هاوردەکردنی کاڵاو كەلوپەل بەردەوامە و كۆگاكانی هەرێم پڕن لە خۆراك

11:58 - 2025-06-18
کوردستان
46 جار خوێندراوەتەوە

جموجوڵی بازرگانی لە دەروازە نێودەوڵەتییەكان بەردەوامە و هاووڵاتیان دڵنیادەكرێنەوە لە هەرێمی كوردستاندا مەترسیی كەمیی گەنم و ئارد و خۆراك لەئارادا نییە و رۆژانە لە دەروازە سنوورییەكانەوە كەلوپەل و خۆراك هاوردەی هەرێم دەكرێت، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت:  نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبۆتەوە و ئەوەش كاریگەریی باشی لەسەر ئابووریی عیراق دەبێت.

عیراق و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت 
دوێنێ سێشەممە، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 75 دۆلار، ئەوەش کاریگەریی لەسەر بودجەی وڵاتانی بەرهەمهێنەر هەیە. لەوبارەیەوە د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەگەر بەراوردی ئێستا و دوو مانگ پێش ئێستا بكەین، كە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكاندا زۆر دابەزیی و گەیشتە خوار (60) دۆلار، مەترسییەكی گەورەی لەسەر داهاتی حكومەتی فیدراڵ دروستكردبوو، چونکە زیاتر (95 %)ی بودجەی حكومەت پشت بە فرۆشتنی نەوتی خاو دەبەستێت.
وتیشی: دابەزینی نرخی نەوت بەراورد بەو نرخەی لە بودجەدا دیاریكراوە، كە نرخی هەر بەرمیلێكی بە (70) دۆلار دانراوە، دەبووەهۆی كورتهێنانی زیاتری بودجە بەراورد بەوەی دیاریكراوە، بەڵام ئێستا كە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین بۆ عیراق باشە، هەرچەندە جەنگ باش نییە، بەڵام ئێمە باسی فرۆشتنی نەوت دەكەین.
باسی لەوەکرد، ئەگەر نرخی یەك بەرمیل نەوت لە سەرووی (70) دۆلارەوە بمێنێتەوە، ئەوا وادەكات عیراق خەرجییەكانی خۆی بەردەوامی پێبدات، چونكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نرخەی لە بودجەدا دیاریكراوە. ئەگەر لەو نرخەش زیاتر بێت ئەوا داهاتێكی زیادەیە و عیراق دەتوانێت بەكاریبهێنێت بۆ ئەو پرۆژانەی پەكیانكەوتووە، یاخود بۆ پێدانی پارەی پترۆدۆلار خەرجی دەكات، كە حكومەت ساڵانە دەیدات بەو پارێزگایانەی بەرهەمهێنی نەوت و گازن.
عیراق و گەرووی هورمز
وتیشی: بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بەرژەوەندیی حكومەتی عیراق و هەموو ئەو وڵاتانەیە، كە نەوت دەفرۆشن، بەڵام هۆكاری بەرزبوونەوەكەی جەنگە، ئێمە خوازیاری ئەوەنین جەنگ بەردەوام بێت، چونكە زیانەكانی زۆرترە، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو جەنگە بەردەوام بێت و كاریگەریی هەبێت لەسەر گەشەی ئابووریی جیهان، یاخود رەوتی بازرگانیی جیهان و ئاراستەی بازرگانیی نێودەوڵەتی، یان رێڕەوی بازرگانیی جیهانی، بە تایبەتی لە ناوچەی كەنداو و ئاستەنگێك دروست ببێت لە گەرووی هورمز، ئەوا رەنگە مەترسی بۆ هەناردەی نەوتی عیراق دروست بكات، چونکە تەنها رێگەی عیراقە لە باشوورەوە نەوتی لێ هەناردە دەكات بۆ جیهان، جێگرەوەیەکیش هەبێت بۆ ئەو هەناردەکردنە، هێڵی (كەركوك – جەیهان)ە، كە لەئێستادا وەستاوە و نەوتی پێدا ناڕوات.
كۆگاكانی هەرێم پڕن لە كاڵا و پێداویستی
لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە دۆخی بازاڕ و بوونی كەلوپەل و خۆراك لە كۆگاكاندا، كاروان سورچی وتەبێژی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی وت: ئەگەر تەماشابکەین هیچ دڵەڕاوكێیەك لای هاووڵاتیان دروست نەبووە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە خاڵە سنوورییەكاندا بەردەوامە و هیچ مەترسییەك نییە، چونكە رۆژانە كاڵا دێتە هەرێمی كوردستان و كۆگاكان پڕن لە كاڵا و كەلوپەل و خۆراك و پێداویستیی رۆژانە، جەنگی ئێران و ئیسرائیل كاریگەریی نەكردۆتە سەر ئەوەی كاڵا و كەلوپەل لە بازاڕەكاندا كەم ببێتەوە.
بەرهەمی ناوخۆیی
وتیشی: لە ئێستادا بەشێكی زۆری كاڵا و كەلوپەلەكان لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا بەرهەم دەهێنرێن و زۆرجار پێویستیمان بە دەرەوە نابێت، ئەمەش رێگەخۆشكەرە بۆئەوەی هیچ مەترسییەك لەسەر هەرێم نەبێت، ئەگەر سەیری بازاڕەكانیش بكەین، دۆخەکە زۆر ئاساییە و هیچ گۆڕانكارییەك لە نرخەكان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا رووی نەداوە، ئەوەی هەیە تەنها قسەی هەندێك خەڵكە.
كاریگەریی جەنگ لەسەر دیناری عیراقی
لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهای تمەن، د.جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ناسەقامگیریی سیاسی و شەڕی چەند رۆژی رابردوو لەنێوان ئێران و ئیسرائیل، كاریگەری لەسەر بەهای دۆلار و تمەن دروستكردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شەڕەكە پەیوەندیی بە عیراقەوە نییە، كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر دیناری عیراقی دروست نەكردووە، هەرچەندە كەمێك لەبەرامبەر دۆلاردا دابەزیوە و 2 %ی بەهاكەی لەدەستداوە.
كوردستانی نوێ ، هیوا كازم

بابەتە پەیوەندیدارەکان