ساڵانە ملیاران دۆلار بۆ خۆپڕچەككردن خەرجدەكرێت

12:15 - 2025-07-23
جیهان
86 جار خوێندراوەتەوە

دوای دروستبوونی شەڕ لەنێوان روسیا و ئۆكرانیا، وڵاتان روویان لە كڕینی چەك و تەقەمەنیی زیاتركردووە، مامۆستایەكی زانكۆ لەسەر ئەم بابەتە دەڵێت: كڕینی چەك لەلایەن وڵاتانەوە دوو لایەنەیە.
ململانێكان لە ئاستێكی زۆر بەرزدان
فەریقی یەكەم جەبار یاوەر شارەزای بواری سەربازی و ئەمنی بە كوردستانی نوێ-ی وت: بەگوێرەی ئەو ئامارانەی سەبارەت بە كڕین و بەرهەمهێنانی چەك و تەقەمەنی بڵاودەکرێنەوە، ئەو بودجەیەی لە زۆربەی وڵاتاندا بۆ ئەم بابەتە تەرخان دەكرێت ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دەبێت، وەك (ئەمریكا، روسیا، چین و نیمچەدوورگەی كۆریا)، ئەمە وایكردووە بڵێین مەترسییەك هەست پێدەكرێت لە جیهاندا بەشێوازێكی گشتی، چونكە هەندێك شارەزای بواری سەربازی پێشبینی ئەوە دەكەن ئەمە ئامادەكارییەكە بۆ جەنگی سێیەمی جیهانی، بە تایبەتی كە ئێستا دەبینین ململانێكان لە ئاستێكی زۆر بەرزدان، نەك تەنها ململانێكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت، بەڵكو ئێستا ململانێكان لەنێوان ئەو دوو لایەنەدایە، كە پێشتر شەڕی ساردیان لەنێواندا هەبوو، بە تایبەت (ئەمریكا و روسیا)، ئێستا وایلێهاتووە شەڕێك هەیە بەوەکالەت، روسیا شەڕی لەگەڵ ئۆكرانیا هەیە، كەچی هەموو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا پشتیوانی ئۆكرانیا دەكەن، راستە ئەم شەڕە لە ناوچەكانی ئەوروپادایە، بەڵام شێوازی شەڕەكە لە شەڕێكی جیهانی دەچێت، بەڵام ناونانرێت بە شەڕی جیهانی.
كڕینی چەك 
وتیشی: جگەلەوە بە بەردەوام كێشە و ململانێ هەیە بەتایبەتی ئەوەی بینیمان لە غەززە، ئەو شەڕە وێرانكەرەی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین هەیە و ژمارەی كوژراوەكان گەیشۆتە زیاتر لە (50) هەزار كەس و نزیكەی (100) هەزار كەسیش برینداربوون. لە ماوەیەكی كەمدا ئەو هەموو قوربانییە هەیە، زۆر كەس دەڵێن ئەگەر بەراوردی بكەین بە شەڕە جیهانییەكان كوشتار و بریندارەكەی لەو ماوەیەدا زیاتر بووە لە جەنگی یەكەم و دووەمی جیهانی. جگەلەمەش شەڕی وێرانكەری نێوان (ئێران و ئیسرائیل) بەهەمانشێواز لە هەموو جۆرە چەكێك و فڕۆكەی جەنگی پێشكەوتوو و رۆكێتی بالیستی و درۆن بەكارهات، جگەلەوەی ئەو ئاڵۆزیانەی هەن بۆ نموونە شەڕەكانی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، شەڕەكانی ناوچەكانی سودان، پەلاماری ئیسرائیل بۆ ناوچەی لوبنان، ئەو شەڕە ناوخۆییانەی لە سوریا هەبوون و ئێستاش بەردەوامن، سەرەڕای كۆتاییهێنان بە رژێمی پێشوو، لەبەرئەوە ئەمە بۆتە جێی مەترسی بۆ زۆر وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵدەدەن بودجەی زەبەلاح بۆ چەك و تەقەمەنی دابنێن و ئەو پارەیەی بۆ ئەو مەبەستە خەرجی دەكەن بۆ ئەوەیە خۆیان یان رژێمەكەیان بپارێزن لەو مەترسییانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە.
پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن 
د.ئەیوب سماقەیی مامۆستای زانكۆ قسەی بۆ كوردستانی نوێ کرد و باسی لەوەکرد، پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن لەلایەن وڵاتانەوە دوو لایەنەیە، هەم لایەنی باشی هەیە و هەم لایەنی خراپی هەیە. لایەنە باشەكەی ئەوەیە هەمیشە تەكنەلۆجیای چەك و تەقەمەنی، تەكنەلۆجیایەكی پێشكەوتووە و دواتر بەكاردێت لە بواری شارستانیی (مەدەنی)دا. لایەنە خراپەكەشی ئەوەیە ئەو پارەیە لەبری ئەوەی وڵاتان بۆ خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریی هاووڵاتیانیان خەرجی بكەن، لە بواری خۆپڕچەكکردن و لایەنی سەربازی بەكاردێت، واتە دەبێتەهۆی دواخستن یان كەمكردنەوەی كێشەی ئابووری بەپێی ئەو رێژەیەی پارەكەی بۆ تەرخان دەكرێت بۆ كڕینی چەك و پێداویستییە سەربازییەكان.
چەك و ئابووریی وڵاتان
وتیشی: بۆ ئەو وڵاتانەی چەك دەكڕن و خۆیان دروستی ناكەن، لایەنی باشە نییە، هەمووی خراپە، چونكە ئەو پارەیەی بۆ كڕینی چەك تەرخانی دەكەن لەبری ئەوەی بۆ پێشخستنی ئابووریی وڵاتەكەیان بەكاریبهێنن ناچارن لە كڕینی چەك و تەقەمەنیدا بەكاریبهێنن، بەڵام بۆ ئەو وڵاتانەی چەك دروستدەكەن و دەیفرۆشن، بەتایبەتی چەكی نوێ و تەكنەلۆجیای سەردەمی تێدا بەكاردەهێنن، ئەوە لایەنی باشەی هەیە.
 بە گوێرەی ئامارێك هەریەكە لە (ئەمریكا، روسیا، فەڕەنسا، كۆریای باشوور، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، سوید، ئیسرائیل، نەرویج و چین) لە ریزبەندیی ئەو (10) وڵاتەدان، كە زۆرترین چەكیان لە ساڵی (2024)دا فرۆشتووە. لە بەرامبەردا هەریەكە لە (ئۆكرانیا، هیندستان، قەتەر، سعودیە، پاكستان، ژاپۆن، ئوسترالیا و میسر) ئەو وڵاتانەن، كە لە ساڵی (2020–2024) زۆرترین چەكیان كڕیوە.
كوردستانی نوێ، هیوا كازم

بابەتە پەیوەندیدارەکان