شەوی یەكشەممەی رابردوو، 27/7 لە یاریگای سانت جاكوپ پارك لە شاری بازلی سویسرا یاریی كۆتایی یۆرۆی خانمان كرا.
لە یاریی كۆتایی ئەم یۆرۆیەدا، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا جامی پاڵەوانی بەرزكردەوە و توانی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بباتەوە.
ئەمە دووەم یۆرۆی یەك لەسەر یەكە دەبنە پاڵەوان، یاریی كۆتاییش لە هەردوو كاتی یاسایی و زیاد كراودا، 1-1 ی یەكسان بوون، بەڵام بە پەناڵتی یەكلا كەرەوە ئینگلیز توانیان 3-1 یارییەكە كۆتایی پێبهێنن و بەمەش بوون بە پاڵەوانی ئەمساڵ.
لە یارییەكە بەگشتی خانمانی ئیسپانیا باشتر بوون، زیاتر كۆنترۆڵی یاریی و كاتەكانی یاسایی و زیاد كراویشیان کردبوو، لە هەردوو كاتی زیادكرودا زۆر هەوڵیاندا ئەنجامی یارییەكە بۆ خۆیان یەكلایی بكەنەوە، هەلی گۆڵكردنی زۆریشیان لەدەستدا، بەتایبەتی دوو هەلی پارایۆڵۆ و بۆنۆماتی كە دەبوو یەكێكیان گۆڵبوایە.
بەڵام ئینگلیز توانیان بەرگرییەكی باش بكەن و یاریی بگەیەننە لێدانی پێنج پەناڵتی كە دەیانزانی بەم رێگایە یارییەكە دەبەنەوە، ئەوەبوو لەكۆی پێنج پەناڵتی كەلە یارییەكەدا لێدرا، ئینگلیزەكان سێ گۆڵیان كرد، دوانیش لە لایەن كاتاكوڵی كۆڵپارێزی ئیسپانییەوە رەتكرانەوە، بەڵام ئیسپانییەكان تەنیا یەك گۆڵیان كرد ئەویش پاتری كردی، كالدینتی و بۆنۆماتی و پارایۆڵۆ یەك لەسەر یەك نەیانتوانی گۆڵ بكەن و بەوەش ئینگلتەرا 3-1 یارییەكەیان بردەوە.
رۆژی چوارشەممە 2/7/2025، كاروانی یارییەكانی ئەم یۆرۆیە كەوتەڕێ، 16 هەڵبژاردە بەشداریی ئەم یۆرۆیە بوون، بەسەر
4 گروپدا دابەشكرابوون:
*گروپی یەكەم: ئایسلەندا، فنلەندا، سویسرا، نەرویج.
*گروپی دووەم: بەلجیكا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، پورتوگال.
*گروپی سێیەم:دانیمارك، سوید، ئەڵمانیا، پۆڵەندا.
*گروپی چوارەم: وێڵز، هۆڵەندا، فەرەنسا، ئینگلتەرا.
لە رۆژی دەستپێكەوە تا رۆژی یەكشەممە 13/7، سەرجەم یارییەكانی قۆناغی گروپەكان كران، ئەو هەشت هەڵبژاردەیەی كە یەكەم و دووەمی گروپەكانیان بوون بۆ قۆناغی دووەمی یارییەكان سەركەوتن كە ئەم هەڵبژاردانە بوون:
*گروپی یەكەم: نەرویج - 9 خاڵ ، سویسرا - 4 خاڵ.
*گروپی دووەم: ئیسپانیا – 9 خاڵ ، ئیتاڵیا – 4 خاڵ،
*گروپی سێیەم: سوید – 6 خاڵ، ئەڵمانیا – 6 خاڵ.
*گروپی چوارەم:فەرەنسا- 9 خاڵ،ئینگلتەرا–6 خاڵ.
رۆژی چوارشەممە 16/7، تا رۆژی شەممە 19/7، یارییەكانی قۆناغی 8 هەڵبژاردەش كران و تەواوی ئەنجامی ئەم یارییانەش بەمشێوەیە بوون:
*نەرویج 1 × 2 ئیتاڵیا.
*سوید 2 (2) × (3) 2 ئینگلتەرا.
*ئیسپانیا 2 × 0 سویسرا.
*فەرەنسا 1 (5) × (6) 1 ئەڵمانیا.
رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە 22 و 23/7، هەردوو یارییەكەی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینیش كران بەمشێوەیە:
ئینگلتەرا 2 × 1 ئیتاڵیا.
ئیسپانیا 2 × 0 ئەڵمانیا.
بەم دوو ئەنجامە، هەردوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و ئیسپانیا بۆ یاریی كۆتایی سەرکەوتن و ئیتاڵیا و ئەڵمانیاش ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتییەكە كرد.