شه‌ڕ له‌ پارێزگای سوه‌یدا به‌ردەو‌امه

12:04 - 2025-07-23
جیهان
67 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی هۆزی بەدەوی لە دەروازەی سه‌ره‌كیی پارێزگای سوەیدان و هەوڵی چوونەژوورەوە بۆ ناوه‌ندی شارەکە دەدەن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی میدیایی له‌ شاری سوه‌یدا به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: شەڕی نێوان هۆزە عەرەبەکان و ئەنجومەنی سەربازیی دروز لە ده‌روازه‌ی شاری سوەیدا بەردەوامە، به‌ڵام چه‌كداره‌كانی هۆزە بەدەوییەکان نەگەیشتوونەتە ناوەندی شارەکە، تەنیا لە چەند گەڕەکێکی ده‌روازەی شاره‌كه‌دان و شەڕ لەنێوان هەردوولا بەردەوامە.
وتیشی: هێزە ئەمنییەكانی شام لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چەکدارانی بەدەویدان به‌ مەبە‌ستی وەستاندنی شەڕەکە. هه‌روه‌ها زۆربەی هۆزە عەرەبەکان لە ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی و دەوروبەری پارێزگای سوەیدا كۆبوونه‌ته‌وه‌، لە شارەکانی ئیدلب، حومس، دێرەزوور و رەققه‌وه‌ هاتوون و هەوڵ دەدەن بچنە ناو شاره‌كه‌وه‌.
باسی لەوەشکرد: دۆخی مرۆیی سوەیدا زۆر سەختە، بەتایبەتی لە رووی خۆراک و تەندروستی و ئاو، سووتەمەنی و کارەبا.... هتد، بەڵام دوێنێ لە رێگەی مانگی سووری سوریاوە ژماره‌یه‌ك له‌ کەلوپەل و پێداویستیی خواردن و ته‌ندروستی،گەیشتوونەتە ناوه‌ندی پارێزگای سوەیدا.
ئەو  سەرچاوەیە راشیگەیاند: بەپێی ئامارە رەسمییەکان، لە شەڕەكه‌دا نزیکەی هەزار و 500 هاووڵاتیی مەدەنی دروز کوژراون کە هۆکاری سه‌رەکی جیاوازیی ئایینی و مەزهەبین. پێشتر ناوماڵی دروزەکان په‌رته‌وازه ‌و دابەشبووبوو، بەڵام ئێستا یەکگرتوون و بەرگری لە شارەکەیان ده‌كه‌ن.
 رووبەری گشتیی پارێزگای سوەیدا پێنج هەزار و 555 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی زیاترە لە 500 هەزار کەس.
ئه‌یاز هه‌ركی

بابەتە پەیوەندیدارەکان