شەڕی کۆکردنەوەی لایک و ڤیو، بنەما سەرەکییەکانی کاری رۆژنامەوانییان شێواندووە

10:07 - 2025-07-30
ڕاپۆرت
70 جار خوێندراوەتەوە
جوڵاندنی هەست و سۆز دوورە لە کاری رۆژنامەوانییەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد


لە هەرێمی کوردستان کارکردن لەسەر جوڵاندنی هەست و سۆز و پابەندنەبوون بە ئیتیک و بنەماکانی کاری رۆژنامەوانی بوونەتە هۆکاری شێواندنی کاری رۆژنامەوانی و ناوزڕاندنی بەشێک لەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
جەمال ساڵح یەکێکە لە زیانلێکەوتووانی بازاڕی دارەسووتاوەکەی شاری سلێمانی کە لەماوەی رابردوودا سووتا، کەسێكی بە تەمەنە و بەهۆی نەخۆشییەوە هۆشی لە دەستداوە، لە ماوەی رابردوودا پەیامنێری یەکێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن بە مایکێکەوە لەبەردەمی وەستا و باسی ئەوەی لەگەڵ کرد کە قەرەبوو نەکراوەتەوە و هەست بەچی دەکات کە دوکانە سووتاوەکەی دەبینێت؟ جەمال ساڵح کە بەباشی قسەشی بۆ نەدەکرا دەستی کرد بە گریان، ئەو دیمەنە لە کەناڵەکەوە بڵاوبووەوە و دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەستی پێکراو بووە هۆی دڵگرانی کەسوکارەکەی.
فاتمە حسێن هاوسەری جەمال بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەبڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنەی هاوسەرەکەم لەو کەناڵە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دڵگران بووین، بە تایبەت مناڵەکانم زۆریان پێ ناخۆش بوو پێی شکانەوە، دۆست و ناسیاوەکانمان بۆ دڵنەوایی تێلیان بۆ دەکردین، زۆرمان پێ ناخۆش بوو.
وتیشی: چەندمان کرد نەمانتوانی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەین و رێگریی لە زیاتر بڵاوبوونەوەی بکەین لەبەرئەوەی لە دەست دەرچوو بوو، ئێستاش ئەگەر بیرم دەکەوێتەوە توڕە دەبم و خوازیارم هیچکات ئەو دیمەنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نەیەتەوە بەرچاوی منداڵەکانم.
تەنها ئەو خانەوادەیە نین کەبوونەتە قوربانی نێردراو یاخود مایک بە دەستی بەشێک لە کەناڵەکان و سایت و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا، بەڵکو سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵ لە بەردەم ئەو هەڕەشەیەدان، بە تایبەتی خانەنشینان لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیاندا بە پرسیاری بێ بنەما و هەستبزوێن دەدوێنرێن و دواجار بەبڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبنە قوربانی.

بەرپرسیارێتی وەزارەتی رۆشنبیری
شیروان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەپێی یاسا وەزارەتی رۆشنبیریی بەرپرسە لە میدیای بینراو و  بیستراو، بەڵام ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیادا دروست بوون، سایت و پەیج و وێب تیڤی شتێکی تایبەتە و بەپێی یاسا لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتدا کاردەکەن و یاسایەک نییە پابەندیان بکات بە وەزارەتەوە و راستەوخۆ بەرپرسارێتییان لە ئەستۆی ئێمەدا بێت.
وتیشی: ئەو رێنماییانەی لە رابردوودا لەبارەی هەندێک کارەوە لە سۆشیاڵ میدیا دەرمانکردووە لە ئەنجامی زیانگەیاندن بە تاک یاخود کۆمەڵگە بووە بە گشتیی و داواکاری گشتی لەسەری هاتووەتە سەرخەت، بەڵام لە راستیدا هیچ لایەنێكی رەسمی لە حکومەت نییە بەرپرسارێتی هەبێت بەرامبەر سۆشیاڵ میدیا.
وەزارەتی رۆشنبیری لەگەڵ سەندیکای رۆژنامەنووسان رێککەوتوون ئەو بابەتانەی دەچنە چوارچێوەی خوێندراوەوە وەک رۆژنامە یاخود سایت و پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەندیکا لێی بەرپرس بێت و بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەری لە کوردستان، لەلای سەندیکا خۆیان تۆماربکەن.

رێنمایی رێکخستنی سۆشیاڵ میدیا
بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت: وەزارەت بەرپرسیارێتییەکی راستەوخۆی نییە بەرامبەر سایت و پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ژمارەشیان ئەوەندە زۆر و بەرفراوان بووە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە.
وتیشی: لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی رۆشنبیری لەگەڵ سەندیکای رۆژنامەنووسان و ژمارەیەک لایەنی پەیوەندیداری دیکە پرۆژەیەکمان  گەڵاڵەکرد و کردمان بە رێنمایی بۆ رێکخستنەوەی سۆشیاڵ میدیا و بۆ ماوەی چەند مانگێکیش کاری پێکرا، بەڵام دواتر بەهۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و بەبیانووی بەرتەسککردنەوەی ئازادیی رۆژنامەوانی، لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە گوشارێک دروست بوو و کارکردن بە رێنماییەکە وەستا.
شیروان عەبدوڵڵا دەڵێت: ئێستا نە یاسا و نە هیچ رێنماییەک لە هەرێم نییە بۆ رێکخستنی سۆشیاڵ میدیا و بەهیواین لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا یاسایەکی تایبەت بە رێکخستنی دەربچێت و ئێمەش وەک لایەنی جێبەجێکار پابەنددەبین پێیەوە.

وەزارەتی رۆشنبیری بەرپرسیارێتییەکی راستەوخۆی نییە بەرامبەر سایت و پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ژمارەشیان ئەوەندە زۆر و بەرفراوان بووە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە

سزای ناوزڕاندن
پابەندنەبوون بە ئیتیک و بنەماکانی کاری رۆژنامەوانی و سپاردنی ئەرکی گەیاندنی زانیاری بە کەسانێک کە شارەزای بوارەکە نین یاخود ئەزموونی کارکردنیان نییە و یەکسەر مایکیان دراوەتە دەست هۆکارێکی دیکەی شێواندنی کاری رۆژنامەوانییە.
کاروان ئەنوەر سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: گەیاندنی زانیاری بۆ وەرگر کارە سەرەکی و دروستەکەی میدیایە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت شەڕی کۆکردنەوەی زۆرترین بینەر و لایکە ئیتر بە هەر نرخێک بێت.
بەپێی ماددەی نۆیەم لە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەری لە کوردستان، هه‌ر بابه‌تێك په‌یوه‌ندی به‌ نهێنیه‌كانی ژیانی تایبه‌تی تاكه‌وه‌ هه‌بێ، هه‌رچه‌نده‌ راستیش بێت، به‌ڵام بڵاوكردنه‌وه‌ی ببێته‌ هۆی له‌كه‌داربوونی، یاخود جنێودان و توانجی ناڕه‌وا و ناوزڕاندن، رۆژنامه‌نووس و سه‌رنووسه‌ر به‌بڕێك پاره‌ غه‌رامه‌ ده‌كرێن كه‌ بڕەکەی له‌ یه‌ك ملیۆن دینار كه‌متر و له‌ پێنج ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت.
هۆشیاری یاسایی هاووڵاتییان
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت: لە هەرێمی کوردستان زۆرینەی سایتەکان مۆڵەتی رەسمیی کارکردنیان لە سەندیکا هەیە و سەرجەم ئەو سەکۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو چوارچێوەیەدا دەیکەنەوە بەرپرسن بەرامبەری، واتا گرفت لە مۆڵەتەکەیاندا نییە، بەڵکو گرفت لە شێوازی ئیشکردنیاندایە و هەندێکیان دەیانەوێت بە رێگەیەکی دوور لە ئیتیکی رۆژنامەوانی زۆرترین خوێنەر لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە.
وتیشی: بەداخەوە دۆخەکەش بۆیان گونجاوە و ئێستا گەورەترین توێژینەوە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبکەرەوە کەمترین لایک و ڤیوی بۆ دێت، بەڵام بابەتێک کە بە ئاڕاستەی جوڵاندنی هەست و سۆزی وەرگرە یاخود دروستکردنی ترێندێکی بێ بنەمایە، زۆرترین وەرگری هەیە و بازاڕیان گەرمە.
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە پێویستە هاووڵاتییان هۆشیاریی یاساییان هەبێت، بڵاوکردنەوەی هەر بابەت و وێنە و ڤیدیۆیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی نەشیاو یاخود بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن پێی، دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات و بە یاسا مافی خۆی وەربگرێتەوە.
کاروان ئەنوەر وتی: لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە دادگاکانی سلێمانی 12 شارەزای رۆژنامەوانی و دوو پارێزەری هەیە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو سکاڵایانەی تایبەت بە کارە رۆژنامەوانییەکان و لەسەر رۆژنامەنووسان تۆماردەکرێت، ئەگەر ساغ بووەوە رۆژنامەنووسەکە یاخود کەناڵەکە پێشێلکاریی کردووە، ئەوا بەپێی یاسا سزا دەدرێت.
وتیشی: گرفتە گەورەکە ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان یاسایەکمان نییە تایبەت بە رێکخستنی سۆشیاڵ میدیا و پێویستە هەبێت، بەڵام لە هەمانکاتدا بە شێوەیەک بێت ئازادیی رۆژنامەگەریی بەرتەسک نەکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان