وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمریكا، بەڵام لە ئێستادا ئامادەنین بەشێوەی راستەوخۆ گفتوگۆ بكەن.
عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگــەڵ كەناڵی (فۆكس نیوز)ی ئەمریكی رایگەیاند: تاران بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ واشنتۆن بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ئامادەیە، بەڵام بەشێوەی راستەوخۆ نا، چاوەڕێی ئەوەین ئەمریكییەكان سزاكانی سەر ئێران هەڵبگرن،
وتیشی: ئەگەر ئامانج لە گفتوگۆكان گەیشتنە بە رێكکەوتنێك كە ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی نەگات، ئەوە ئامادەین، بەڵام ئەگەر بیانەوێت ئێمە لە مافی یاسایی خۆمان بەتایبەتی پیتاندنی یۆرانیۆم بێبەش بكەن، ئامادەنین.
راشیگەیاندووە، دامەزراوە ئەتۆمییەكان زیانی تەواویان پێگەیشتووە، بەڵام زانستە ئەتۆمییەكە هەر ماوە، خۆ ئێمە زانستی ئەتۆمییمان لە دەرەوە هاوردە نەكردووە كە بە بۆردومان لەناو بچێت، زانستەكە هی بیرمەند و پسپۆڕ و شارەزایانی خۆمانن.
وتیشی: ئێمە درێژە بە بەرنامەی مووشەكیی خۆمان دەدەین چونكە ئامانجی ئێمە لە بەرنامەی مووشەكیی، تەنها بۆ بەرگریكردنە، بە ئەندازەی پێویستیش مووشەكمان هەیە بۆ ئەوەی بەرگریی لە خۆمان بكەین، ئێمە خۆمان لە چەك داناماڵین.
سەرچاوە/ ئاژانسی ئیسنا