دوورخستنەوەی عیراق لە مەترسییەکان تاوتوێکرا

11:20 - 2025-07-09
عیراق
57 جار خوێندراوەتەوە

سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق، لە کۆشکی بەغدا، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تاوتوێی دوورخستنەوەی عیراق لە مەترسییەکان و پاراستنی سەلامەتی وڵات کرا.
دوێنێ، بە ئامادەبوونی د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، هەر سێ سەرۆکایەتییەکە کۆبوونەوە،  لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوورخستنەوەی عیراق لەمەترسییەکان و پاراستنی سەلامەتی وڵات، کرا.
هەر سێ سەرۆکایەتییەکە، ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیان تاوتوێکرد و  پشتیوانییان لە هەنگاوەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکرا لەسەر بابەتی پەیماننامەی رێکخستنی دەریاوانی لە خورعەبدوڵڵا، کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بەپێی یاسای (42)ی ساڵی 2013 پەسەندکرا، کە دادگای باڵای فیدراڵی بەبڕیاری ژمارە 105 و یەکگرتوو 194 / فیدراڵی / 2023 بە نادەستووریبوونی یاساکەی ناساند.
لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەشدا، هەر سێ سەرۆکایەتییەکە گەیشتن بەم رێککەوتنانەی خوارەوە:
1. ئەنجومەنی نوێنەران هەڵدەستێت بە چارەسەرکردنی رێوشوێنی یاسایی پێویست بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی کە پێویستی بە دووبارە دەرکردنی یاسای پەسەندکردنی پەیماننامەکە بە شێوەیەکی پرەنسیپی هەیە.
2. سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی یاساکە بۆ دادگای فیدراڵی دەکشێننەوە بەهۆی نەبوونی پێویستی پاش جێبەجێکردنی پرۆسەی یاسادانان.
3. دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی عیراق بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش
هەر سێ سەرۆکەکە، جەختیان لەوە کردەوە، دۆسیە نێودەوڵەتییەکان بۆ مشتومڕ و داواکاریی سیاسی و میدیایی بەکارنەهێنرێت، چونکە زیان بە ناوبانگی دەرەکی و بەرژەوەندییەکانی عیراق دەگەیەنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان