ئا/ جینۆسایدنامە
لە یادەوەری تاوانەکەدا گرنگە مکوڕبین لەسەر ئەوەی، پێویستە حکومەتی فیدراڵ پابەند بکرێت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراق لەسەر تەواوی دۆسییەی تاوانەکانی جینۆساید
جینۆسایدی بارزانییەکان، تاوانێکی دیکەیە لە زنجیرە تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد، ئەمساڵ 42 ساڵ بەسەر تاوانەکەدا تێپەڕی.
ئەنفالی بارزانییەکان رۆژی 31/7/1983 لەلایەن رژێمی بەعسەوە کرا و نزیکەی 8000 کەس لە رەگەزی نێر (پیر و گەنج) بێسەر و شوێن و کۆمەڵکوژ کران، تەنیا لەبەر ناسنامەی کورد بوونیان.
تاوانی جینۆسایدی بارزانییەکان، وەک هەر یەکێک لە تاوانەکانی دیکەی (جینۆسایدی ئەنفال، جینۆسایدی هەڵەبجە و جینۆسایدی فەیلییەکان)، لە دوای رووخانی رژێمی بەعس ساڵی 2003 لە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق دۆسییەی بۆ کرایەوە، پاش چەندین دانیشتنی ئاشکرا و بەپێی تەواوی بەڵگە و شایەتحاڵەکان و یاساکانی تایبەت بە جینۆساید، وەک تاوانی جینۆساید ناسێنراو دانی پێدانرا.
سەرباری ئەوەی دۆسییەی تاوانەکە لە دژی بارزانییەکان وەک تاوانی جینۆساید ناسێنراوە، بەڵام جێگەی داخ و نیگەرانییە، تائێستا وەک دۆسییەی تەواوی تاوانەکانی دیکە، لەلایەن حکومەتی ئێستای عیراقەوە پشتگوێ خراوە، بۆ نموونە کەسوکاری قوربانییەکان قەرەبوو نەکراونەتەوە، تەواوی رووفاتی قوربانییەکان نەهێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، هەروەها بەڵگەنامە و مێژووی تاوانەکە و چیرۆک و گێڕانەوەکان لەسەر تاوانەکە وەک پێویست دۆکیومێنت نەکراون.
لە یادەوەری تاوانەکەدا گرنگە وەک یەک پاکێج مکوڕبین لەسەرئەوەی پێویستە حکومەتی فیدراڵ پابەند بکرێت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراق، لەسەر تەواوی دۆسییەی تاوانەکانی جینۆساید و چوار لە گرنگترین داواکارییەکانی کەسوکاری قوربانییەکان جێبەجێ بکات کە ئەوانیش:
یەکەم: داوای لێبوردن لە کەسوکاری قوربانییەکان و گەلی کوردستان بکات.
دووەم: قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییەکان.
سێیەم: هێنانەوەی رووفاتی قوربانییەکان بۆ زێدی خۆیان.
چوارەم: دادگاییکردنی تەواوی تۆمەتبار و داواکراوەکانی دۆسیەی ئەو تاوانانەی بەرامبەر گەلی کورد کراون.
ئەمانە سەرەتــــــــــــــاییترین داخوازییەکانی کەسوکاری قوربانییانی تاوانەکانی جینۆسایدکردنی گەلی کورد و کوردستانن و تا جێبەجێ نەکرێن، مومکین نییە کاریگەرییەکانی تاوانەکان بەرەو رەوینەوە بڕوات.