رەوەز ئیسماعیل
بڕیار وایە مانگی سێپتێمبەری ئایندە، هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق لە بەغدا بكرێت، بەڵام لەوە دەچێت وادەكە دوا بخرێت بۆ مانگی ئۆكتۆبەری داهاتوو، عەقیل موفتەن سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی عیراق لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ عەدنان درجال، ئەمەی بەباش زانیوە، بۆ ئەوەی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق بە هەڵبژاردەی عیراقەوە خەریك بێت نەك هەڵبژاردنەكانەوە، چونكە مانگی ئۆكتۆبەری ئایندە هەڵبژاردەی عیراق بەشداریی یارییەكانی پاشكۆی پاڵاوتنی ئاسیا دەكات بۆ گەیشتن بە مۆندیالی ئایندە.
دەستەی بەڕێوەبەریی ئێستای یەكێتییەكە، عەدنان درجال سەرۆكایەتی دەكات و عەلی جەبار جێگری یەكەم و یونس مەحمود جێگری دووەمە، ئەمانەش ئەندامانی یەكێتییەكەن(كۆڤەند عەبدولخالق، رەحیم لەفتە، ئەحمەد موسەوی، فیراس بەحرئەلعلوم، محەمەد ناسر، غالب ئەلزاملی، یەحیا زغەیر، غانم عرێبی، خەڵەف جەلال، رەشا تاڵیب).
ئەم دەستەی بەڕێوەبەرییەی یەكێتییەكە، زۆر دەمێكە بووەتە مایەی رەخنەی توندی شەقامی وەرزشی عیراق بەگشتی و تۆپی پێی عیراق بەتایبەتی، ئەمەش زۆر بەئاشكرا دەركەوت كاتێك هەڵبژاردەی عیراق لە قۆناغی گروپەكانی پاڵاوتنی ئاسیادا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، سێیەمی گروپی دووەم بوو، پاش كۆریای باشوور و ئوردون، بەدیارییكراویش كاتێك عیراق سێ یاریی یەك لەسەر یەك 1-2 بە فەلەستین، 0-2 بە كۆریای باشوور و 0-1 بە ئوردون دۆڕا و نەیتوانی یەكێك لە پلەكانی یەكەم یان دووەمی گروپەكەی بگرێت و راستەوخۆ بۆ مۆندیال سەربكەوێت.
بەهۆی ئەم دۆڕاندنانەوە، یەكێتیی تۆپی پێی عیراق رووبەڕووی رەخنە و سەرزەنشتی زۆر بووەوە، خیسۆس كاساسی راهێنەر لە پۆستكەی لابراو گراهام ئارنۆڵد هێنرایە جێگای، ئەگەرچی دووم و سێیەم دۆڕاندنی عیراق لەسەر دەستی ئارنۆڵدی راهێنەری نوێ بوو.
ئێستا باری گلاوی تۆپی پێی عیراق و سەرنەكەوتنی هەڵبژاردەكە بۆ مۆندیال و بەشداریی كردنی لە پاشكۆی پاڵاوتنەكاندا كە كەوتۆتە گروپی دووەمەوە لەگەڵ سعودیە و ئەندەنوسیا، شان بەشانی ئەمەش هەڵبژاردنی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق، باس و رووداوە گەرمەكانی شەقامی تۆپی پێی عیراقە، هەموولایەك چاوەڕوانیان دەكەن، یەكێتیی تۆپی پێی عیراق دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی دەستەی نوێ، هەڵبژاردەكە بگاتە مۆندیال، ئەگەر نەگات ئەوسا ئەم یەكێتییەی ئێستا دەبێت خۆیان دەست لەكاربكێشنەوە.
عەدنان درجال سوورە لەسەر ئەوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك هەڵبژێرێتەوە ئەگەر هەڵبژاردەكەش نەگاتە مۆندیال، دەنگۆی ئەوەش لە ئارادایە حسێن سەعیدی یاریزانی دێرنی تۆپی پێی عیراق و سەرۆكی پێشووتری یەكێتییەكە، خۆی هەڵدەبژێرێتەوە، یونس مەحمودیش كە جێگری دووەمی سەرۆكی ئێستایە، بەرەسمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك هەڵبژاردووە، باسی ئەوەش دەکرێت.عەبدوڵڵا مەجیدی سەرۆكی پێشووی یانەی هەولێریش خۆی بۆ پۆستی جێگری دووەم پاڵاوتووە.
ئێستا گۆڕەپانی تۆپی پێی عیراق گەرمە و جمەی دێت لە رووداو و كار و كاردانەوەی زۆر، هەموو هاندەرانی تۆپی پێی عیراق چاوەڕوانن بزانن ئایا هەڵبژاردەی عیراق دەگاتە مۆندیال یان نا، ئەمەش خۆی بۆخۆی كاردانەوە و كاریگەیی گەورە لەسەر هەڵبژاردنەكانی یەكێتیی تۆپی پێی عیراق دروستدەكات، بابزانین رووداوەکانی تۆپی پێی عیراق چۆن دەبن و ئەنجامەكانیشیان چی دەبن.