ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران، جەخت لە هەوڵەكانیان دەكاتەوە تاوەكو بەشێوەیەكی رەسمی ئەو شوێنانەی كە كەسوكاری ئەنفالكراوان سەردانیان دەكەن و كەسوكاریان تێیدا ئەنفالكراون، بكرێنە شوێنەواری مێژوویی.
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەبارەی ئەو شوێنانەی كەسوكاری ئەنفالكراوان سەردانی دەكەن و شوێنی زیندانیكردنی ئەنفالكراوەكان بوون، ماوەیەكی زۆرە كاریان لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی شوێنەكان بپارێزرێن و بكرێنە شوێنێك هاووڵاتیان بتوانن سەردانی بكەن و حكومەتی فیدراڵیش بەڕەسمی وەك شوێنی مێژوویی بیانناسێنێت، وتیشی: زیاتر لە ساڵێكە سەرقاڵی كاركردنین و نووسراومان بۆ لایەنە بەرپرسیارەكان و پەیوەست بەو شوێنانە كردووە وەك ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، راشیگەیاند: بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان تاوەكو بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە دەدرێت.
خانەقین، ئارۆ سامان