لەتیف حسێن
پەروەردەی شارباژێڕ وەك دامەزراوە و فەرمانگەیەكی كارگێڕی، بەهۆی بوونی چەندین گۆشە و شوێنی جیاوازی هونەری، وەرزشی، پەروەردەیی، زانستی و مێژوویی، هاوشانی كارە كارگێڕییەكان بووەتە ناوەندێكی گرنگ بۆ ئەوەی لە دامەزراوەیەكی كارگێڕییەوە ببێتە ناوەندێكی پەروەردەیی.
ئەم ناوەندە جێگە دەستی فەرمانبەر، مامۆستا و خوێندكاری ناوەندەكانی خوێندنی ئەو سنوورەی پێوە دیارە، وەك نموونەیەك لە كاری هەرەوەزی و پێكەوەیی لە دنیای پەروەردە و فێركردندا كاری لەسەر كراوە و تائێستاش بەردەوامە، ئەمە جگە لەوەی بە تەواوەتی كارەكانی گواستراوەتەوە بۆ ناو ناوەندەكانی خوێندن و ئێستا ئەوانیش تەنها دامەزراوەیەك نین وەك ناوەندی خوێندن، بەڵكو بوونەتە ناوەندێکی گرنگ و هەموو بوارەكان بایەخی گەوەریان پێ دەدرێت.
كاری پێكەوەیی و هەرەوەزی
هەموو ئەم هەوڵانە بەو ئاڕاستەیەیە پەروەردەی شارباژێڕ هەنگاو بە هەنگاو كار و چالاكییەكانی هێندە گەورە بكات لە ئاست گەورەیی سنوورەکەدا بێت، لە ئاست ئەو پێگەیەدا بێت كە شارباژێڕ لە رووی زانست، مەعریفە و خوێندنەوە لە مێژە خاوەنییەتی و جیاواز لە زۆر شوێن و جوگرافیای ئەم وڵاتە، شارباژێڕ لە كۆنەوە خاوەنی چەندین قوتابخانەی گەورە بووە و خاوەنی چەندین نموونەی جوانە لە مامۆستا، پەروەردەكار، ئەدیب و شاعیر و لانكەی دەیان و سەدان قەڵەمی گەورەیە، لە بواری ئەدەب، فەرهەنگ و رۆشنبیرییدا، ئەم گەورەییەی شارباژێڕ و مێژووەكەی هەمیشە هۆكار و هاندەر و پاڵنەر بووە، بۆئەوەی بەردەوام پەروەردەكەشی ببێتە شوێنپێ هەڵگری ئەوانە، ئەمە جگە لەو هەموو قوربانی و گیان فیداییەی لەم سنوورەدا بوونی هەبووە، ئەمە جگە لەو هەستە گەورە و رۆحە میهرەبانی و هاوكارییەی خەڵكەكەی هەیەتی بۆ پەروەردە و فێركردن، چۆن لە رابردوودا ماڵەكانی زۆرێك لە گوندەكانی شارباژێڕ ئەگەر دوو هۆدە و هەیوان بووبێت، هۆدەیەكیان دانراوە بۆ ئەوەی منداڵان تێیدا فێری خوێندن و نووسین ببن.
لەم سۆنگەیەوە سەرباری كەم دەستی و نەبوونی و قەیرانە یەك لە دوای یەكەكانی ئەم چەند ساڵە، بەڵام لەبەرئەوەی پەروەردەی شارباژێڕ لەشكرێك لە فەرمانبەر، مامۆستا و فەرمانبەری دڵسۆزی تێدایە، نەك قەیرانەكان ساردی نەكردووەتەوە، بەڵكو بە رۆحییەتی ئەوانەوە بەپێی پلان و بەرنامە و كاری پێكەوەیی و هەرەوەزی لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا چەندین كار و چالاكیی جیاواز كراون كە بەشێكی زۆریان تەنها شارباژێڕ خاوەنییەتی، هەر بۆیە لە دواین كاردا و بە هەوڵی دڵسۆزەكانی و دەستی ماندووی فەرمانبەرەكانی و مامۆستایان، ئێستا بە هەمان رۆحییەتی هۆدە و هەیوانەكەی رابردوو، لەناو دیوانی پەروەردە لە چەند رۆژی رابردوودا گەلەرییەكی هونەریی و كتێبخانەیەكی پەروەردەیی بە دەستی ژمارەیەك لە هونەرمەند، ئەدیب و نووسەری جوانی ئەم نیشتمانە كرایەوە و خرایە خزمەت هەموو پەروەردەكاران و قوتابیان و خوێندكارانیشەوە.
ئەم ناوەندە جێگە دەستی فەرمانبەر، مامۆستا و خوێندكاری ناوەندەكانی خوێندنی ئەو سنوورەی پێوە دیارە، وەك نموونەیەك لە كاری هەرەوەزی و پێكەوەیی لە دنیای پەروەردە و فێركردندا كاری لەسەر كراوە
پێكهاتەی گەلەریی و كتێبخانەی پەروەردەیی
*دەروازەی گەلەریی و كتێبخانەی پەروەردەیی: ئەم دەروازەیە بە كۆمەڵێك تابلۆ و نمایشی پەروەردەیی دیزاین كراوە و تێیدا دیواربەندێك دانراوە بە ناوی (دیواری رێز) ئەم دیواربەندە ناوی سەرجەم ئەو شوێن و كەسانەی تێدا تۆمار كراوە كە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا هاوكاریی پەروەردەیان كردووە، ئەمەش بۆ دوو ئامانج، یەكەمیان: ناو، پێگە و میهرەبانیی ئەو كەسایەتی و شوێنانە ون نەبن كە لەكاتە قورس و سەختەكاندا هاوكاری پەروەردە بوون، دووەمیشیان: جگە لە نیشاندانی پێزانین بۆیان، هەركەس بیەوێت بزانێت كێ هاوكاری پەروەردە بووە و سەرچاوەی هاوكارییەكان بزانێت دەتوانێت لەم دیوار بەندەوە بیزانێت بەبێ گەڕان.
*گەلەریی مامۆستا: ئەم گەلەرییە وەك شوێنێكی هونەریی و پەروەردەیی خۆی نمایش دەكات و چەندین كاری هونەریی تێدا نەخشێنراوە، چەندین تابلۆی هونەریی جوانی هونەرمەندەكانی تێدا نمایشكراوە و بە دیزاینێكی تەواو كوردییانە و كەلتورییانە رازێنراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی شاشەیەكی گەورەی تێدا دانراوە، كە دەتوانرێت بۆ سیمینار، فیلمی پەروەردەیی و چەندین كاری پەروەردەیی سوودی لێ وەربگیرێت، بەردەوام كار و چالاكییەكانی پەروەردە و ناوەندەكانی خوێندنی تێدا نمایش دەكرێت.
ئەم گەلەرییە لەبەر پیرۆزیی و گەورەیی مامۆستا، ناونراوە (گەلەری مامۆستا) بۆئەوەی هەموو سەردانیكەرێكی ئەم گەلەرییە ناوی مامۆستای هەمیشە لەیاد بێت و لەبیری نەكات.
*كتێبخانەی مامۆستا لەتیف هەڵمەت: ناوی كتێبخانەكە بۆ نیشاندانی رێز و وەفایە بۆ یەكێك لە قەڵەمە ماندووەكانی ئەم نیشتمانە كە بە نووسین و خزمەتەكانی وایكردووە هەمیشە لە یادمان بێت.
هەموو دەزانین كتێبخانە زۆرن، زۆر شوێنیش كتێبخانەی هەیە، تەنانەت لەناو دیوانی پەروەردە شوێنی دانیشتنی سەردانیكەرانی كتێبخانەیە، بەڵام ئەوەی ئەم كتێبخانەیە لەوانی دیکە جیادەكاتەوە ئەوەیە، سەرجەم ناونیشان و كتێبەكانی ناوی پەروەردەیین، بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی، لە بوارەكانی كارگێڕیی، و كارامەیی مامۆستا، وەرزش، هونەر، پەروەردەی تایبەت، دەروونناسی، كۆمەڵناسی و چەندین بواری دیکەی تایبەت بە پەروەردە، ئێستا ئەم كتێبخانەیە خاوەنی زیاتر لە 300 ناونیشانی پەروەردەییە، بۆ مامۆستایان و خوێندكاران و هەموو ئەو كەسانەی لە بواری پەروەردەدا كار دەكەن ئاسانكاریی دەكات و یارمەتییان دەدات بۆ توێژینەوە یان وەرگرتنی زانیاریی لەسەر بواری پەروەردەیی و ناساندنی كێتب و پەرتوكە پەروەردەییەكانیش بە خەڵكی، ئامانجێكی دیکەی پشت ئەم كتێبخانەیە، لە ناویشیدا هەموو پێداویستییەكانی تێدایە و بە ئارامی هەمووان دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین، ئەم گەلەری و كتێبخانەیە تەنها بۆ شارباژێڕ نییە، هەر كەسێك بیەوێت دەتوانێت سەردانی بكات و سوودی لێ وەربگرێت، وەك ناوەندێكی گرنگی پەروەردەیی دەبێتە ماڵێكی هونەری و پەروەردەیی بۆ هەمووان، جێگەی باسە بونیادنانی ئەم گەلەری و كتێبخانەیە، بە دەستی ماندووی هەرەوەزیی ژمارەیەك لە فەرمانبەر و مامۆستای پەروەردەی شارباژێڕ بونیادنراوە لەگەڵ هاوكاریی چەند دڵسۆزێكی پەروەردە.