وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم:

بڕیاری دروستکردنی چوار بەنداو لە هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە

11:29 - 2025-06-12
کوردستان
36 جار خوێندراوەتەوە
هیوا عەلی

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی  حکومەتی فیدراڵ بڕیاری دروستکردنی چوار بەنداوی لە هەرێم دا، تا ئێستا ئەو بڕیارە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەماوەی رابردوودا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە رەزامەندی لەسەر دروستکردنی چوار بەنداو لەهەرێم درا کە ئەو چوار بەنداوە پێکهاتوون لە بەنداوەکانی تەقتەق و مەنداوە لە سنووری پارێزگای هەولێر، باکرمان لە دهۆک و دەڵگە لە سلێمانی، دوای تەواوبوونیان پێشبینی دەکرێ زیاتر لە چوار ملیار مەتر سێجا ئاو گلبدەنەوە و رێژەی 30 بۆ 40 % گلدراوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان بەرزدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: لەماوەی رابردوودا چەندین کۆبوونەوە لەبارەی  دروستکردنی ئەو چوار بەنداوە لەنێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ و هەرێمدا کراوە و رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر، هاوکات بودجەی پێویستی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام تائێستا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنیان نەدراوە.
لەبارەی هۆکاری بڕیارنەدان لەسەر ئەو چوار بەنداوە، هیوا عەلی وتی: پێمانوایە هیچ هۆکارێکی تەکنیکی و ئابووری نییە لەوەی دەست بە پرۆژەکە نەکرێت، بەڵکو زیاتر هۆکارەکە سیاسییە و پەیوەندیی بە بێمتمانەیی نێوان هەرێم و بەغداوە هەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە بەهۆی وشکەساڵییەوە عیراق رووبەڕووی کەمیی ئاو بۆتەوە و مەترسییەکانیش لەوبارەیەوە بەرەو زیاتر دەڕوات.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان