دەكەن، بەڵام شەڕی نێوانیان نەك هێورنەبووەتەوە، بەڵكو چووەتە قۆناغێكی تری قورس و فراوان و مەترسیدارەوە، هەردوو وڵاتیش هەموو هێز و توانای خۆیان خستۆتەگەڕ، بۆ گەیاندنی زۆرترین زیان و زەبر بە بەرامبەرەكەیان لەڕێگەی هێرشی مووشەكی و درۆنەوە.
سەرەتای هەفتەی پێشووش، ئۆكرانیا هێرشێكی گەورەی بە (درۆن) كردە سەر روسیا و زیانی 10 %ی بە کەشتیگەلی مووشەكی ستراتیژی روسیا گەیاند، هێرشەكەی كیێڤ كە ناوی نابوو (تۆڕی جاڵجاڵۆكە)، زیانی گەورەی بە توانای ئاسمانی و ئەتۆمی روسیا گەیاند.
لە هێرشەكەی ئۆكرانیادا بۆ سەر روسیا، كیێڤ 117 درۆنی بەكارهێنا لە جۆری FPV، كە پێنج فڕۆكەخانەی روسیای بەئامانج گرت، كە ئەوانیش بنکەی بیلایا لە ئیركۆتیسك و بنکەی  ئۆلینیا لە مۆرمانیسك و بنکەی دیالبیف لە ریازان و بنکەی ئیڤانۆفی ئاسمانی و بنکەیەکی دیکە لە ئامۆری خۆرئاوا، لە هێرشەكەدا بەپێی وتەی بەرپرسانی سەربازیی ئۆكرانیا، 40 فڕۆکە بۆردومان كراون، لە جۆری (تو- 95) و (تو- 22)، ئەمە چ جای بـــــــەئامانجگرتنی 34 % سەكۆی هاویشتنی مووشەكی كرۆز.
ئەڵمانیاش سەبارەت بە هێرشەكەی ئۆكرانیا، زانیاریی نوێی خستۆتەڕوو و لەوبارەیەوە مێجەر جەنەراڵ كریستیان فرویدینگ رێكخەری سەربازیی هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ ئۆكرانیا دەڵێت: بەپێی خەمڵاندنەكانی بەرلین، زیاتر لە 12 فڕۆكەی سەربازی روسیا بۆردومان كراون، لەنێویاندا فڕۆكەی مووشەكهاوێژی جۆری «تو- 95» و «تو- 22» لە پاڵ فڕۆكەی دەگمەنی «ئەی- 50»ی تایبەت بە ئیستیتڵاع. 
ئەو جەنەراڵە هەروەها دەڵێت: هێرشەكەی ئۆكرانیا، ئەو فڕۆكانەی روسیای كردە ئامانج كە ئامادەكرابوون بۆ جێبەجێكردنی هێرش دژ بە ئۆكرانیا، ئاماژەی بەوەشكرد فڕۆکە بۆردومانكراوەكان، بەتایبەتی «ئەی-50» رەنگە لە بنەڕەتدا لە دەرەوەی ئەرك و خزمەتدا بووبێت، لەكاتی بەئامانجگرتنیدا، لەگەڵ ئەوەشدا بۆردومانی ئەو فڕۆکەیە زیانێكی گەورەیە بۆ روسیا، بەهۆی دەگمەنی و رۆڵی گەورەی لە بەدەستهێنانی زانیاریی هەواڵگریی ئاسمانی، كە هاوشێوەی فڕۆکەی (ئەواكس)ی هاوپەیمانی ئەتڵەنتیکە. جەختی لەوەشكردەوە 10 % زیان گەیاندن بە كەشتیگەلی مووشەكهاوێژی دوورمەودا، ژمارەیەكی گەورەیە بەهۆی پەیوەندیی ئەو فڕۆكانەوە بە «سێینەی ئەتۆمی روسیا»، كە مووشەكی ئەتۆمی، وشكانی و دەریایی و ئاسمانی لەخۆدەگرێت.
لەبەرامبەر هێرشەكەی ئۆكرانیادا، روسیاش هێرشێكی گەورەی كردە سەر شارەكانی ئۆكرانیا، كە 479 درۆنی تێدا بەكارهێنا. بەپێی وتەكانی وەزارەتی بەرگریی ئۆكرانیا، وەزارەتی بەرگریی روسیاش، ئاشكرایكرد كە هێرشەكە بە چەكی پێشكەوتوو كراوە و دامودەزگای سەربازیی ئۆكرانیی لە كیێڤی پایتەخت بەئامانج گرتووە، وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا روونیكردەوە، كە چەندین دەزگای تایبەت بە پیشەسازیی فڕۆکەوانی و مووشەكی و زرێپۆش و دروستكردنی كەشتی و بنکەی سەربازیی سوپای ئۆكرانیای بۆردومان كردووە، ئەمە چ جای بەئامانجگرتنی چەندین پێگەی فەرماندەیی سوپای ئۆكرانیا و عەمبار و جبەخانەی چەك و تەقەمەنی و ژێرخانی سەربە فڕۆکەخانەی سەربازی. لەبەرامبەردا ئۆكرانیا روسیای بەوە تۆمەتباركردووە كە هێرشەكەی زیاتر ناوچەی مەدەنی گرتووەتەوە.
ئەگەر بڕوانینە ژمارەی كوژرا و برینداری ئەو جەنگەی نێوان ئۆكرانیا و روسیا كە لە مانگی شوباتی ساڵی 2022ەوە بەردەوامە، ئاستی گەورەیی و وێرانكاریی جەنگەكەمان بۆ دەردەكەوێت، رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەو رووەوە بڵاویكردووەتەوە، كە 10 ملیۆن هاووڵاتی روسیا لە ناوچەكانیان ئاوارەبوون، لەبەرامبەردا و بەپێی كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، 10.6 ملیۆن ئۆكرانی ئاوارەبوون لە ناوچەكانی خۆیان، لانیكەمیش لە هەردوولا زیاتر لە 200 هەزار سەرباز و كەسی مەدەنی كوژراون، لەبەر هەموو ئەوانە، ئەگەر جەنگی نێوان ئەم دوو وڵاتە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، هەوڵەكانی راگرتنی ئەو جەنگەش شكست بهێنێت، بێگومان قوربانیی زیاتری لێدەكەوێتەوە، بەتایبەتی كە ئێستا ئاراستەی شەڕی نێوانیان چۆتە قۆناغێكی قورسترەوە بە هێرشی مووشەكی و درۆن بۆ سەر شارەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان