ئا: عه‌بدوڵڵا مه‌حموود زه‌نگنه
ئایا بیرت له‌وه كردۆته‌وه چۆن له‌م سه‌رده‌مه‌دا سه‌وداسه‌ری وه‌رگرتنی پاداشتی ده‌ستبه‌جێ بین؟ چۆن مۆبایله‌كه‌ت، ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندیی و كۆمنیوكه‌یشن و بگره كوپێك قاوه‌ی به‌یانیان بۆته هۆكاری به‌خته‌وه‌رییه‌كی كاتی كه زۆر نابات كۆتایی دێت؟ كتێبی «میلله‌تی دۆپامین» له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌تباته گه‌شتێكی بێ وێنه بۆ په‌یبردن به‌وه‌ی چۆن بووینه‌ته دیلی سه‌رده‌می خۆشییه كاتی و خێراكان و چۆنیش ده‌توانین كۆنتڕۆڵی ژیانمان بكه‌ینه‌وه، چونكه ئه‌وجۆره خۆشییانه زۆرینه‌ی كاته‌كانی ته‌مه‌نمانی به‌هه‌ده‌ر داوه و كه‌مترین بواری بۆ به‌خۆداچوونه‌وه و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان هێشتۆته‌وه، به جۆرێك لای خه‌ڵكانێك شه‌و و رۆژ پێكه‌وه گرێدراون، نه له‌كاتی خۆیدا خۆراك ده‌خۆن و ده‌خه‌ون و نه‌ده‌شتوانن بیرێك له‌و دۆخه‌یان بكه‌نه‌وه کە خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌یانی تێدایه، چ جای بیركردنه‌وه له ئاینده‌ی خۆیان و به‌شداربوون له ژیانی كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌مجۆره و به چه‌مكه هایدگه‌رییه‌كه نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێیان ته‌نها بوارێكی گرتۆته‌وه ناتوانێت بوون و خودێتییان بسه‌لمێنێت و هه‌ست به‌وه بكه‌ن مرۆڤن و ئه‌ركی تریان له‌سه‌ره، چونكه هه‌موو ئه‌وجۆره كه‌سانه دیلی ساته‌وه‌ختێكی به ده‌ستهێنانی خۆشین كه ده‌شێت زۆرێك له به‌ها جوانه‌كانیشیانی له‌پێناودا له ده‌ست بده‌ن. ئانا لمبیكی، پزیشكی لێهاتووی ده‌روونناسی چاومان له‌سه‌ر گرینگی و كاریگه‌ریی هۆرمۆنی دۆپامین ده‌كاته‌وه، ئه‌و گه‌ێنه‌ره هه‌سته‌ده‌مارییه‌ی پشكۆی به‌خته‌وه‌ری و حه‌زه‌كان له‌ناخدا ده‌گەشێنێتەوە، به‌ڵام هاوكات لایه‌نێكی تاریكیشمان پیشانده‌دات كه بریتییه له: (زیاده‌ڕه‌ویكردن له سۆراخكردن و عه‌وداڵبوونی به‌خته‌وه‌ری و خۆشییه كاتییه‌كان، كه دواجار ده‌مانگه‌ێنن به بێزاری و دڵه‌ڕاوكێ و چێژ وه‌رنه‌گرتن له شته ساده‌كان). بۆیه (هۆرمۆنی دۆپامین) پاڵه‌وان و شه‌ڕخوازیشه له‌هه‌مانكاتدا، له‌لایه‌ك ئه‌و سووته‌مه‌نیه‌یه واده‌كات هه‌ست به كامه‌رانی بكه‌ین، كاتێك ئامانجێكمان به‌دیده‌هێنین، به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه واده‌كات مێشكمان عه‌وداڵی خۆشی و كامه‌رانیی زیاتر و ده‌بێ خۆشییه‌كانی دواتر یه‌ك له‌ویتریان خۆشتر بێت بۆ ئه‌وه‌ی دۆپامینی زیاتریش ده‌ربدرێت و مێشك رازی بكه‌ین، به‌وجۆره ده‌كه‌وینه بازنه‌یه‌كی به‌تاڵه‌وه له خواست و ئاره‌زووی به‌رده‌وام.
سه‌رده‌می زۆریی و به‌رده‌ستی
كاتێك له جیهانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا، خۆشییه‌كان به په‌نجه‌نان به دوگمه‌یه‌كدا به‌رده‌ست بن، هه‌موو شتێكیش زۆر و به‌رده‌سته، بازاڕكردن له رێی ئینته‌رنێته‌وه، خۆشگوزه‌رانیی به‌رده‌وام به‌هۆی زۆریی شوێنه گشتییه‌كانه‌وه، سۆسیال میدیا و ئینته‌رنێتی دیجیتاڵی، هه‌موو ئه‌و ئاسانكارییانه بوونه‌ته هۆی بێتواناییمان له ئارامگرتن له‌كاتی تووشبوونماندا به بێزاری و وه‌ڕسبوون، بۆیه هه‌میشه له سۆراخی ده‌ستبه‌جێی هاندانداین، له رێی قسه‌ی خه‌ڵكه‌وه بێت یان ریكلامه جۆراوجۆره‌كانه‌وه. ئانا لیمبیكی بۆمان روونده‌كاته‌وه چۆن ژیانمان بۆته پێشبڕكێیه‌كی گه‌رم به‌ره‌و چێژ و خۆشی، كه كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ته‌ندرووستی ده‌روونی و جه‌سته‌ییمان ده‌بێت.
ده‌بێ باجه‌كه‌ی بده‌ین
لایه‌نه تاریكه‌كه‌ی پاداشته ده‌ستبه‌جێییه‌كانی خۆشی وه‌رگرتنی کاتی، ئه‌وه‌یه كه‌وتووینه‌ته باری خووگرتنه‌وه به ره‌فتاره‌كانی رۆژانه‌مان له ته‌ماشاكردنی زنجیره دراماكان و بازاڕكردنی زیاد له پێویست، به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه هه‌موویان ده‌بنه هۆكاری ده‌ردانی بڕێكی زۆر دۆپامین، گه‌رچی دواجار تووشی دڵه‌ڕاوكێ و ده‌ستبه‌تاڵی و هه‌ندێجاریش خه‌مۆكمان ده‌كات. كه‌واته پێویسته ئه‌و كۆته بشكێنین و بۆ ئه‌و ئامانجه لیمبیكی هه‌ندێك چاره‌سه‌رمان بۆ پێشنیار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگی بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ عه‌قڵ و هۆشیاری و مێشك و دڵ و ده‌روون و بیركردنه‌وه‌مان، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەین.
یه‌كه‌م: كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ردانی زۆری دۆپامین، به دووركه‌وتنه‌وه له‌و چالاكییانه‌ی خۆشی و به‌خته‌وه‌ریی كاتییمان پێدەدەن، وه‌ك زۆر به‌كارهێنانی مۆبایل و ته‌ماشاكردنی دیمه‌نه كۆمێدییه‌كان، خواردنی ئه‌و خۆراكانه‌ی زۆر حه‌زمان لێیانه، كەمكردنه‌وه‌ی هه‌ر گوفتار و كردارێك ببێته هۆكاری ده‌ردانی به‌رده‌وامی دۆپامین.
دووهه‌م: دووباره رێكخستنه‌وه‌ی مێشك، له رێی ئه‌نجامدانی چالاكیی ئاسانی وه‌ك تیڕامان و به پێی رۆیشتن به شوێنه سرووشتییه‌كاندا، به تایبه‌تی له دارستاندا، ئەگەریش ئەوە نەبوو، له باخچه و له‌نزیك چیا و ئاوه‌وه ئەو کارە بکەین. دیاریكردنی كاری له پێشینه، فۆكه‌س خستنه‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه گرینگه‌كان، وه‌ك په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به گشتی، چالاكیی رۆشنبیریی و مه‌عریفییه‌كانی وه‌ك خوێندنه‌وه، كه ده‌توانین له رێی خوێندنه‌وه و رۆشنبیرییه‌وه نه‌خشه بۆ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، سیاسی و پێویستییه‌كانمان و چۆنێتیی به‌كارهێنانی هه‌رشتێك دابنێین له كات و شوێنی خۆیدا. به‌خته‌وه‌ریی راسته‌قینه له خۆشی و چێژبینینی كاتییدا نییه، به‌ڵكو له كاركردندایه بۆ بونیادنانی ژیانێك کە مانا و ئامانجی تری تێدابێت، وه‌ك هه‌رجۆره هاوكاری و خزمه‌تكردنێك به خێزان و خه‌ڵكانێك پێی به‌خته‌وه‌ربن و ژیانیان بگۆڕێت. هه‌روه‌ك دووركه‌وتنه‌وه‌یش له‌و ره‌فتارانه‌ی وزه و توانا عه‌قڵییه‌كانمان ده‌كه‌ن به سووته‌مه‌نی، زۆر گرنگه. ده‌بێ بگه‌ین به قۆناغێك جوانی له شته بچووك و ساده‌كاندا ببینینه‌وه. له خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكه‌وه تا ده‌گات به دانیشتنێک به‌خۆشی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزان نه‌ك به په‌له‌پرووزكێ به‌هۆی گه‌مه ئه‌لیكترۆنییه‌كانه‌وه بێت یان ته‌ماشاكردنی درامایه‌ک، كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا هه‌ندێكیان له سه‌دان ئه‌ڵقه تێپه‌ڕیون و هێنده‌یان رووداوی لاوه‌كیی تێكه‌ڵكێش كراوه، هه‌ست و هۆشی بینه‌ریان بردووه و ته‌نانه‌ت ناتوانێت شه‌وێك له ماڵه‌كه‌ی دوور بكه‌وێته‌وه نه‌بادا ئه‌ڵقه‌یه‌كی له‌ده‌ست بچێت، یاخود لانیكه‌می دانیشتنێكی ته‌نیا ببێته هۆكاری به‌خۆداچوونه‌وه و بیركردنه‌وه، یان دانیشتنێك بۆ چه‌ند ساتێك بێده‌نگی كه سوودی زۆری ده‌بێت.
كۆتا په‌یامیش ئه‌وه‌یه: ئه‌م كتێبه ته‌نها شیكاری دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه، به‌ڵكو بانگه‌وازێكه بۆ گۆڕانكاری، ئه‌گه‌رچی گۆڕانكاری ئه‌ركێكی ئاسان نییه، چونكه دوژمن و به‌ربه‌ستی زۆری له‌به‌رده‌مدایه، به‌ڵام ده‌كرێت به خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن له مه‌عریفه‌كانی كتێبێكی له‌مجۆره زه‌مینه‌سازیی بۆ بكه‌ین، چونكه ئه‌م نووسه‌ره ئه‌وه‌مان ده‌هێنێته‌وه یاد كه خۆشییه كاتی و خێراکان چاره‌سه‌ر نین، چونكه به‌خته‌وه‌ریی له هاوسه‌نگی عه‌قڵی و جه‌سته‌یی و ده‌روونی و ئارام گرتن و گه‌ڕاندایه به شوێن مانای راسته‌قینه‌ی شته‌كاندا. بۆیه ئه‌گه‌ر من و تۆ گیرۆده‌ی گه‌ڕان بین به دوای به‌خته‌وه‌رییه كاتییه‌كاندا، كه چه‌ند ساتێكی كه‌من، ئه‌م كتێبه قیبله‌نوومایه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌مان به‌ره‌و ژیانێكی هاوسه‌نگتر، ده‌بێ (دۆپامینخوازه‌كان) بزانن، گرنگترین كار مرۆڤ بیكات، به‌ده‌ستهێنانی كامه‌رانی و خۆشییه كاتییه‌كان نییه، به‌ڵكو دروستكردنی به‌خته‌وه‌ریی درێژخایه‌نه له‌ژیانی خۆیان و خه‌ڵكییشدا.
سه‌رچاوه: سایتی (مجلات علمیة وملتقیات)