كارەبای كەركوك: بەردەوامین لە بڕینی زیادەڕۆییەكان و 78 هەزار سەرپێچیش تۆماركراون

11:40 - 2025-06-12
کوردستان
41 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای كەركوك، زیاتر لە 78 هەزار زیادەڕۆ لەلایەن هاووڵاتیانەوە كراوەتەسەر تۆڕەكانی كارەبا، جێگری بەڕێوەبەری كارەباش رایدەگەیەنێت: لەو ژمارەیە 44 هەزار زیادەڕۆیان بڕیوە، هەڵمەتەكەش بەردەوامە.
ئەندازیار دانیاڵ عەبدوڵڵا جێگری بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ رایگەیاند: بەشێك لە هاووڵاتیان دوو هێڵی كارەبایان بە نایاسایی راكێشاوە، ئامانجیشیان لەو كارە بۆ ئەوەیە 24 سەعات كارەبایان هەبێت، وتیشی: بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستدایە، زیاتر لە 18 هەزار زیادەڕۆ لە شوێنە گشتییەكاندا تۆماركراون، كە 13 هەزاریان بڕدراون و بەشێك لە سەرپێچییەكانیش لەو چوارچێوەیەدان كە خاوەن كارگە و كۆمپانیاكان سەعاتی كارەبایان وەرنەگرتووە، بۆیە داواكارین سەردانمان بكەن بۆ وەرگرتنی سەعاتی كارەبا، ئەگەرنا سزای توند دەدرێن.
كەركوك، هێمن ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان