سکچوون و رشانەوە، لەنێو منداڵاندا زیادیکردووە

10:57 - 2025-07-30
ڕاپۆرت
37 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رزگار شوانی

سکچوون بریتییە لە زیادبوونى ژمارەى پیسایکردنى کۆرپە یان منداڵ لەگەڵ گۆڕانى پێکهاتەى پیساییەکەى لە پێکهاتەیەکى نیمچەشل بۆ پێکهاتەیەکى شل.  
د. بورهان عومەر رەشید پزیشکی شارەزا لە نەخۆشییە گواستراوەکان بە لاپەڕەی تەندروستی راگەیاند: منداڵ لە کاتی سکچووندا زۆربەی کات دووچارى رشانەوەش دەبێت کە ئەمە حاڵەتەکە ناخۆشتر دەکات، لەبەرئەوەى سکچوونەکە زیاتر دەبێت و مەترسى وشکبوونەوەی لەشی زیاتر دەکات و دەرەنجامیش پێویستە منداڵەکە ببرێتە نەخۆشخانە و لە رێگەى ژیناو (مغذي) چارەسەربکرێت. سکچوون و رشانەوە لە کۆرپە و منداڵى کەم تەمەندا مەترسیدارترە وەک لە منداڵێکی گەورەتر لەبەرئەوە خێراتر شلەى لەش و کانزاکان (خوێیەکان) لە لەشیان کەمدەکات، لەکاتێکدا قەبارەى لەشیان بچووکە و بەمەش چانسى وشکبوونەوە زیاتر دەبێت بەشێوەیەکى توندتر و مەترسیدارتر.

هۆکارەکانی سکچوون لە منداڵاندا
1 - هەوکردنی ڤایرۆسی وەک،  Rotavirus، Atadenovirus، Calicivirus، Entroviru، Influenzas، هەموو ئەم ڤایرۆسانە دەتوانن ببنە هۆی سکچوون و رشانەوە و ئازاری سک، تا و لەرز.
2 - هەوکردنی بەکتریایی وەک،  Salmonella، Staphylococcu،  Campylobactera، E.coli، دەکرێت ئەم بەکتریایانە ببنە هۆی سکچوون.
3 - مشەخۆرەکان وەکGiardiasis  کە لە ریخۆڵەدا دروست دەبێت. 
4 - دەرمانی دژە بەکتریا (دژە زیندەوەر)، کە دەبێتەهۆی کوشتنی بەکتریای سوودبەخش و بەکتریای زیانبەخش لە ریخۆڵەدا.
5 - ژەهراوی بوون بەهۆی خواردنەوە.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە وتیشی: ئەگەر منداڵەکە سەرەڕای وەرگرتنى ئەم شلەمەنییانە مەترسی وشکبوونەوەى هەر لەسەر مابێت، ئەوا دایک و باوکەکە، پێویستە بە زووترین کات منداڵەکەیان بیگەیەننە نەخۆشخانە، چونکە دوور نییە لە ماوەى 1-3 سەعات ئەگەر سکچوونى توند و رشانەوەی هەبێت ئەوا ژیانى منداڵەکە دەکەوێتە مەترسییەوە بەهۆى ئەگەری وشکبوونەوە، هەربۆیە پێویستە منداڵەکە ببرێت بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری پێویست وەربگرێت.
د.ئامانج دەشڵێت: کاتێک منداڵەکەت تووشی سکچوون دەبێت بەهیچ شێوەیەک هیچ دەرمانێکی پێ مەدە، تاکو پزیشکی پسپۆڕ دەیبینێت و دەیپشکنێت، ئەگەر منداڵەکەت تەمەنی لە 3 مانگ کەمترە و تووشی سکچوون بووە ئەوا بە زووترین کات سەردانی پزیشکی منداڵانی پێبکە، ئەگەر گەورەشە ئەوا دوای تێپەڕبوونی 24 سەعات باشتر نەبوو ئەوا سەردانی پزیشک بکە و پشتگوێی مەخە.

نیشانەکانی سکچوون و رشانەوە
- بوونی نیشانەکانی وشکبوونەوە. 
- لە منداڵانی خوار یەک ساڵ نەرمایی مەڵاشوویی منداڵەکە چاڵ دەبێت.
- دەمی وشکبووەتەوە.
- نەگەڕانەوەی پێستی سک بۆ شوێنی خۆی بە خێرایی، کاتێک بە دوو پەنجە بەشێکی پێستی سک بەرزدەکەینەوە .
- بەقووڵداچوونی چاوەکان.
- کەمبوونەوە یان نەمانی فرمێسک لەکاتی گریان.
- زۆر تینووبوون و داواکردنی ئاو بە بەردەوامی.
-  نەمانی توانای خواردن و خواردنەوە.
-  میز نەکردن بۆ ماوەی 6 سەعات، یاخود زیاتر.
- بێتاقەتییەکی زۆر و بوونی تا.
- بوونی خوێن لەناو پیساییەکەیدا، یاخود رەنگی پیساییەکی رەش بێت.
- ئەگەر منداڵەکەت تەمەنی لە 6 مانگ کەمترە و تای 38 پلە زیاتر بێت و یانیش منداڵەکەت لە 6 مانگ گەورەترە و تایەکەی 39 پلە زیاتربێت.

بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە سکچوون و رشانەوە باشترە ئەم هەنگاوانە پەیڕەوبکەیت:
1 -  هەموو ئاوێکی خواردنەوە بکوڵێنە، ساردی بکەرەوە، دواتر بیخۆرەوە.
2 - خواردن لەناو بەفرگردا هەڵبگرە، و لە یەکجار زیاتر گەرم نەکرێتەوە.
3 - سەوزە و میوە پێش خواردنی جوان بشۆرەوە و بەدانانی بۆ ماوەیەك لەناو خوێ یان سركە یانیش گیراوەی تایبەت تا بە جوانی پاکبێتەوە.
4 - پێویستە هەموو خواردنەكان داپۆشراوبن.
5 -  زوو زوو دەستی منداڵەکەت بشۆ بەتایبەت دوای تەوالێت کردن .
6 - دەبێت منداڵ فێر بکرێت دەستی بشوات پێش و پاش نان خواردن.
7 -  پاک و خاوێنی تەوالێت و حەمام زۆر گرنگە.
8 - بەکارنەهێنانی خاولی و پەرداخ و کەوچکی یەکتر.
9 - دوورکەوتنەوە لە خواردنی دەرەوە بەتایبەت ئەوانەی سەر عەرەبانەکان.
10 - باش کوڵاندنی گۆشت و خواردنەکان.
چارەسەری سکچوون و رشانەوە
 سکچوون خودى خۆى نەخۆشییەکى زۆر مەترسیدار نییە و لە زۆربەى حاڵەتەکاندا دەتوانرێت لە ماڵەوە لەلایەن دایکەکەوە چارەسەر بکرێن ئەویش لە رێگەى پێدانى شلەمەنى زیاتر، بۆ ئەوەی رێگری لە وشکبوونەوە بکات، بەشێوەیەکى گشتى ئەو شلەمەنیانەی کە سوودبەخش و گونجاون لەکاتى سکچوونى کۆرپە و منداڵدا ئەمانەن:
11 - شیری دایک (بەهیچ جۆرێک نابێت شیرى دایک لەکاتى سکچووندا رابگێرێت).
12 - گیراوەى دێکسترۆلایت (تۆزی موغەززى)، ئەم گیراوەیە پێویستە بەشێوەیەکی لەسەرخۆ بدرێت بە منداڵەکە، بە پیاڵە و کەوچک، تاکو منداڵەکە نەڕشێتەوە، ئەگەر منداڵەکە رشایەوە، ئەوا پێویستە بۆ ماوەى 10 خولەک چاوەڕێ بکەیت و پاشان جارێکی تر دەست بە پێدانی گیراوەکە بکەیتەوە.
13 - ئاو و گوشراوی میوە (شەربەتی میوە).
14 - ئاوی پاک.
15 - ماستاو.
16 - شۆربا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان