كەڵەشاخ لەنێوان چارەسەریی میللی و زانستی پزیشكیدا

10:42 - 2025-07-09
ڕاپۆرت
29 جار خوێندراوەتەوە
كەڵەشاخ گرتن

ئا: دیانا ئەحمەد

كەڵەشاخ، بە درێژایی مێژوو زۆربەی نەتەوە و هۆزەكان وەك چارەسەرێكی سروشتی بۆ خۆپاراستن و دووربوون لە نەخۆشی بە كاریانهێناوە، ئەوانەی ئەم كارە پیشەیان بووە هەریەكە و لە هەر سەردەمێك بەجۆر و شێوازێكی جیاواز کردویانە، ئەو نەتەوانەی بەكاریانهێناوە بە شێوازێكی پزیشكیی كۆن و هەڕەمەكی كەڵەشاخیان بۆ هاووڵاتیان كردووە.
هیوا حەسەن خاوەنی سەنتەری حاجی هیوا بۆ كەڵەشاخ کردن بۆ لاپەڕەی تەندروستی وتی: نۆ ساڵە لە بواری كەڵەشاخدا كاردەكەم، بڕوانامەم هەیە و زۆرترین خولم بینیوە، هاوكات مۆڵەتی كۆمەڵەی رووەكناسانم هەیە، ئەو كەسانەی كەڵەشاخ دەكەن، پێویستە تەمەنیان سەروو 18 ساڵ بێت، هەڵگری هیچ ڤایرۆسێك نەبن و خوێنیان كەم نەبێت و ئامێری پێوانەیی دڵیان بۆ دانەنرابێت، نەخۆشی شێرپەنجەشی نەبێت، كـەڵـەشـاخ گـرتـن چـارەسـەرە، بـۆ هەموو نەخۆشییەك، تــەنـهـا مــــردن نەبێت.

ئەگەر كەڵەشاخ بەشێوەیەكی ستاندارد و كەسێكی زۆر زانستی بیكات و پێشتر رای پزیشكێك وەربگیرێت، لەوانەیە لەڕووی زانستییەوە هیچ زیانێكی نەبێت و بەپێچەوانەوە سوودی هەبێت، بەڵام بەومەرجانەی كە كەسەكە هیچ نەخۆشییەكی نەبێت و پێشتر دكتۆری پسپۆڕ بیپشكنێت و هەڵیبسەنگێنێت


سوودەكانی كەڵەشاخ

وتیشی: كەڵەشاخ کردن دوو جۆری هەیە، بریتین لە جۆری (تەڕ و وشك)، كەڵەشاخ سوودی بۆ 78 جۆری نەخۆشی جیاواز هەیە، هەروەها هەندێك لە پزیشكان بڕوای تەواویان پێی هەیە و داوا لە هاووڵاتییان دەكەن كەڵەشاخ بكەن، هەندێكی دیکەیان لەگەڵ ئەوەی بڕوایان پێی هەیە، بەڵام حەز ناكەن هاووڵاتیان بیكەن، لەبەرئەوەی بە هۆكاری گواستنەوەی نەخۆشییە گوازراوەكانی دادەنێن.

كەڵەشاخ لە رووی زانستییەوە
كەڵەشاخ، هەمان بیرۆكەی خوێن بەخشینە، بەڵام لە كۆندا كانۆلا و بانكی خوێن و كیسی خوێن نەبووە، هەربۆیە لە زانستی پزیشكی كۆندا ئەو رێگەیەیان بەكارهێناوە و هاووڵاتییانیان پێ چارەسەر كردووە.
هەرلەوبارەیەوە دانا عومەر پزیشکی پسپۆڕی خوێن بە لاپەڕەی تەندروستی راگەیاند: پزیشكان لە رووی زانستی پزیشكییەوە پێشنیاز بۆ نەخۆشەكان دەكەن كە خوێن ببەخشن باشترە وەك لەوەی كەڵەشاخ بكەن، چونكە ئەو بڕە خوێنەی کە لە نەخۆشەكە وەردەگیرێت دیاریكراوە و بریتییە لە (350) سیسی، هەروەها لە رووی پاکوخاوێنییەوە شوێنەكەی تەعقیم دەكرێت و خوێنەكە فڕێ نادرێت تا بەفیڕۆبچێت، بەڵكو دەدرێت بە كەسێك كە پێویستی بە نەشتەرگەرییە یان تالاسیمای هەیە و یانیش شێرپەنجەی هەبێت، خوێنەكەیان بۆ بەكاردەهێنین، ئەمە لە رووە زانستییەكەوە، بەڵام كەڵەشاخ لەوانەیە لەشوێنێكدا بكرێت كە میكرۆب بگوازرێتەوە لەكاتی گوێزان لێدان بە پێستەكەدا و ببێتە هۆی نەخۆشییە گوازراوەكانی وەك ڤایرۆس و بەكتریا، لە روویەكی ترەوە لەوانەیە ببێتەهۆی خوێن بەربوون، نەخۆش هەبووە نەخۆشی دڵی هەبووە حەبی ئەسپرین یان حەبێكی تایبەتی بە نەخۆشییەكەی خواردبێت، كەڵەشاخی بۆ كراوە و لەودەچێ ئەوكەسەی كە بۆی كردبێت زانیاری نەبووبێت و پشتی كەسەكەی بە گوێزان بڕیوە و كەڵەشاخی بۆ كردووە و بووەتەهۆی خوێن بەربوون، نەخۆشەكە لە نەخۆشخانە داخڵ كراوە و چەند رۆژێكی پێچووە تا چارەسەركراوە، بۆیە لە هەرحاڵەتێك بێت خوێن بەخشین  باشترە، چونكە لەكاتی خوێن بەخشین لە بانكی خوێن پرسیاری لێ دەكرێت لەبارەی نەخۆشییە گوازراوەكان و رێنمای تایبەتی پێدەدرێت و بەپێی ئەوە خوێنی لێ وەردەگیرێت.
وتیشی: ئەگەر كەڵەشاخ بەشێوەیەكی ستاندارد و كەسێكی زۆر زانستی بیكات و پێشتر رای پزیشكێك وەربگیرێت، لەوانەیە لەڕووی زانستییەوە هیچ زیانێكی نەبێت و بەپێچەوانەوە سوودی هەبێت، بەڵام بەومەرجانەی كە كەسەكە هیچ نەخۆشییەكی نەبێت و پێشتر دكتۆری پسپۆڕ بیپشكنێت و هەڵیبسەنگێنێت.

هۆكاری زۆربوونی رێژەی خوێن چییە؟
 -1یەكێكیان بەهۆی تێكچوونی جیناتی لەشە واتە كرۆمۆسۆمەكانی لەش، كە باوترینیان پێی دەڵێن، جاك تو كە ئەمە وا دەكات ئەو كەسانە خوێنیان زۆربێت و هیچ كێشەیەكی تر لە لەشیاندا نییە، تەنها ئەم كرۆمۆسۆمە نەبێت كە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە ئەم جینەی تێدایە پۆزەتیڤە و ئیعاز دەنێرێت بۆ مۆخی ئێسك و مۆخی ئێسك خوێن زیاتر دروست دەكات.
 -2هۆكارەكەی تری بریتییە لەو كەسانەی كەمی ئۆكسجینیان هەیە، بۆ نموونە كەسانێك هەن لە ناوچەی شاخاوی زۆربەرزدا دەژین بۆ نموونە مەنتیقەی هیمالایا، ئەم كەسانە لە كەسانی ئاسایی زیاتر خوێنیان هەیە، یان كەسێك نەخۆشی رەبو یان جگەرەكێشە یان كێشەی بەریشاڵ بوونی سییەكانی هەیە ئەمانە خوێنیان زیاددەكات.
ئەوكەسانە كێن كە دەتوانن خوێن ببەخشن؟
دانا عومەر پزیشکی پسپۆڕی خوێن دەڵێت: هەموو كەسێك دەتوانێت 56 رۆژ جارێك خوێن ببەخشێت بە مەرجێك كەسەكە تەمەنی لە 16 ساڵ كەمتر نەبێت و لە 65 ساڵ زیاتر نەبێت، هاوكات نەخۆشی گوازراوەی نەبێت، خوێنی كەم نەبێت، هەڵگری ڤایرۆسی جگەر یان ئایدز نەبێت، یان هەر نەخۆشییەكی تر كە كاریگەریی لەسەر وەرگر دروست بكات، بەڵام بەگشتی ئەو كەسانەی كە جگەرەكێشن یان خوێنیان زۆرە  یان رەبوو یان كێشەی ئۆكسجینیان هەیە دەبێت لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە بە شێوەیەكی رێكوپێك خوێن ببەخشێت.

ئەو كەسانە كێن كە خوێنیان تێ دەكرێت؟
وتیشی: پێویستە بەپێی حاڵەت پێشتر كەسەكە چارەسەر وەربگرێت و راستەوخۆ خوێنی تێ نەكرێت، بۆ نموونە كەسێك كەمی ئاسنی هەیە یان كەمی ڤیتامین B12 نابێت راستەوخۆ خوێنی تێ بكرێت، لە هەندێك حاڵەتدا نەبێت، خوێن دەكرێتە نەخۆشەكەوە بۆ نموونە كەسەكە نیشانەی زۆرە، خوێنی زۆر كەمە و ترپەی دڵی خێرایە و تەنگەنەفەسە و ناتوانێت بەپێی خۆی بڕوات، ئەگەر تۆ چارەسەر بۆ نەخۆشەكە بنووسیت، بێگومان كاتی دەوێت تا خوێنەكەی بەرزدەبێتەوە، یان كەسێك خوێنی زۆر كەمە و نەشتەرگەرییەكی كتوپڕی بۆ دەکرێت و كاتی نییە چارەسەر وەربگرێت، راستەوخۆ خوێنی تێدەكرێت، یان ئەوانەی كە نەخۆشی تالاسیمایان هەیە، پێویست دەكات بە شێوەیەكی رێكوپێك لە سەنتەرەكانی تالاسیما خوێن وەربگرن، بەڵام بەداخەوە لە زۆر شوێن گوێ بە حاڵەتەكە نادرێت راستەوخۆ خوێنی تێدەكەن، چونكە زۆرجار خوێن تێكردن تووشی موزاعەفاتی دڵی دەكات كە لەوانەیە ببێتەهۆی نەخۆشی دڵ یان گواستنەوەی نەخۆشی ڤایرۆس یانیش كەسەكە خوێنی زۆر بەرزبێت ماددەی ئاسن لە لەشیدا زیاد دەكات و دەبێتەهۆی كێشە لە هەریەك لە ئەندامەكانی جگەر و پەنكریاس و گورچیلە و دڵ و پێست، هەربۆیە خوێن تێكردن پێویستە بە شێوەیەكی زانستییانە بێت، بێ ئەوەی پێشتر بیر لە چارەسەركردنی نەخۆشەكە بكەنەوە كە لەوانەیە بە چارەسەر خوێنی باش ببێت و پێویستی بە خوێن تێكردن نەبێت.

ئەو خواردنانەی بۆ کەمخوێنی باشن
ئاماژەی بەوەشکرد: بێگومان هەموو كەم خوێنییەك هۆكارێكی هەیە و دەبێت كەسەكە بپشكنرێت و هۆكارەكەی بدۆزرێتەوە و بەپێی ئەوە چارەسەربكرێت، بەڵام ئەو خواردنانەی كە لەكاتی كەم خوێنیدا بخورێت بۆ بەرزكردنەوەی خوێن، بریتیین لەو خواردنانەی كە ئاسنیان تێدایە وەك گۆشت بە پلەی یەك و سەوزە و میوە و نیسك هێلكە و خورما نۆك و پاقلە و چەرەسات و چەوەنەر و تۆی شیا، بەڵام ئەوكەسانەی كە ڤیتامین B12 یان كەمە پێویستە گۆشت زیاتر بخۆن، ئەو كەسانەشی كە فۆلیك ئەسیدیان كەمە دەبێت سەوزە و میوە زۆر بخۆن، ئەوكەسانەشی تالاسیمایان هەیە دەبێت گۆشت نەخۆن و چا زیاتربخۆنەوە، هیچ خواردنێكیش بەبێ دەرمان و بە تەواویی كەم خوێنی چارەسەر ناكات، بەڵکو هەردووكیان تەواوكەری یەكن، هەربۆیە پێشتر پشكنین بكرێت تا چەرەسەر وەربگیرێت و بەپێی ئەوە نەخۆشەكە چارەسەربكرێت.

هۆكارەكانی خوێن خەستی و کەم خوێنی چیین؟
پزیشکەکە دەشڵێت: خوێن خەستی یان خوێن زۆری، دوو جۆری هەیە، یەكێكیان بەهۆی ئەو كرۆمۆسۆمەیە كە خوێنی كەسەكە زیاددەكات یان جۆری دووەمی ئەوەیە كە ئەوكەسانە دەگرێتەوە كە كەمی ئۆكسجینیان هەیە یان جگەرە كێشە یان بە ریشاڵ بوونی سییەكانە، یان نەخۆشی رەبووی هەیە، هەموو ئەمانەهۆكاری سەرەكین، هۆكارەكانی كەم خوێنی یەك جۆری نییە، چونكە  كەم خوێنی دەكرێت بە چەند بەشێكەوە بۆ نموونە، كەم خوێنی بەهۆی كەمی ئاسن كە باوترینیانە و كەم خوێنی بەهۆی دابەزینی رێژەی ڤیتامینی B12 و كەم خوێنی بەهۆی سیستمی بەرگری لەشەوە دەبێتە هۆی تێكشكانی خرۆكە سوورەكانی لەش و كەم خوێنی بەهۆی شێرپەنجەی خوێن كە بەهۆی كێشەی مۆخی ئێسك، چونكە كارگەی دروستبوونی خوێن لە مۆخی ئێسكدایە، هەندێکجار بەهۆی سستی مۆخی ئێسكەوەیە یان كەسەكە مۆخی ئێسكی ئیش ناكات یان بەتاڵە، یان بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بۆ مۆخی ئێسك بۆ نموونە هەندێك كەس شێرپەنجەی مەمك یان كۆڵۆنی هەیە یان هەندێک جۆری كەم خوێنی تر هەیە، ئەوانەی گورچیلەیان سستە یان نەخۆشییە رۆمانتیزمەكان كە ئەمانە پێیان دەڵێن نەخۆشییە درێژخایەنەكان هەربۆیە كەمخوێنی یەك جۆری نییە، بەڵام باوترینیان كەمی ئاسنە كە دەبێتەهۆی كەمخوێنی.
ئەوەشی خستەڕوو: هەریەكێكیش لەمانە هۆكارێكی تایبەتی هەیە، بۆ نموونە كەمخوێنی بەهۆی كەمی ئاسن بەهۆی ئەوەیە هەندێک كەس هەیە خواردنێك دەخوات كە ئاسنی كەم تێدایە یان گۆشت ناخوات دەبێتەهۆی كەمی ئاسن، هۆكارەكەی تر ئەوەیە هەندێك هەیە گۆشتەكەش دەخوات، بەڵام لە ریخۆڵەیەوە ئاسنەكە هەڵنامژرێت بۆ نموونە بیستوومانە كە دەڵێن نەخۆشی هەستیاری بە گەنم (گلۆتین) كە لە گەنمدا هەیە یان كەسێك سكچوونی درێژخایەنی هەیە یان كێشەی هەیە لە ریخۆڵەی كە توانای هەڵمژینی ئاسنی نییە، هۆكارێكی تر ئەوەیە كەسەكە ریخۆڵەی كێشەی نییە و خواردنیش دەخوات، بەڵام خوێن بەربوونی هەیە بۆ نموونە كەسێك خوێن بەربوونی لووت یان دەمی هەیە یان میزەكەی خوێنی تێدایە یان سووڕی مانگانەكەی زۆرە و دەبێتەهۆی ئەوەی كەسەكە تووشی كەمخوێنی ببێت بەهۆی كەمیی ئاسن.

خوێن بەخشین

بابەتە پەیوەندیدارەکان