كاریگەریی نەخۆشی و مێرووەكان لەسەر دارستانەكان

10:10 - 2025-06-15
ڕاپۆرت
32 جار خوێندراوەتەوە
دەبێت هاووڵاتیان لە بەكارهێنانی قڕكەرەكاندا ئاگادار بن، چونکە مادەی ژەهراوین

سازدانی: ئالان محەمەد جەزا

ئەو هەڕەشانەی بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە رووبەڕووی دارستانەكان دەبنەوە و کاریگەریی خراپ لەسەر رووبەری سەوزایی دروست دەکەن زۆرن، یەکێک لەوانە زیادبوونی نەخۆشییە رووەکی و مێرووەکانە، لەو بارەیەوە تاریق غەریب بەڕێوەبەری پێشووی دارستان و پاوانی سلێمانی بۆ كوردستانی نوێ‌ وتی: مەترسیی ئەو نەخۆشی و مێرووانەی رووبەڕووی دارستانەكان دەبنەوە کە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا لە زستانەوە بۆ هاوین و بەهار دروست دەبن زۆرن، وەک دەبینین بە گشتی لەم ساڵانەی دواییدا پیسبوونی ژینگە بەهۆی  چالاكییەکانی مرۆڤەوە کاریگەریی گەورەی لەسەر دارستانەكان دروست کردووە و بۆتە هۆی زیانگەیاندن پێیان، وەک ئاگركەوتنەوە و فڕێدانی خۆڵ و خاشاک چەندانی تر، کە بێگومان ئەمانە كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر ژینگە هەیە. 

نەخۆشی و مێرووەکان
هاوکات تاریق غەریب باسی لەو  مێروو و نەخۆشییانە کرد كە زیان بە دارستانەكان دەگەیەنن، وتی: هەندێك هۆكار هەیە وەك نەخۆشی زیانێكی زۆر دەگەیەنێت‌ بە دارستانەكان، بۆ نموونە لە مانگی چواردا جۆرە كرمێك هەیە وەك (تەتەڵە میرانە) ئەمە خۆی لە بنەمادا پەپوولەیەكە سوڕی ژیانی وادەخوازێت لە یەكێك لە قۆناغەكانیدا دەبێت بە كرمۆكە  و زیان بە گەڵای درەختەكان دەگەیەنێت، ساڵێك بۆ ساڵێكی دیکە كاریگەریی و رووبەرەكەی جیاوازە، ساڵی پار چەندجار خەڵكمان نارد بۆ دارستانەكان جۆری كرمەكەمان هێنا چەند درەختێكمان دیاری كرد كە هیچ گەڵای پێوەنەهێشتبوو لەو وەرزانەدا کە لە بارن و گەرم و وشكن، بەڵام لە مانگی شەشدا كە چووینەوە سەر هەمان درەخت تەماشا دەكەین درەختەکە گەڵاكەی خۆی كردۆتەوە، وەك سەرەتای بەهاری لێهاتووەتەوە و گەڵاكە بەجوانی سەوز بووەتەوە.

چارەسەرەکان
سەبارەت بەوەی چۆن ئەو جۆرە مێــرووانــە لــەنــاودەچن؟ تاریق غەریب وتی: هاووڵاتیان دەبێت بزانن قڕكەرەكان چۆن بەکاریاندەهێنن، چونکە قڕكەری مێروو بێت یان قڕكەری گژوگیا، مادەی ژەهراوین، بۆیە دەبێت بزانین بۆ چەند لەسەر درەختەكە و لە كەشوهەوا و زەویدا 
دەمێننەوە، لـەبــەرئـــەوەی مــاددەی ژەهراوین، پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، هاوكات ئەمجۆرە مێرووە كاتێك دەگاتە قۆناغی كۆتایی لە قۆناغی كرمۆكەوە دەچێتە قۆناغی قۆزاخەوە ئیتر دەكەوێتە ژێردارەكانەوە، واتا ژمارەیەكی كەمیان دەگاتە ئەو ئاستە، بەهۆی دوژمنی سروشتی خۆشیانەوە لەناودەچن‌، دوای ئەوە قۆناغەكەی تەواو دەكات و دەچێتە قۆناغی پەپوولەییەوە تا كۆتایی مانگی نۆ، دواتر دەكەونەوە گەرا دانان تا كۆتایی مانگی سێ،‌ كە دەبێتەوە بە كرمۆكە، واتە سوڕی ژیانی ئاوا كۆتایی پێدێت و لە سروشتدا بەپێی ساڵ و بەپێی كەشوهەوا ژمارەیان دەگۆڕێت و زیاد و کەم دەکات.
سەبارەت بە نەخۆشییە رووەکییەکانیش وتی: جۆرێك لە مشەخۆری رووەكیمان هەیە لەسەر درەختەكان، بەتایبەت لە ماوەت، چەند ساڵێكە هەیە، بەر لە ئێستا هەندێ‌ لە درەختەكان هەڵپاچرا كەپێی دەڵێن (دەمكانە) بە عەرەبیەكەی پێی دەڵێن دەبەق، لە مانگی شوباتدا لەناو درەختی بەڕوو و مازوو سەرهەڵدەدات، نەخۆشی دیكەمان هەیە وەك نەخۆشی بەكتیریی یان نەخۆشی کەڕوو، بەتایبەت لە دارستانەكاندا بە رێژەیەكی زۆر ساڵی پار دەركەوتن، بە سوپاسەوە بەرێوەبەرایەتی گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتەوە لیژنەیەكیان پێکهێنا لە مامۆستای زانكۆ و چەند دكتۆرێك لە زانكۆكانی دهۆك و هەولێر و سلێمانی، دواتر بە سوپاسەوە زانكۆی سلێمانی لە تاقیگەكانی خۆیاندا كاریان لەسەر نەخۆشییەكە كرد و جۆری ئەو كەڕوانەی بوونە هۆی ئەو نەخۆشییە دیاریكراو ئەنجامەكانیمان ناردەوە بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بۆ دیاریکردنی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو نەخۆشییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان