جێگر خدر
بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و حزبی و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە کرایەوە.
پڕۆژەکە دوا پاکێجی تەواوکردنی نۆژەنکردنەوە و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی گشتی رانیەیە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، د.سەفەر حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین سوپاسی ئەندامانی خولی پێشوو و ئێستای فراکسیۆنی یەکێتی کرد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، کە هەوڵی جدییان دا تاوەکو گوژمەی پێویست بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەکە دابین بکەن، لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی عیراق بەردەوام لەسەرهێڵ بوون.
تەواوکردنی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە، سوودێکی زۆر بە کەرتی تەندروستی دەڤەرەکە دەگەیەنێت، بەڵام وەک هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە ئاماژەی پێدا، بەئەنجامگەیاندن و تەواوکردنی نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی پێداویستییەکانی سنوورەکە بۆ نەخۆش پڕدەکاتەوە، وتیشی”هەوڵەکان زۆر باش چوونەتەپێش و لە ئایندەیەکی نزیکدا، کارکردن تێیدا دەستپێدەکاتەوە”.
فۆتۆ؛ ئیسماعیل خۆشناو