زه‌نوێر ته‌ها
پڕۆژه‌ی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر
كتێبی (عیراق؛ وڵاتی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان) له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و توێژه‌ر نووسراوه و چاپی دووه‌می 2025 له‌سه‌ر ئه‌ركی مه‌كته‌بی شه‌هیدانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و به‌هه‌ماهه‌نگی یه‌كێتی نووسه‌رانی جینۆساید چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه.
كتێبه‌كه به‌هه‌ردوو زمانی (كوردی و عه‌ره‌بی)یه و ئه‌م نووسه‌ر و توێژه‌رانه (له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج، سالار مه‌حمود، عارف قوربانی، محه‌مه‌د حه‌مه‌ساڵح تۆفیق، عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د، د.محه‌مه‌د ئیحسان، هێمن حه‌سیب، هابیل حاجی ئه‌حمه‌د) به توێژینه‌وه و بابه‌ت به‌شدارییان تێداكردووه.
پێشه‌كی كتێبه‌كه
پێشه‌كی كتێبه‌كه له‌لایه‌ن نووسه‌ر (سالار مه‌حمود)ه‌وه نووسراوه و ئاماژه‌ی بۆئه‌وه كردووه و ده‌ڵێت (عیراق وڵاتی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، ناونیشانێكی دروسته بۆ نیشتمانی قڕكردنی به‌ناو هاونیشتمانییه‌كانی، له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی رژێمی به‌عس له عیراقدا) و هه‌روه‌ها ده‌شنووسێ (مێژووی كۆمه‌ڵكوژیی كورد له عیراقدا هه‌م كۆن و هه‌م نوێیه، هه‌ر له كۆمه‌ڵكوژیی فه‌یلییه‌كان تا بارزانی و ئینجا كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و دواتریش).
هه‌ر له‌پێشه‌كییه‌كه‌دا سالار مه‌حمود ده‌نووسێ (هێشتا تێگه‌یشتن دروست نه‌بووه بۆ تاوانی گۆڕی به كۆمه‌ڵ و لێكه‌وته‌كانی. راسته یاسای گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان هه‌یه، به‌ڵام ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی هێشتا جێبه‌جێنه‌كراوه. كتێبخانه‌ی كوردی و عیراقی له‌پرسی جینۆساید به‌گشتی و گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ به‌تایبه‌تی زۆر هه‌ژاره، ئه‌م كتێبه ده‌بێته یه‌كێك له‌سه‌رچاوه گرنگه‌كانی ئه‌م بواره).
بابه‌ته‌كانی كتێبه‌كه
بابه‌ته‌كانی كتێبه‌كه به‌سه‌ر ئه‌م ناونیشانه‌دا دابه‌ش بووه (گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و كاریگه‌ریی به‌سه‌ر بڕیاری نێوده‌وڵه‌تییه‌وه بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌نفال، به‌رپرسیارێتی یاسایی به‌رامبه‌ر گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌عیراق، گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه، گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان شوناسێك له‌به‌رده‌م سڕینه‌وه‌دا، گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌مێژوودا، قه‌ڵا و سه‌ربازگه‌كانی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌نفالكراوان، قوربانیانی كورد و دۆسێیه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌عیراق، تاوانی ئه‌نفال و گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ، گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌سه‌رده‌می به‌عسدا، گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ و گه‌ڕان به‌دوای بێسه‌ر و شوێنكراواندا) و له‌گه‌ڵ یاسای پاراستنی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و هاوكات هه‌مان یاسا هه‌مواركراوی به‌زمانی عه‌ره‌بی و پاشكۆیه‌كی وێنه‌یی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌عیراق لەخۆدەگرێت.
نووسه‌رانی ئاماده‌كار چی ده‌ڵێن؟
عارف قوربانی: (ده‌بێت هیچ گومانێكمان له‌وه‌نه‌بێت رووداوی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و بارزانی و فه‌یلییه‌كان، به‌هه‌موو ورده‌كارییه‌كانییه‌وه له‌به‌رده‌ستی ناوه‌نـــــــدی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی جیهاندا هه‌یه و له چركه‌ساتی روودانی هه‌ریه‌ك له‌م تاوانانه‌دا ئاگادارن و دوورنییه به‌ڵگه‌ی تۆماركراوی به‌شێك له‌و تاوانانه‌شیان لابێت، كه ئێمه پێمان وایه به‌شاراوه‌یی ئه‌نجامدراون).
سالار مه‌حمود: ( گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له عیراق ژیان و ناسنامه‌ی قوربانیی گه‌لی كورد عیراق ده‌رده‌خات، له‌هه‌مانكاتدا ناسنامه‌ی رژێمی دیكتاتۆری به‌عس له‌عیراق 1968 بۆ 2003 كه به‌كوده‌تای سه‌ربازی هاته سه‌رحوكم ده‌رده‌خات).
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج: (گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان پڕكران له‌و عیراقییه سڤیلانه‌ی ته‌نها تاوانیان كورد بوون بوو، له‌كاتێكدا كورد بوون بۆ هه‌ر منداڵه كوردێك قه‌ده‌ری خودایه. خودا خۆی ده‌فه‌رموێت: (ئێوه‌مان له‌شێوه‌ی گه‌ل و هۆزی جیاجیا دروست كرد، تا یه‌كتر بناسن و پێكه‌وه بژین).
محه‌مه‌د حەمه‌ساڵح تۆفیق: (سه‌باره‌ت به بایه‌خدان به گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ وه‌ك به‌ڵگه‌ی تاوان و له‌حاڵه‌تی هه‌ڵدانه‌وه‌شیدا بۆ ده‌رهێنانی ئێسك و پروسكی قوربانییه‌كان و شمه‌ك و كه‌ره‌ستانه‌ی پێی بووه له‌كاتی ناشتنیدا، من نموونه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ی (كورێمێ) ده‌هێنمه‌وه كه سه‌ر به پارێزگای دهۆكه و راپۆرتێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ردوو رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ و پزیشكانی مافی مرۆڤی له‌سه‌ره).
عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د: (به‌پێی زانیارییه‌كان ئه‌وانه‌ی پۆلێنی ئه‌نفالكراوانیان كردووه له‌سه‌ر بازگه‌ی تۆپزاوه، سه‌ر به ئه‌منی پارێزگای كه‌ركوك بوونه، سه‌ره‌تا چه‌ند رۆژێك له سه‌ربازگه‌ی تۆپزاوه ئه‌نفالكراوان له‌یه‌كتر جیانه‌كراونه‌ته‌وه، ژن و پیاو و منداڵ و گه‌نج له‌و هۆڵه گه‌ورانه‌ی تۆپزاوه پێكه‌وه بوون، دواتر ده‌ستكراوه به‌جیاكردنه‌وه‌ی زیندانیان و پۆلێنكردنیان، دابه‌شی چواربه‌ش كراون، ژنان و پیاوانی پیر، پیاوانی پانزه بۆ په‌نجاساڵ، ژن و منداڵ، ژنی گه‌نج، كچانی گه‌نج).
هێمن حه‌سیب: (له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس له 9/4/3003 و ده‌ركه‌وتنی قه‌باره و ژماره‌ی زۆری گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، بووه هۆكاری ناونانی وڵاته‌كه به وڵاتی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له ناوه‌نده جیهانی و ئه‌كادیمییه‌كان).
هابیل حاجی ئه‌حمه‌د: (له‌ساڵی 2006 په‌رله‌مانی عیراق یاسای ژماره 5ی یاسای پاراستنی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی له‌عیراق ده‌ركرد، ئه‌م یاسایه ژماره 13 له‌ساڵی 2015 هه‌موار كراوه‌ته‌وه، هه‌موو لایه‌نه‌كانی پرسی تایبه‌ت به‌گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی رێكخستووه).
د.محه‌مه‌د ئیحسان: (گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ تاوانێكی ته‌واوكارییه بۆ كۆمه‌ڵكوژیی به‌كۆمه‌ڵ).
ته‌واوی كتێبه‌كه
ته‌واوی كتێبه‌كه پێكهاتووه له (388) لاپه‌ڕه‌ی نیوی A4، ده‌توانین بێژین سه‌رباری تێبینی جۆراوجۆر، ده‌كرێ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی زانیاری له‌باره‌ی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد و كوردستان لێی بڕوانرێ، به‌تایبه‌ت گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ وه‌ك به‌شێك له به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنی تاوانه‌كه و هه‌قیشه ئه‌وه‌ش بخه‌ینه‌روو، ئه‌م كتێبه شیاوی ئه‌وه‌یه پاش جارێكی تر پیاچوونه‌وه و شه‌ن و كه‌وكردنی، وه‌ربگێڕدرێته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و به‌شه كوردییه‌كه‌ی به‌تایبه‌تتر بكرێته زمانی عه‌ره‌بی و وه‌ك دوو كتێبی جیاواز (ئینگلیزی و عه‌ره‌بی) چاپ و بڵاوبكرێته‌وه.