هێزە عیراقییەكان لە ئامادەباشیدان بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان و پاشماوەكانیان

11:06 - 2025-06-17
عیراق
52 جار خوێندراوەتەوە

بۆ رێگەگرتن لە هەر جموجوڵێكی پاشماوەكانی تیرۆریستانی داعش لە سنووری مەخمور، هێزەكانی هەردوو وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆی فیدراڵ، بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و پێشمەرگە، لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و رێگەنادەن سوود لە بارودۆخی ئێستای ناوچەكە وەربگرن.
هۆگر شەهید فاخیر لێپرسراوی كۆمیتەی مەخموری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەگەڵ گرژیی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، لە سنووری مەخمور و بەدیاریكراویش لە شاخی قەرەچوخ، هێزەكانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان، كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ رێگەگرتن لە هەر ئەگەر و پێشهات و جووڵەیەكی تیرۆریستان و پاشماوەكانی داعش، وتیشی: بارودۆخی مەخمور و دەوروبەری ئارامە، بەڵام بەوپێیەی ئەو سنوورە وەك یەكێك لە ناوچە دابڕێنراوەكان، هەندێجار هەڕەشەی تیرۆریستانی لەسەر دەبێت، بۆیە هێزە عیراقییەكان و پێشمەرگە لەوپەڕی ئامادەباشیدان و باشتر چاودێریی ناوچەكە دەكەن.
هەر سەبارەت بەو باسە، غازی فەیسەڵ فەرماندەی پێشمەرگە خۆبەخشەكانی سنووری مەخمور، بە كوردستانی نوێ-ی وت: هێزە خۆبەخشەكان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزە عیراقییەكان، شەو و رۆژ لە سنووری گوندەكانی بناری شاخی قەرەچوغ لە گەڕان و جوڵەداین و تا رادەیەكی باش توانیومانە دڵنەوایی و ئارامی بە خەڵكی سنوورەكە بدەین، ئێستاش لە حاڵەتی ئامادەباشی زیاترداین و بەر بە هەر جووڵەیەكی پاشماوەكانی تیرۆریستان دەگرین، بەتایبەتی لەبارودۆخێكی وەک ئێستادا كە تیرۆریستان بەدوای هەلێكدا دەگەڕێن جووڵە و چالاكییەكانیان دەستپێبكەنەوە.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان